کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

شەوی پێشمەرگە

.

09:42 AM - 17/01/2022

کاتی خۆی، کە پێشمەرگە لە شاخ بووە، هەر شەوێکی وەک ئەمشەو، کە بەفـر و کـڕێوە و سەرمای سەخت بووبێ، خەڵکی شـار پەردەی پەنجەرەکەی لاداوەو وتوویەتی:
"ئەمشەو شەوی پێشمەرگەیە!"
"ڕۆمـان"یش بەرهەمی شارە. جا ئەو وتە شارییە ئاماژە نییە بۆ کۆڵەواریی خەڵکی شار. بەڵکوو زیاتر دەربڕینێکی ئەدەبی بووەو جۆرێک بووە لە ستایشی ئازایەتیی پێشمەرگە.
وەگەرنا شـار، شادەماری دڵی جوامێریی‌و بیری شۆڕش بووە، لە هەرە بیرمەند و سەرکردەکانی کوردایەتی، شاریی بوون. زۆرێک لە پاڵەوانەکانی خۆڕاگریی زیندان و شەهیدانی بەر پەتی سێدارە شاریی بوون.
لە مێژوودا ڕۆژی ( ٦ / ٩ / ١٩٣٠ ) لە ئەدەبیاتی شار و شۆڕشدا بە (ڕۆژی شەشی ڕەشی ئەیلوول) ناسراوە، شەقام تووڕەیی خۆی لەو ڕۆژەدا ڕشت. ئەو ڕۆژەی سلێمانی، ڕەنگە دیارترین وێستگەی گواستنەوەی ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی کوردان بێت لە شاخەوە بۆ شار، دژی داگیرکەران.
بیرمە، لە مەکتەبیش بووین، خاڵێکی گرنگی ئەو ڕاپەڕینەمان ئەخوێند کە ئەوەبوو، ئەیوت
بۆ یەکەم جار شۆڕش لە دەستی پیاوانی ئاینی و عەشایری و لە شاخەوە گوێزرایەوە بۆ ناو شەقامی شار و خەڵکی خوێنەوار و ڕۆشنبیران و فەرمانبەران. زۆرێک لە شاعیران شیعریان بەو ڕۆژەدا هەڵداوە.
جارێک کابرایەک، ڕێی کەوتبووە سلێمانی، ئەو هەموو چێشت و نان و مریشکە برژاوەی دیبوو لە ناو فڕن و جامخانەی چێشتخانە و کەبابخانەکاندا دانرابوون، کە ڕۆشتبووە بۆ شوێنی خۆیـان، وتبووی:
"شـار بـێـژی سلێمانی‌یە!
لە هـەر کـوێ‌وە ئەڕۆی!نـــان حــازرە!"

كەمال ئەحمەد

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە