.
03:44 PM - 08/12/2021
سۆشیال میدیاو جەنەڕاڵەکانی
بڵێسە جەبار فەرمان
ساڵانێکە سۆشیال میدیا بوە بەبەشێک لەژیانی ڕۆژانەمان. سۆشیال میدیا بۆتە بەشێکی گرنگ لە گواستنەوەی ھەواڵو ھەروەھا بۆ خەڵکانێکی زۆر بۆتە سەرچاوەی داھاتو بەبازاڕکردنی کاڵاو خزمەتگوزاریەکان. فەیسبوک کە زۆرجار بەشۆڕشی فەیسبوکو یاخود بەعهھدی فەیسبوک ناودەبرێت، بوە بهھۆی گۆڕینی تەواوی جیھان.
من نامەوێ باسی باشیو خراپیو چۆنێتی گۆڕینی جیھان بکەم لەڕێگای سۆشیال میدیاوە، بەڵام دەمەوێ ئاماژە بەھەندێک بابەت بدەم. بەشێویەکی گشتی ئەم بەرنامانەی سۆشیال میدیا لەلایەن بەشێکی ھاوڵاتیانەوە بەشێوەیەکی نادروست بەکاردەھێنرێن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانو تێڕامانە ئەوەیە کە لەلایەن کەسانی سیاسیو سەربازیەوە بەھەڵە بەکاربھێنرێن.
پلانو بەرنامەی ناو ھەموو کۆبونەوەکان ڕاستەوخۆ لەسۆشیال میدیاوە ئاشکرادەکرێت بۆ دۆستو دوژمن. پلانو بەرنامەی بەرگریو ھێرشی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ دەگوێزرێتەوەو نەخشەی سەر مێزی جەنەراڵەکان بەئاشکرایی نمایشدەکرێت، ڤیدیۆی ترسو تۆقاندنی داعش نیشانی گەورەو بچوکی ئەم کۆمەڵگایە دەدرێت بێ ڕهچاوکردنی باری دەرونی.
تەواوی کەموکوڕیەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو سەنگەری بەرگری لەلایەن خودی وەزیرو جەنەراڵەکانەوە بەئاشکراو بێ سانسۆر باسدەکرێت، لەوانەیە ھەندێک ئەم لێدوانو نمایشکردنی پلانو بەرنامانە بەھەواڵ بزانن یاخود بەجۆرێک لەشەفافیەتی دابنێن، بەڵام بەبۆچونی من بێجگه لەبێسەروبەرییو نەزانیو کارەسات ھچی تر نییە.
ئەوەی کە دەبێت شەفاف بێتو ھەموو تاکێک زانیاری لەسەر ھەبێت بەتاریکی دەھێڵدرێتەوەو ئەوەی دەبێت لەتاریکی بمێنێتەوە دەیھێنینە ناو سۆشیال میدیاوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە