کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

شوێنی لوتی مرۆڤ لەکوێدایە..؟

.

09:24 AM - 23/12/2021

شوێنی لوتی مرۆڤ لەکوێدایە..؟
ئەوەی کۆمەڵگای ئێمەی کوشتووە دەستخستنە ناو ژیانی یەکتری و لوت ژەنینە لە کاروباری بەرامبەرەکانمان، دیارە هەموو ئەمانەش هۆکاری خۆی هەیە کە بەبڕوای من یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانە بێ ئیشییە.
بێ ئیشی کۆمەڵگای ئێمەی کوشتووە، ئەوە ئیش نیە تۆ دەچیتە شوێنێک دوو سێ سەعاتێک دەوام دەکەیت و دواتر دێیتەوە کاتێکی زۆر زۆرت بەدەستەوەیە کاتێک دەڵێم ئیش نیە مەبەستم ئەوەنیە هیچ ناکەیت..نا..بەڵکو لەوانەشە دونیایەک کاری بەسود بۆ خەڵک ئەنجامبدەیت، بەڵکو مەبەستی من ئەوەیە تۆ مێشکت سەرقاڵ نییە، ئەو ئیشەی تۆ وای لێنەکردویت هەمیشە بیربکەیتەوەو لەخەمی سبەینێی ئیشەکەتا بیت..کاتێکیش کاتێکی زۆرت هەیە لەبری ئەوەی خۆت بە کێشەکانی بەخۆتەوە سەرقاڵبکەیت کەچی خۆت بەخەڵکەوە سەرقاڵدەکەیت..
حەزدەکەیت بزانی خەڵک چی دەکات..؟ چۆن دەخوات..؟ چی سەرفدەکات..؟ چۆن پارە پەیدا دەکات..؟ ژنەکە چی لەبەردەکات... پیاوەکە چی ئۆتۆمبیلێک لێ دەخوڕێت..مناڵەکانی چۆن دەژین، پارەکەی چی لێدەکات...خانوەکەی چۆنە..کێشەی چی هەیە..بۆچی دڵی خۆشە...؟ و دەیان و سەدان پرسیار و بەدواداچونی تر.
ئەم لوت ژەنینە لەهەموو شتێک دەردێکە زۆرینەمان پێوەی دەناڵێنین، ئازار دەکێشین، قوربانیمان بۆ داوە..ئەم کۆمەڵگایە ئەوەشی کارەساتە گەر کەسێک تاقەتی نەبێت لوت لەکارەکانی ئەوانی دیکەدا بژەنێت بە( فەقیر، گێل، داماو، گەمژە، بێ دەسەڵات، لاواز، بێ حەوسەڵە)ی وەسفدەکەن.
گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن بەخوا بێ ئاگایە، هیچ نازانێت، دونیا ئاو بیبات بەخەیاڵیدا نایەت و دەیان وشەو تۆمەتی تری دەدەنە پاڵ.
بەشێکی زۆر کۆمەڵگای ئێمە هەر بەوەندەش وازناهێنن کە لوت لە شتە دیارەکان بژەنن، بەڵکو لوت لەخەیاڵەکانیشتا دەژەنن بەجۆرێک زۆرجار لەبری تۆ بیردەکەنەوەو لەبری تۆ بڕیار دەدەن و لەبری تۆ تەفسیر بۆ قسەکانت دەکەن، سوریشن لەسەر ئەوەی کە پێکاویانە و سەرکەوتون.
کێشەکەی بەشێکی زۆری مرۆڤی ئێمە ئەوەیە نازانێت ئیشی لوتی چیە و شوێنی راستەقینەی لوتی کاروبارەکان و ژیانی تایبەتی کەسانی تر نیە، بەڵکو ئیشی راستەقینەی لوت هەڵمژینی هەوایەو شوێنەکەشی دەموچاوە نەک شوێنی تر.
مرۆڤ بەوەوە جوانە لوتی لەشوێنی خۆیدا بێت و ئیشی راستەقینەی خۆشی پێبکات نەک کاری تر.
(تێری براچیتی)رۆماننوس دەڵێت"
"روخساری مرۆڤ بەبێ لوت بەمجۆرەیە: هەرچەندە جوان بیت بەبێ لوت جوانیەکەت ناتەواوە..هەربۆیە لەبیرت بێت شوێنی گونجاوی لوتت لە دەموچاوتدایە نەوەک لەژیانی ئەوانی تردا."
(هێمن مەحمود)

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە