کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هانۆڤەر ولایپزیگ و یۆنیۆن بەرلین گەیشتنە قۆناغی چارەكی كۆتایی جامی ئەڵمانیا

.

12:10 PM - 20/01/2022

لە یاریەكانی قۆناغی 16ی جامی ئەڵمانیا یانەی هانۆڤەر  میوانداری بوروسیا مونشنگڵادباخی كرد، دوای 4 دەقیقە یاریكردن ماكسیملیان پییر دەرگای گۆڵ تۆماركردنی كردەوە و گۆڵی یەكەم و پێشكەوتنی هانۆڤەری تۆمار كرد، لەدەقیقەی 36 ناو ناوبژیوان دوای گەرانەوە بۆ ڤار لێدانێكی پەناڵتی بۆ هانۆڤەر ئەژمار كرد و سیباستیان كیرك توانی گۆڵی دووەمی پێ تۆمار بكات و گێمی یەكەم بەو دوو گۆڵە تەواو بوو، لە گێمی دووەم و لەدەقیقەی 51 و لەهێرشێكی هەڵگەراوەی خێرا كە لینتۆن ماینا سەركردایەتی كرد  ماسیملیانۆ پییر گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەكەی تۆمار كرد و هانۆڤەر بەو 3 گۆڵە سشكستی بەگڵادباخ هێنا و گەیشتە قۆناغی چارەكی كۆتایی جامەكە.
 لە یاریەكی تری قۆناغی 16 دا لایپزیگ لەیاریگای خۆی پێشوازی لە هانزا رۆستۆك كرد، لایپزیگ زۆر بواری بەیانەی میوان نەدا و یوسف بۆڵسن بەلێدانی سەر و لەدەقیقەی 6 گۆڵی یەكەم و پێشكەوتنی یانەكەی تۆمار كرد، لەدەقیقەی 39 ستونی گۆڵەكە رێگری لە كریستۆڤەر نكۆنكۆ كرد گۆڵی دووەم تۆمار بكات و گێمی یەكەم بەپێشكەوتنی لایپزیگ بەگۆڵێك تەواو بوو، لەگێمی دووەم و لەدەقیقەی 82 لایپزیگ لەهێرشێكی هەڵگەراوە و لەرێگەی دانی ئۆلمۆ توانی گۆڵی دووەم تۆمار بكات و یاریەكە بەو دوو گۆڵە بەسودی خۆی كۆتایی پێ بهێنێت و بلیتی گەیشتنە قۆناغی چارەكی كۆتایی بەدەستبهێنێت ...
 لەیاری دێربی شاری بەرلین هەردوو یانەی هێرتابەرلین و یۆنیۆن بەرلین لەیاریگای ئۆڵمپی بەیەك گەیشتن، لەدەقیقەی 11 و بەشێوازێكی جوان ئەندریاس فۆڵگسامەر  بەربەستی یەكسان بونی شكاند و گۆڵی یەكەم و پێشكەوتنی یۆنیۆن بەرلینی تۆمار كرد و ئەو گۆڵە بووە ناونیشانی كۆتایی گێمی یەكەم، لەگێمی دووەم و لەدەقیقەی 50 نیكۆلاس ستاركی یاریزانی هێرتا بەهەڵە گۆڵێكی لەخۆیان كرد و یۆنیۆن بەرلینی كردە خاوەن گۆڵی دووەم، لەبەرامبەردا و لەدەقیقەی 54 بەهەڵەی نەبیل ئەلزاهیری یاریزانی یۆنیۆن بەرلین یانەی هێرتابەرلین گۆڵێكی تۆمار كرد، بەڵام خۆشی ئەو گۆڵە زۆری نەخایاند و لەدوای یەك دەقیقە رۆبن كنوخ گۆڵی سێیەمی یۆنیۆن بەرلینی تۆمار كرد، هەرچەندە لەساتەكانی كۆتایی یاریەكە هێرتابەرلین گۆڵی دووەمی لەرێگەی سوات سیردار تۆمار كرد، بەڵام یاریەكە بەبردنەوەی یۆنیۆن بەرلین بە3 گۆڵ بەرامبەر بە 2 گۆڵ كۆتایی هات و ئەو یانەیە خۆی گەیاندە قۆناغی چارەكی كۆتایی جامی ئەڵمانیا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە