کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كورد لە بەغدا

.

02:40 PM - 11/01/2022

كورد لە بەغدا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لەگەڵ گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا لە دوای ساڵی 2003وە، بە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیشەوە، تائێستا لە هیچ لایەن و هێزێكی سیاسی كوردستانیمان نەبیستووە كە بڵێن ئێمە لە بەغدا سیاسەت دەكەین نەك كوردایەتی، ئەگەر هەر لایەنێك پێیوابێت لە بەغدا بە تیۆری سیاسی مامەڵە دەكات، ئەوا چەمكی «نیشتمانی و كوردایەتی و یەكڕیزیی هێزە كوردستانییەكان» هیچ مانایەكی نامێنێنت، چونكە سیاسەت شتێكە و كوردایەتی و برایەتی شتێكی دیكە. لە سیاسەتدا یەكهەڵوێستی هەموو چركەیەك لەبەردەم لەناوچووندایە لە پێناوی ئەو ویستانەی سیاسەت دەیهێنێتە پێشەوە وەك ئەوەی لە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا بینیمان، بە پێچەوانەوە لە كوردایەتیشدا سیاسەت دەكرێتە قوربانی مەرامە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پێكەوە كۆك نابن. هەر هێزێكی سیاسی كوردستانی پێیوایە لە بەغدا سیاسەت گرنگترە لە كوردایەتی، ئەوە كوفری نەكردووە، بەڵام قسەكردنی ئەو هێز و لایەنانەش لەسەر كوردایەتی و نیشتمانپەروەرێتی هەڵەیەكی گەورەیە و لەگەڵ هوتاف و دروشمەكانی یەكڕیزیی و كۆدەنگیدا نایەتەوە و جگە لە سەودا و مامەڵە بە پرسی كورد و كوردستانیبوونەوە هیچی دیكە نییە. كورد لە بەغدا دەستی بۆ هەردوو چەمكەكە بردووە و كاری لەسەر كردووە، ئەمەش وایكردووە ماڵی كوردستانی دابەش ببێت. هەر هێز و لایەنێكی كوردستانی لە بەغدا سیاسەت بكاتە هێزی جووڵەكردنەكانی و لە دەرەوەی كۆدەنگیی كوردستانی مامەڵە بكات، جگە لەوەی گورزێكی گەورە لە گوتاری كوردی و پێگەی كورد دەدات لە بەغدا، هیچی دیكە بە دەست ناهێنێت، چونكە ئەگەر سیاسەت پێوەری مامەڵەكردنەكان بێت لە بەغدا، ئەوا وەك چۆن ئەمڕۆ سیاسەت و ئیشكردن لەسەر بنەمای سیاسەتكردن ماڵی كوردی لێكترازاندووە، ئەوا سبەینێ و هەر كات و ساتێكی دیكە بێت، هێزە سیاسییە عیراقییەكان هەر لایەنی كوردستانی لە پەرتەوازەییدا بەجێدەهێڵن، لەم كاتەشدا كورد جگە لە دواكەوتن لە پرسێكی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانی، هیچی دیكە سوود لەوە نابینێت لە بەغدا لەسەر بنەمای سیاسەت و سیاسەتكردن مامەڵە لەگەڵ یەكتریدا بكەن. بۆ كورد، بەغدا ئەو شوێنە نییە لەسەر بنەمای سیاسەتكردن مامەڵە بكات، «واتە هەر لایەنەی لەگەڵ كام هاوپەیمانی و بەرەی سیاسی بەرژەوەندییەكانی گونجا و لەباربوو، تەواوی هێزە كوردستانییەكان بەجێبهێڵێت و كورد تووشی ناكۆكی و لێكدابڕان بكاتەوە»، كورد چەندە پێیوابێت وەرگرتنی پۆستەكان لەسەر بنەمای سیاسەتكردن گونجاو و رێپێدراوە و كێشەی نییە، هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە لە بناغەوە بەغدا خۆی شوێنی سیاسەت نییە و پڕۆژەكان لەسەر بنەمای دیموكراسی و هونەری سیاسی تێناپەڕێنرێن. كورد لە بەغدا لەبەردەم قەیرانێكی گەورەدایە، یاریكردن لەسەر بنەمای سیاسەتكردن و دڵخۆشبوون بە وەرگرتنی پۆستێك لەلایەن هێزێكی كوردستانییەوە و بەجێهێشتنی هێزە كوردستانییەكانی دیكە، دووركەوتنەوەیە لە یەكگوتاری و یەكڕیزی و خەونی بەدەستهێنانی مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی كورد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە