کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

نەباتی: كەس پێشبینی نەدەكرد بەهای لیرە بەوشێوەیە دابەزێت

.

04:55 PM - 15/01/2022

نورەدین نەباتی وەزیری گەنجینە‌و دارایی توركیا دەڵێت: كەس پێشبینی نەدەكرد بەهای لیرە بەو خێراییە دابەزێت، بەڵام ئێمە ئەو كێشەیەمان چارەسەركرد، ئەولەویەتی ئێستاشمان بریتیە لەدابەزاندنی ڕێژەی هەڵئاوسان‌و ساڵی 2022 یش دەكەینە ساڵی گۆڕان بەرەو سەقامگیریی ‌و گەڕاندنەوەی كاروبارەكان بۆ سەر سكەی خۆیان.
(نەباتی) لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگ باسی لە دابەزینی بەهای لیرەی توركی كرد‌و وتی: دابەزینی بەهای لیرە بەو خراییە پێشبینی نەكراو بوو، بەڵام ئێمە ئەو كێشەیەمان چارەسەركرد، ئێستاش ئەوەی پێویستە حكومەت گرنگی پێبدات ڕێژەی هەڵاوسانە، چونكە كێشەیەكی ئەوتۆمان لەگەڵ بەهای دراو نەماوە‌و لەسەر ڕێچكەی تایبەتی خۆیەتی، ئەوەی ماوەتەوە تەنها هەڵاوسانە، ئێمەش دەمانەوێت كاتێك چووینە هەڵبژاردنەوە لە ساڵی 2023دا ڕێژەی هەڵاوسان كە ئێستا لەسەدا (36)ە، بۆ خانەی یەكان دابەزێت.
 وتیشی: نرخی بەكاربەر یاخود رێژەی هەڵاوسان لەدوای ئەم مانگەوە بەرزنابێتەوە‌و بەرەو سەقامگیری دەڕوات، تەنانەت نرخی خۆراك لەوەرزی هاویندا دادەبەزێت.
سەبارەت بە سیاسەتی بانكی ناوەندی لە ماوەی كورتخایەندا، وەزیری گەنجینە‌و دارایی توركیا رایگەیاند: ئێمە پێویستمان بەوەیە جارێ چاوەڕێ بكەین‌و ببینین كە لەمانگی كانونی دووەم‌و شوبات‌و ئاداری ئەمساڵدا چی ڕوودەدات، وەك بڕیاریشە بەرپرسانی بانكی ناوەندی توركیا ڕۆژی 20ی ئەم مانگە بۆ دیاریكردنی سیاسەتی نەختینەیی كۆببنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە