کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

.

04:33 PM - 06/12/2021

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

لە ناخی دڵمانەوە ھاوخەمی و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانە دەکەین کە رۆڵەکانیان شەوی رابردوو لە گوندی (قەرەسالم) لە سەنگەری بەرگریدا شەھید بوون. ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو کردەوە تیرۆرستییانە دەخوازین و ئامادەی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ ھەر کارێک و ھاوکارییەک کە لە پێناو چارەسەریاندا پێویست بێت.

سەبارەت بەو جموجۆڵە ترسنۆکانەی ئەم ماوەیەی تیرۆیستانی داعش لە سنوورەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکانی کوردستان، دڵنیاتان دەکەمەوە کە بەبێ وەڵام و گورزی پۆڵاینی ھێزی پێشمەرگە تێناپەڕێت.

بەندەش سەرەڕای ھەموو ئەرکەکانی دیکە، زۆر بەوردی و لە نزیکەوە چاودێری سەرجەم بەدواداچوون، پلان و ستراتیژ و شێوازی نوێی بەرەنگاری و گورزوەشاندن لە تیرۆریستان دەکات.

ھەر بۆیە کوردستانیان و دانیشتوانی ئەو ناوچانەش دڵنیا دەکەینەوە، کە لە نزیکترین کاتدا ئەم مەرامانە پوچەڵدەکرێنەوە و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان تۆڵەی دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنی شەھیدەکانمان دەکەنەوە و پارێزەری سەروماڵی یەک بەیەکتان دەبین.
بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنم ھۆکاری ئەم زەفەر بردنانە ئەوەیە ئەو سنوورانە پێویستیان بە پشتێنەی ئەمنی تۆکمەتر ھەیە، کە بەھێزی پێشمەرگە دەپارێزرێت و پێویستە بەخێرایی لە ھەموو روویەکەوە ئامادە و پڕچەک بکرێن، ھەر بۆیە لە ئەمڕۆوە ھەنگاوی پێویست دەنرێت، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ھاوکاری سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆن و کێوماڵی بەپەلە دەکەین، تاوەکو ئاسایشی ھەرێم و ناوچەکە بپارێزرێت و رێگیر بکرێت لە ھەر پلانێک کە ئارامی لە خەڵک تێکبدات.


بافڵ جەلال تاڵەبانی

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە