کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەتڵەبی: ڕێككەوتنی سەدر و سوننە و پارتی مەترسییەكی گەورەیە

.

07:40 PM - 17/01/2022

سەعد مەتڵەبی سەركردە لە دەوڵەتی یاسا كورد و سوننەی بە تێكدانی ناوماڵی شیعە تۆمەتبار كرد و سەبارەت بەبەڕێوەچوونی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران راگەیاند: كورد و عەرەبی سوننە هەنگاویان ناوە بە ئاراستەی دابەشكردنی  ناو ماڵی شیعە، بەدووریشی نەزانی لەداهاتوو وەك شیعە هەمان ڕێكار بەرامبەر بەو دوو پێكهاتەیەی عیراق بگرنەبەر.
بەوتەی مەتڵەبی، ئەگەر حكومەتی عێراق بێ مالیكی پێكبهێنرێت، لایەنەكان بەرپرسیاردەبن لەشكستهێنانی ئەو حكومەتە و تەئكیدی لەوەشكردەوە: لە كۆتاییدا لایەنە سیاسییەكان دەگەنە چارەسەر بۆ گەیشتنە ڕایەكی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی حكومەتی عێراق.
سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا باسی لەوەشكردووە: ناكۆكی نێوان لایەنە شیعەكان مەترسی لەسەر دۆخی عێراق دروستكردووە و ڕەنگە دۆخەكە بەرەو پێكدادانی چەكداری بچێت ئەگەر هەمووان پێكەوە نەگەنە چارەسەر.
هاوكات سەعد مەتڵەبی ڕێككەوتنی نێوان ڕەوتی سەدر و عەرەبی سوننە و پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەترسی گەورە دادەنێت و دەڵێت: ئەو ڕێككەوتنە مەترسی گەورەی بۆ داهاتوو بەدواوەیە، كورد و عەرەبی سونە بە ئاراستەی دابەشكردنی ماڵی شیعە هەنگاویان نا، بێگومان ئەمە لێكەوتەی بۆ داهاتوو دەبێت، ڕەنگە شیعەش هەمان هەنگاو بنێت بەرامبەر كورد و سونە، ئەمەی ڕوویدا سیاسەتی تەوافقی نیە كە عێراقی لەسەر بونیاتنراوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە