کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆچی لەم تەوقیتەدا داعش پەلامارەکانی لە عیراق چڕ کردەوە؟

.

10:08 AM - 07/12/2021

بۆچی لەم تەوقیتەدا داعش پەلامارەکانی لە عیراق چڕ کردەوە؟

ئەحمەد رەفیق
دوو مانگ پێش ئێستا لە کەناڵی گەلی کوردستان بە راشکاوی ئاماژەم بە هەڕەشەو مەترسییەکانی داعش کرد کە رۆژ دوای رۆژ بەرەو زیادبوون دەچێت و وتم؛ لە چەند هەفتەی داهاتوودا، هێرش و پەلامارەکانی داعش بۆ سەر ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان، زیاتر و چڕتر دەبنەوە!

بە داخەوە پێشبینییەکانمان راست دەرچوون، هیج لایەک وەکو پێویست گرینگیان بە بانگەوازەکەی ئێمە نەدا و هەتا دێ هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش دەبنە جددیی و هیچ لایەنێکی حکومی و حزبی هەتا ئێستا لەو مەترسییانە نەگەیشتوون کە داعش لە ناخی خۆیدا هەڵیگرتوون!

بۆچی لەم تەوقیتەدا داعش پەلامارەکانی لە عیراق چڕ کردەوە؟

لە ساڵی 2008وە رێککەوتنێکی ستراتیژی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە نێوان عیراق و ئەمریکا واژۆ کراوە، لە کۆتایی 2011دا تەواوی سەربازە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عیراق کشانەوە، بەڵام دواتر و لە ساڵی 2014و لە گەڵ دەرکەوتنی داعش، دووبارە هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان بە قۆناخ گەڕانەوە عیراق.

لە دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2017، دووبارە لەناو هێز و لایەنە شیعییەکاندا دەنگی ناڕەزایی دژ بە مانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان لە عیراق بەرز بووەوە. بەڵام لە دوای کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سەرەتای مانگی یەکی 2020 لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، بە تەواوەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کەوتنە بەر هەڕەشەو مەترسی هێز و لایەنە شیعییەکان و پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمان چووە قۆناخی کردەیی.

لەو چوارچێوەیەدا شیعەکانی عیراق بە بێ ئامادەیی کورد و سوننە، لە تۆڵەی کوشتنی سولەیمانیی پڕۆژە یاسایەکیان دژ بە ئەمریکاو هاوپەیمانان لە پەرلەمانی عیراق دەرکرد کە تێیدا جەخت لە دەرچوونی تەواوی هێزە بیانی و ئەمریکییەکان دەکردەوە لە عیراق!

لەو چوارچێوەیەدا (گفتوگۆی ستراتیژی) لە نێوان بەغداو واشنتۆن هاتە ئاراوە بۆ کشانەوەی یەکجاری هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سەر خاکی عیراق، بۆ ئەو مەبەستەیش دوا وادە کە بۆ مانەوەی هێزە بیانییەکان دیاریکرا31ی کانونی یەکەمی2021 بوو!؟ ئیتر دەکرێ لێرەوە لەو راستییە تێبگەین؛ بۆچی لەم تەوقیتەدا داعش بەم شێوە چڕ و خێرایە لە عیراق بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان سەریهەڵدایەوە؟!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە