کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مام جەلال چی لە كوردستانی نوێ‌ دەویست ؟

.

03:55 PM - 08/01/2022


*مام جەلال چی لە كوردستانی نوێ‌ دەویست و چی لەبارەی نەوشیروان مستەفا و د.فوئاد مەعسوم بە نووسەرانی رۆژنامەكە وت ؟!
"هەقە هەمیشە مانشێت و سەروتارتان هەبێت ئەگینا رۆژنامەكەتان كەچەڵ دەبێت!"
مەریوان مەسعود
كە ویستم ئەم بابەتە بنووسم ، رێك هاوكاتی یادی (30) ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بوو، كە خۆشم وا بۆ (25) ساڵ دەچێت لەو رۆژنامەیە كار دەكەم، كوردستانی نوێ‌ قوتابخانەیەكی ئەوەندە پاك و پوخت و بە سەلیقەیە، هەموو رۆژنامەوانێكی كورد ئەگەر بە بەر دەرگای ئەم قوتابخانەیەش رۆیشتبێ‌، بێ‌ شكم رۆژنامەوانێكی سەركەوتووە، كوردستانی نوێ‌ هەر رۆژنامەیەكی ئاسایی نەبووە، بەڵكو سەردەمانێك ناسنامەی حزبێكی گەورەی وەكو یەكێتیی بووە، بۆیە سەیر دەكەین خودی رەوانشاد مام جەلال تاڵەبانی كە هاوكات سكرتێری حزبەكەش بووە، زۆر بایەخی بە رۆژنامەكە داوە، تەنانەت كاتی نەخۆشكەوتنەكەشی تەنها بڵاوكراوە كە دەیخوێندەوە هەر كوردستانی نوێ‌ بوو، مام جەلال لە ساڵیادی رۆژنامەكە واتە لە 12/1/1993، وتارێكی كورت لەبارەی رۆژنامەكەوە دەنووسێت، كە تەنیا یەك ساڵ بوو دەردەچوو، لە وتارەكەیدا كە لە ژمارە (290) بڵاوكراوەتەوە لەژێر ناونیشانی (كوردستانی نوێم چۆن دەوێ ؟)، مام جەلال دەنووسێت:
" دەرچواندنی كوردستانی نوێ ئەوەش بۆ ماوەی ساڵێك بێپسانەوەو وەستاندن خۆی لە خۆیدا شاكارێكی رۆژنامەگەری نوێی كوردەواری و كوردایەتییە، بەڵام درێژەپێدان ئەویش بە گەشەپێدانەوە كارێكی گرنگتر و بە كەڵكترە ژیان ناپسێتەوەو ناكوژێتەوە. بۆیەش دەبێ لایەنەكانی بە لایەنی هۆشیاری و رۆژنامەگەریشەوە نەپساوەو بەردەوام و گەشەكردووبن بۆیەش دەبێ هەمیشە بە تەمای پێشكەوتن و گەشەكردنی كوردستانی نوێ بین.
دیارە بۆتان هەیە شانازی بەوەوە بكەن كە دەسپێشكەربوونە لە دەرچواندنی یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەی كوردی ئەویش بۆ ماوەی ساڵێك كە ئەمە بۆ یەكەمجارە لە مێژووی كوردستانی عیراقدا روودەدات.... بگرە لە مێژووی هەموو كوردستاندا.. بەڵام هەقی شانازی شۆڕشگێڕانەتان هەیە، نەك هەقی لە خۆبایی بوون و خۆلێگۆڕان و ... زلی (دەردی سۆرانی دەڵێن) سوپاستان دەكەین لەسەر ئەرك و هەوڵ و كۆشش و رەنج و ماندووبوونتان، بەڵام داوامان پەرەپێدان و باشتربوونە".
مام جەلال لە لاپەڕە یەك-ی رۆژنامەكەوە تا دوا لاپەڕە پێشنیاز و سەرنجی خۆی دەخاتە ڕوو كە ئەو كاتە رۆژنامەكە تەنیا هەشت لاپەڕە بووە، لە بڕگەیەكی نووسینەكەی دەڵێت:
" هەقە هەمیشە مانشێت و سەروتارتان هەبێت ئەگینا ڕۆژنامەكەتان كەچەڵ دەبێت!".
مام جەلال وەكو هیچ سەركردەیەكی تر نەبووە، هەمیشە جگە لە نەتەوەی كورد، توركمان و مەسیحی و ئێزدی و كەمە نەتەوەكانی تری لە بیربووە، بۆیە لە بڕگەیەكی تری پێشنیازەكانی بۆ كوردستانی نوێ‌ دەڵێت:
"لە ناوەڕۆكی وتارەكانیشدا هەقە زۆرتر، پتر درێژدادڕانە سووربن لەسەر داواكردن و پاراستنی مافەكانی برا توركمان، برا ئاسوری، برا مەسیحیەكان. هەقە زۆرتر باسی برا ئیزیدییە خۆشەویستەكانمان بكەن".
مام جەلال لە هەموو قۆناغەكانی كوردستانی نوێ‌، وەكو سەرنووسەری سێبەر وابووە بۆ رۆژنامەكە لاتان سەیر نەبێت كە زۆرجار هەبووە خۆی مانشێتی سەرەكی و عینوانی بابەت و شوێنی دانانی بابەتی دیاری كردووە، لە یەكێك لە نموونەكان كە وێنەكەیم داناوە هامشێكی بۆ نووسینێك نووسیوە، بەمشێوەیە:
" كوردستانی نوێی بەڕێز...
سڵاوێكی گەرم...
بۆ بڵاوكردنەوەی لە لاپەڕەیەكی دیاردا"
ئەمە جگە لەوەی زۆر گرنگی بە لایەنی زمانەوانی رۆژنامەكە داوە، كە زۆرجار دەستخۆشی و زۆرجاریش رەخنەو سەرزەنشتی بە دوای خۆیدا هێناوە، لە ساڵی 2001، مام جەلال كۆمەڵێك پێشنیازی زمانەوانی لا گەڵاڵە دەبێت، كە دیارە كوردستانی نوێ‌ چەند جارێك هەڵەی تێدا دەكەن، بۆیە بە نووسراوێك لە شێوەی یاداشت كە ئیمزای خۆی لەسەرە بە ناونیشانی (راست كردنەوەی هەندێ‌ ناوی بە هەڵە بەكارهاتوو) یاداشتەكە لە شێوەی داخلی واتە تەنیا بۆ رۆژنامەنووس و نووسەرانی كوردستانی نوێ‌ دەنێرێت، بۆیە لە پێشەكی یاداشتەكە دەنووسێت:
" هەڤاڵانی نوسەر لە كوردستانی نوێ دا
سڵاوێكی گەرم
زۆر بە داخەوە لە كوردستانی نوێ دا هەندێ ناو و زاراوە بە هەڵە بەكاردەهێنرێن كە ئەوەش لە شان و شەوكەتی رۆژنامەیەكی گرانبەهای وەك كوردستانی نوێ كەم دەكاتەوە.
وا دیسان هەندێكیتان بۆ دەنووسمەوە، هیوادارم هەڤاڵانی تریش هەندێكی ترتان بۆ ڕاست بكەنەوە".
لەبەر بایەخی یاداشتەكەو لەبەر ئەوەی یەكەمجارە بڵاودەكرێتەوە كە مام جەلال بۆچوونی وابووە لەسەر كۆمەڵێك زاراوە، من وەكو خۆی هەر حەوت خاڵەكە دادەنێمەوە:
١- لە جیاتی ڤیستیڤاڵ كە هەڵەیە، ڕاستی یەكەی بنوسن كە فیستیڤاڵە، واتە بە (ف) دەست پێدەكات.
٢-لە جیاتی سیڤەر كە هەڵەیە ڕاستی یەكەی (سێڤر) ە.
٣-لە بەكارهێنانی دیموكراسی دا ئاگاداربن كە دەكاتە -دیموقراگیە- ی عەرەبی.
٤-لە بەكارهێنانی دیموكرات دا ئاگاداربن كە دەكاتە دیموقراگی عەرەبی.
بۆیە نابێ بگوترێ دیموكراسیەت: بەڵكو هەر دیموكراسی بەسە. بۆ كەسێكی( دیموكرات) یش ئەگوترێ فلانە كەس پیاوێكی دیموكراتە یان فلانە حزب حزبێكی دیموكراتە.
٥-هەر بە هەمان شێوەی سەرەوەش سۆشیالزم(إشتراكیە) و سۆشیالیست (ئیشتراكی) بەكار بهێنرێت. هەروەها ماركسیزم (ماركسیە) و ماركسیت ( ماركسی) بەكار بێت.
٦-لە ناوەكانی پیاوو حزبەكانی دنیاش پێویستە ئاگاداربن.
بۆ نموونە پارتی سۆسیالستی فەرەنسە (الحزب الاشتراكی الفرنسی) یان پارتی ئەلەمان (حزب الخچر اڵالمانی) ناوی پیاوە ناودارەكانی دونیاش دەبێ بە دیققەت و وەك خۆیان بنوسرێنەوە.
٧-لە دانانی سەرەدێرەكان دا، مانشێتەكانی ورد و درشت پێویستە بێ لایەن نیشان بدرێت، جگە لەوانەی خۆمان مەبەستمانە. بۆ نموونە لە جیاتی بنوسرێت: ئاهەنگێك لە پێناوی سەندنەوەی دوورگەكانی كوریل دا، دەنوسرێت ئاهەنگێك دەربارەی دوورگەكانی كوریل و هەروەها شتی تریش."
مام جەلال، لە كۆتایی یاداشتەكەی، بۆچوونێكی تری هەبووەو هەر خۆی پێ راست نەبووە، بۆیە پێی وابووە دەبێت رۆژنامەی كوردستانی نوی سوود لە نووسەرانی بە توانای تریش وەربگرێت بۆ نموونە باسی نەوشیروان مستەفا و د. فوئاد مەعسوم دەكات و دەنووسێت:
جا ئیتر هیوادارم هەڤاڵانی نوسەری باشیش وەك كاكە نەوە ( لە كوردی دا) و كاك د. فوئاد (لە عەرەبی دا) رێنوێنی خۆیانتان بۆ بنێرن.
هەر شاد و سەركەوتووبن
برای دڵسۆزتان
مام جەلال

271550386_5378143498869516_6040113390366964548_n.jpg

271645329_5378143495536183_4841541194324059186_n.jpg

271657375_5378143075536225_84172446372313173_n.jpg

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە