کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەشێكی زۆری دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان داخران

.

05:47 PM - 17/01/2022

بەهۆی بەفربارینەوە بەشێكی زۆری دەروازە سنورییەكان‌ و مەرزەكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و هاتووچۆی گەشتیاراندا داخران، بەڵام جموجۆڵی بازرگانی‌و گەشتیاری لە دەروازەكانی پەروێزخان‌و ئیبراهیم خەلیل بەردەوامە.
عەبدوڵا غەریب پەیامنێری گەلی كوردستان لە پێنجوێن رایگەیاند: لەسنووری پێنجوێن 60 سانتیمەتر بۆ یەك مەتر بەفر باریووە، بەوهۆیەشەوە ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە‌و لە دوێنێ شەوەوە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ‌و دەروازەی سەیرانبەن بەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و هاتووچۆی گەشتیاراندا داخراون.
مەرزی تەوێڵەش لەسنووری پارێزگای هەڵەبجە لە دوێنێ‌ شەوەوە داخراوە، هەروەها بەهۆی بارینی زیاتر لە یەك مەتر بەفر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، ماوەی دوو ڕۆژە مەرزی كێلێ‌ داخراوە.
دوێنێش دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە‌و ئاماژەی بەوەكرد: بەهۆی زۆری بەفربارینەوە دەروازەكە داخراوە‌و داواشی لە هاوڵاتیان كرد بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت سەردانیان نەكەن.
هاوكات عەباس ئیسماعیل بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بەگەلی كوردستانی راگەیاند: ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی پەروێزخانەوە ئاساییەوە‌و هیچ ئاستەنگێكی بۆ دروست نەبووە، چونكە بەفر لەو ناوچانە نەباریووە.
سەرچاوەیەكیش بەگەلی كوردستانی راگەیاند: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل تاوەكو ئێستا بەردەوامە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە