کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەو شەڕەی بۆ عیراق گرنگە

.

10:02 AM - 04/01/2022

ئەو شەڕەی بۆ عیراق گرنگە
ئازاد ئیبراهیم ‌ئەحمەد

بە پێی بۆچوونی (ئیبن جوبێر) گەڕیدەی ئەندەلووسی، بەغدا لەپێش و لەپاش بە پایتەختبوونیش، 13 جار دەسەڵاتی تێدا ئاڵوگۆڕکراوە لەپێناوی دروستکردن و جێگیرکردنی نموونەیەکی جوانی دەسەڵاتداری و حکومڕانیی نوێ لەو شارەدا و پەلهاویشتنی بۆ شارەکانی دیکەی عیراق، بەڵام هەموو جارەکان خەونی نوێبوونەوەی سیستمی سیاسی لە بەغدا و دەسەڵاتەکەی شکستی هێناوە، ئەگەر ساڵی 2003 یشی بۆ زیادبکرێت، ئەوا هەمان شتە.

هاتنی ئەمریکییەکانیش بۆ بەغدا و رووخاندنی رژێمی بەعس و لە سێدارەدانی سەدام، ئەویش بەرەنجامێکی باشی لە خەونی نوێبوونەوە و عیراقی نوێ بەدوای خۆیدا نەهێنا و هێشتا عیراقێک وجوودی نییە لە دەرەوەی عیراقە مێژووییەکە بێت.

تاکی نوێ و حکومەتی نوێ و سەرکردە و حزب و بیری نوێ بۆ عیراقی ئێستا بەو هیوای عیراقێکی نوێی لێ بەرهەم بهێنرێت، زۆر ئەستەمە و کارێکی ئاسان نییە، ئەستەمبوون لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکی نوێ لە عیراقدا، ئەوە نییە کە بوترێت هەوڵە کەسی و کۆکان، هەوڵە دەرەکی و ناوخۆییەکان بچووکن، بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵەکان بۆ عیراقێکی نوێ گەورە و هەست پێکراون، بەڵام هیچ یەکێک لەو هەوڵانە نەیتوانیووە لە خووە دەقگرتووە کۆمەڵایەتی و دینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی عیراق گەورەتر بێت و بتوانێت دەستکاری ستراکچەری کۆمەڵگەی عیراقی و بیرکردنەوەی تاکی عیراقی بکات و رابردوو تێپەڕێنێت.

ئەگەر عیراق لە رابردوو و لە ئێستاشدا هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی قبووڵ بکردایە و پێی هەزم بکرایە، دەبوو ئێستا لانیکەم ئەگەر بە شێوەیەکی رێژەییش بێت بکەوتایەتە ژێر ئەو شەپۆلە رۆشنگەرییەوە کە وەک پرسێکی یونیڤێرساڵێتی دەردەکەوێت و کاریگەریی لەسەر زۆرێکی کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکان داناوە و تاکو ئەندازەیەک جووڵەی رۆشنبیرانەیان تێ کەوتووە، بەڵام نزیکیی تاکی عیراقی لە سەنتەری یەک بیری کۆنی باوی مێژووییەوە، وادەکات عیراق نەک خەونی نوێی تێدا جێگا نابێتەوە، بەڵکو بیری کۆن و هێزی باڵای بیری کۆنخوازی لای تاکی عیراقی، شەڕی هەموو بیرێکی نوێ و خەونێکی نوێ دەکات و رێگە بە گۆڕانکاریی نوێ نادات، دابونەریتە دەقگرتووەکان و موقەدەساتەکانی تاکی عیراقی دەستکاری بکات.

لە کۆمەڵگەی عیراقیدا، بڕیارە کۆمەڵایەتی و دینییەکان چەندانجار بەهێزترن لە بڕیارە سیاسییەکان، هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە سیستمی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی عیراقدا روویانداوە کاریگەرییان بۆسەر کۆی گشتی سیاسەت و بڕیارە سیاسییەکان و دپلۆماسیی عیراق هەبووە و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە تەنها بۆ یەکجاریش نەیانتوانیوە کاریگەرییان بۆسەر بڕیارە دینی و مەزهەبییەکانی عیراق هەبێت.

بۆیە دوای مێژوویەکی دوورودرێژ هێشتا عەقڵی تاک و مێژووی عیراق هاوشێوەی یەکن و ئەوەی ئەمڕۆ لە عیراقدا دەبینرێت کوڕی شەرعیی ژینگە و مێژووی رابردووی عیراقە و بەهیچ پێوەرێک لەو رابردووە لای نەداوە.

ئەوەی تاکو ئێستا لە عیراقدا و لەپێناوی نوێگەرایی حکومڕانی و سیاسەتی نوێ و مێژووی نوێدا نابینرێت، شەڕی رۆشنگەرانەیە دژی کۆنزەرڤاتیڤی عیراقی کە بۆ عیراق گرنگە.
لە عیراقدا شەڕێکمان نەبینیووە بەناوی (شەڕی کۆنزەرڤاتیڤ و رۆشنگەرانی عیراقی) لەپێناوی عیراقێکی نوێ کە بەمانای وشە هەموو شتێکی نوێ بێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە