کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دوای ڕاستاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان

.

09:58 AM - 04/01/2022

دوای ڕاستاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان
بورهان شێخ رەئوف
دواجار دادگای فیدراڵی  عێراق  كۆتایی بەو مشتومڕە زۆر هێنا سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كە لە لایەن هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانەوە لە ماوەی ڕابردوودا وەكو فشارێك بەكاردەهێنرا لە هەمبەر كۆمیسیۆن و دادگاو  ڕەوتی سەدریش .
هەرچەندە یاسای هەڵبژاردنی نوێی ساڵی 2020 ئەوەی دەستنیشانكردووە كە گەورەترین فركسیۆن ئەوەیە  كە زۆرترین دەنگ و كورسی هێنابێت لە هەڵبژاردن ، بەڵام تائێستاش لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی باس لەوە دەكەن كە گەورەترین فراكسیۆن لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران پێكدەهێنن ، بەڵام هەرزوو موقتەدا سەدر وەڵامی دانەوە ووتی من ئەیاد عەلاوی نیم .
بە هەرحاڵ ئێستا بەڕێز موقتەدا سەدرو ڕەوتەكەی لە بەردەم گەورەترین و سەخترین ئەزمووندان بەو پێیەی زۆرترین دەنگ و كورسیان هێناوە لە هەڵبژاردنە پێشووەختەكەی 10/10/2021كە (73) كورسیە  ،لەدوا تویتیشیدا بە قەڵەمی سوور نووسیوویەتی حكومەتێكی نیشتمانی نە خۆرهەڵاتی و نە خۆرئاوایی ، ماناو مەدلوولی زۆری هەیە ، واتە من سەرۆك وەزیران دەستنیشان دەكەمو قەڵەمی سووری دەدەمە دەست .
بەڵام پێكهێنانی كابینەی وەزاری لە عێراقدا كە پێویستی نیوە +1 هەیە واتە 165 دەنگ لە كۆی 329 دەنگی ئەنجومەنی نوێنەران ، ئایا سەید سەدر دەتوانێت بە داخوازییەكانی سوونە كە دوو فراكسیۆنی گەورەیان هەیە تەقەدم (37)  دەنگ و عەزم (15) دەنگ ، كوردیش یەكێتی و پارتی (48) دەنگ ، بێلایەنەكانیش قایل بكات بۆ ئەوەی دەنگ بە كابینەكەیان بدەن بێ‌ ئەوەی داخوازییەكانیان جێبەجێ بكات ، لە كاتێكدا بانگەشەی ئەوە دەكات كە حكومەتێكی دوو لە بەشبەشێنەی تائیفی و ئتنیكی دادەمەزرێنێت ؟
بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە تائێستا ناوەڕۆكی ئەو حكومەتی زۆرینەنیشتمانیە ڕوون و ئاشكرا نیە كە چۆن دەبێت ، چونكە دەڵێن نەحكومەتی سازانە و نە حكومەتی زۆرینەی بەشبەشێنە.
سوونەكان لە نوێترین كاردانەوەیاندا زۆر بە ئارامی  لەهەمبەر بڕیاری داداگای فیدراڵی بە ڕاستاندنی ئەنجامەكان لەزاری محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدم خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وتی (كۆدەنگی لە سەر پابەند بوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لە سەر ڕاستاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەنگاوێكە بەرەو جێبەجێكردنی ئاڕاستەی دیموكراسی  دوور لە ئاژاوەو پاشاگەردانی )، هەر لە هەمان كاتیشدا خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم پیرۆزبایی خۆی بە هەموو براوەكان ڕاگەیاند و وتی چاوەڕوانین بە خواستێكی نیشتمانیەوە ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی ڕاست بكەنەوە ، كە ئەمانەش پیشاندانی نەرمی و قایل بوونە بۆ خۆسازدان و مەیل بۆ  بەشداری  لە حكومەت .
بێلایەنەكان
سەدر پێویستی بە دەنگی بێلایەنەكانیشە هەرچەندە تائێستا خۆیان بە تەواوی نەناساندووە بە رەسمی لە پەرلەماندا ، بەڵام ئەمانە نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی تشرینن دژ بە بەشبەشێنەی تائیفی و گەندەڵی بە دەنگ هاتبوون ،ئەمانە تەنگیان بە حەشدی شەعبی و دەوڵەتی قانون و ڕەوتی حكمەو ئەوانی تریش هەڵچنی و دەنگەكانی ئەوانیان بۆ خۆیان برد و ئاویان كردە ژێرییان سەرەڕای ئەوەی فشاریان زۆر لێكرا .
كورد
هەرچەندە هەردوو هێزی سەرەكی هەرێمی كوردستان ( یەكێتیی و پارتی)  لە ماوەی ڕابردوودا هەندێك لێدوانی دژ بەكیشیان دا بەڵام دواجار لە كۆبوونەوەی دەباشان لە سلێمانی هەردوو مەكتەبی سیاسی بە ئامادەبوونی باڤڵ جەلال تاڵەبانی  ڕێككەوتووون بە وەفدی هاوبەش  بچنە بەغدا وتوێژ ی پێكهێنانی حكومەت بكەن ، ئەمەش ئەركی سەدر ئاسانتر دەكات ، داخوازییەكانی كورد ڕوون و ڕەوانە و من لە وتاری هەفتەی پێشوودا بە درێژی باسم كردووە لە كورتترین  مانایدا جێبەجێكردنی دەستووری عێراقە .
بەربەستەكان
چوارچێوەی هەماهەنگی بەربەستی گەورەی بەردەم ڕەوتی سەدرە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومی ،چونكە چەند گروپێكی چەكدارییان هەیە ،بەتایبەتی  هەڕەشەكانی كەتائیبی حزبوڵا ، دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگاش ،ڕایانگەیاند كە ئەوان بەشداری حكومەت ناكەن ، عەسائیبی ئەهلی هەقیش نیگەرانی خۆیان بە ڕاستاندنی ئەنجامەكان لە لایەن دادگای فیدراڵیەوە ڕاگەیاند .
لە كۆتاییدا پێكهێنانی حكومەت ئاسان نیە بەڵام خواست  و نەرمی سەدر لە گەڵ لایەنەكان كوردو سوونەو دۆخی شپرەزو نالەباری عیچراق پێویستی بە حكومەتێكی خزمەتگوزاری نیشتمانی و دڵسۆز هەیە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە