کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

 

هەواڵەکان

کۆرۆنا و ژینگە

.

09:26 - 09/01/2022


تەنها لە ساڵی 2020دا نزیكەی یەك ملیار و 500 ملیۆن دەمامك خراونەتە نێو زەریاكانەوە.
لە یەك خولەكدا، یەك ملیۆن پاشماوەی دەمامك و دەستكێش لە سەرتاسەری جیهاندا فڕێ دەدرێت.

.
لە دوای سەرهەڵدانی پەتای كۆڕۆناوە یەكێك لەو مەترسییانەی ڕووی لە پیسبوونی ژینگە كردووە، دەمامك و دەستكێشی خۆپارێزی بووە، ئەو پێداویستییانە زۆربەیان لە مادەی پلاستیك و نایلۆن و هەندێكجار لە قوماش دروست كراون.
ئەو ماددانە لەبەر ئەوەی دوای بەكارهێنانیان ناخرێنە شوێنی تایبەت بە پاشماوەكان و جارێكی دیكە بە شێوەیەكی زانستی بەكارناهێنرێنەوە، گەورەترین مەترسییان لەسەر ژیانی مرۆڤەكان و تەنانەت گیانلەبەرانیش درووست كردووە.
چەند توێژینەوەیەكی تایبەت بەو بوارە لەلایەن شارەزایانی بواری ئاژەڵان ئەنجام دراوە، بەپێی بە دواداچوونێك، لە ئێستادا لە یەك خولەكدا، یەك ملیۆن پاشماوەی دەمامك و دەستكێش لە سەرتاسەری جیهاندا فڕێ دەدرێت.
ئەو پێداویستییانەی بۆ خۆپارێزی بەكاردەهێنرێن، بە تایبەتی (دەمامك و دەستكێش) زیاتر لە قوماشی خاو دروست كراون و پارچەی لاستیكی تێدایە كە دەتوانێت مەترسیەكی گرنگ بۆ ئاژەڵە كێوییەكان دروست بكات، چونكە لەگەڵ پێیەكانیان تێكەڵ دەبن، یان دەبنە هۆكاری لەكاركەوتنی جوڵەی ئاژەڵ و باڵندەكان.
بەپێی ڕاپۆرتێك كە لە ٢٨ی مانگی دووی ساڵی ڕابردوو لەلایەن گۆڤارێكی نێودەوڵەتی، تایبەت بە زانستی ژینگەییەوە بڵاو كراوەتەوە: لە سەرەتای سەرهەڵدانی كۆڤید-١٩ەوە، لە هەر خولەكێكدا سێ ملیۆن دەمامك بەكار دەهێنرێت، زۆربەیشیان لەو جۆرەن كە بۆ یەك جار بەكار دەهێنرێن و دواتر فڕێدەدرێنە خاكەوە و بەشێكی زۆریشیان كۆ ناكرێنەوە.
ئەم ئامارانە وایان كرد زیاتر ژینگەپارێزن نیگەران بكات، لەبەر ئەوەی ئەم مەترسییە تەنها بۆ سەر زەوی نییە، بەڵكو كاریگەری بۆ باڵندە و ئاژەڵەكانیش، بە تایبەتی لەنێو دەریاكاندا، دەبێت.
ماڵپەڕی ئۆقیانووسی ئاسیا كە چاودێری پیسبوونی پلاستیكیی لە ژینگەی ئاودا دەكات، ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا دەڵێ: "تەنها لە ساڵی 2020دا نزیكەی یەك ملیار و 500 ملیۆن دەمامك خراونەتە نێو زەریاكەوە، ئەمەش گەورەترین گرفتی بۆ ژیانی زیندەوەرانی ئاویی دروست دەكات".
تیمی توێژەران لە ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا تێبینیی و ڕاپۆرتیان لەسەر كارلێككردن لە نێوان ئاژەڵان و پاشماوەكانی ئامرازەكانی پاراستنی كەسی لە سەرەتای پەتای كۆڕۆنا كۆ كردەوە.
تیمەكان لە كاتی گەڕان و بەداواداچوونیاندا، مریشكێكیان دۆزیوەتەوە كە لە یەكێك لە پەنجەكانی دەستكێشێكی لاستیك گیری خواردبوو كە بووە هۆی مردنی، هەروەها باڵندەكان بە بەكارهێنانی پاشماوە تەندروستییەكانی كۆڕۆنا لە كاتی دروستكردنی هێلانەكانیان و درووستكردنی گرفت بۆ چەندین زیندەوەری دیكە، بەتایبەتی شەمشەمەكوێرەكان و قڕژاڵەكان لەناو دەریادا، ئەمانە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ژیانی ئاژەڵ و باڵندەكان دروست دەكەن كە لە داهاتوودا دەردەكەون.
لە بەشێكی دیكەی ئەو بەڵگانەی دەیسەلمێنن پاشماوەكانی خۆپارێزی كۆڕۆنا مەترسیین لەسەر ئاژەڵان، بەشێك لە ئاژەڵەكان لەبەر برسێتی پلاستیك دەخۆن، وەك (پەنگوینی ماجلانی) كە لە كەناراوێكی بەڕازیل بە مردوویی دۆزرایەوە، دواتر دەركەوت لە كاتی قوتدانی دەمامك مردووە و دواتریش دەمامەكە لە گەدەیدا دۆزرایەوە.
لە كۆتاییدا توێژەران پێیان وایە دەبێت هۆشیاری تاكەكەسی لەم كارەساتە بەرز بكرێتەوە، چونكە دەتوانرێت تاڕادەیەك لە ئاستی تاكەكەسییدا كۆنتڕۆڵ بكرێت، باشترین چارەسەریش ئەوەیە ئەو كەلوپەلە پزیشكییانە دوای بەكارهێنانیان بكرێنە شوێنی تایبەت و حكومەت و لایەنی پەیوەندداریش دواتر كۆیانبكەنەوە و بە زانستییانە چارەیان بكەن

 

   ئامادەکردنی: مەعروف مەجید

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

271171226_5139213782776481_100162803842574575_n.jpg

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11636 - 27500

سەرەوە