کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پرسەنامەی مەكتەبی سیاسی ى.ن.ك بۆ كۆچی دوایی د. مارف عومەر گوڵ

.

01:06 PM - 15/01/2022

خانەوادەو کەس و کارى تێکۆشەر و پێشمەرگەى دێرین و پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر مارف عومەر گوڵ .
بەناوی گشت هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ کۆچی دوایی دکتۆر مارف دڵگرانی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین و هاوبەشی پرسە و خەم و پەژارەتانین .
کۆچی دوایی دکتۆر مارف خەسارەتێکی تربو لەگەلەکەمان کە کەسێکی تێکۆشەر و ئەکادیمی وەهاى لە دەستدا کە لە هەڕەتی لاوێتەوە لە نێو جوڵانەوەی سیاسیدا و لە خەباتی نهێنیدا لە سەرەتای هەشتاکاندا لەلایەن رژێمی بەعسەوە توشی گرتن و ئەشکەنجە بۆتەوە ، لە هەردوو شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێشدا لە پاڵ خەباتی چەکداریدا وەک نوسەر لە گۆڤار و بڵاوکراوەکانی شاخدا خاوەنی چەندین بەرهەم و نوسینی ئەدەبیی شۆڕشگێڕانەى بەرگری بوە .
دکتۆرمارف بۆ درێژەدان بە خەباتی سیاسی کوردایەتی لە ڕوى ئەکادیمیەوە وەک یەکەمین کورد لە سەر پرسی تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩٠ لە زانکۆى کیف بڕوانامەى ماستەرى بە دەست هێناو و لە ساڵی ١٩٩٥ یشدا لە هەمان زانکۆ دکتۆرای وەرگرت و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ وە بەم هەگبە پڕ لە زانستەوە گەڕایەوە کوردستان و بوە ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی کۆیە و پاشان راگری کۆلیژی یاسای زانکۆی سلێمانی بوە .
دکتۆر مارف عومەر گوڵ لە ماوەى ئەو چەند ساڵەى ژیانیدا گەنجینەیەکی پڕ لە زانیارى و زانستی یاسایی بوە لەسەر پرسەکانی جینۆساید و وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ناوندە ئەکادیمی و سیاسیەکان بوەو بە کۆچی دوایی خەسارەتێک لە هەموان کەوت .
جارێکی تر پرسە و هاو خەمی خۆمان بە خێزان و کەس و کاری دکتۆر مارف عومەر گوڵ دەگەینین و لە یەزدانی مەزن داواکارین ڕۆحی کۆچ کردو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و دوا ناخۆشی هەموو لایەک بێت .
انا للە و انا الیە راجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
١٥ ى کانونی دووەمی ٢٠٢٢

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە