کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەک بەهیچ بۆ پاڤڵ تاڵەبانی

.

02:05 PM - 06/12/2021


یەک بەهیچ بۆ پاڤڵ تاڵەبانی

سەردەشت محمد

دانیشتنی ئەمڕۆی پاڤڵ تاڵەبانی و کۆبونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی بەشێکی زۆر لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان دەکرێت وەک هەنگاوێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەر لێی بڕوانین،ئەگەرچی دەبێت چاوەڕوانی دەرئەنجامی ئەو کۆبونەوانەبین و نابێت لەئێستاوە پەلە بکەین لە دەربڕینی خۆشحاڵی،بەڵام ئەم جۆرە کۆبونەوانە دواجار بۆخۆی دەمانگەیەنێت بە قەناعەتێک کە خۆپیشاندان و مانگرتنی خوێندکاران بێئەنجام نەبوە و دواجار بەپرسانی حیزبی و حکومی ناچارکردووە کە گوێ لەداواکارییەکانیان بگرن، بەتایبەت لەم دانیشتنەدا کە دەبینرا نوێنەری خوێندکاران ئازادانەتر دەیانتوانی داواکەریەکانی خۆیان بگەیەنن بە پاڤڵ تاڵەبانی کەئەو ئێستا وەک کەسی یەکەم و سکرتێری یەکێتی خۆی وێنادەکات و ئەویش ڕاشکاوانە وەڵامی خوێندکارانی دەدایەوە، ئەمە پێچەوانەی دانیشتنکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە بینیمان چۆن لەبری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان خوێندکارانی بەوە تۆمەتباری دەکرد کە سوکایەتیان بە ئاڵای کوردستان کردووە لەکاتێکدا ئەو گرتەڤیدۆیە ساڵێک بەر لە خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران تۆمارکرابوو وە خوێندکاران لەوەڵامەکەی سەرۆکی حکومەت نیگەران بوون،
ئەوەی گرنگە بۆ لەمەودوا کە دەبێت پاڤڵ تاڵەبانی ئەنجامی بدات ئەوەیە نابێت ئەمە دواهەمین کۆبونەوەی بێت و دەکرێت بۆلەمەودوا سنوری کۆبونەوەکانی فراوانتربکات و سەردانی مەیدانی بۆسەرجەم شاروشاررۆچکەکانی ژێردەسەڵاتی حیزبەکەی دەست پێبکات و دەبێت دەرفەتی یەکتربینین لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکاندا زیاتربکات و گوێ لەداواکاری هاوڵاتیان بگرێت، ئەگەرچی ئەمە کاری نوێنەرانی حکومەتە،بەڵام ناکرێت خۆمان لەوڕاستییە بشارینەوە کە لەهەرێمی کوردستاندا ئەوە حیزب و بەرپرسەحیزبیەکانە بڕیار لەبارەی چارەسەری کێشەی هاوڵاتیانەوە دەدەن و حیزب لە حکومەت باڵادەست ترە، کەبەداخەوە ئەوە سیاسەتێکی هەڵەیەو دەبێت لەداهاتوودا ئەمە پێچەوانە ببێتەوە،
بۆ لەمەودوا پاڤڵ تاڵەبانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبری دەستگیرکردن و ئازاردنی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان و کەسانی ئازادی خواز بکەونە سزادانی ئەو بەرپرسە حیزبی و حکومیانەی کە لەسەر حیسابی یەکێتی دامەزراون و بەوهۆیەوە پلەوپۆستەکانیان بۆ داگیرکردن و بەتاڵان بردنی موڵک و ماڵی گشتی بەکاردێن و هەروەها بەمیزاجی شەخسی مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیاندا دەکەن و بەشێک لەو بەرپرسانە دەزگاحکومیەکانیا کردووە بەجێگەی ململانێی شەخسی و سزادانی هاوڵاتیان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ هاوڵاتیاندا بەپێی میزاجی خۆیان، چونکە لەبنەڕەتدا وەرگرتنی پلەو پۆستی حیزبی و حکومی بۆئەوەیە کە لەخزمەت هاوڵاتیاندابن نەک دژایەتی خەڵکی پێبکرێت و هەرئەم دژایەتێشە وایکردووە خەڵک تادێت لەحیزب دوردەکەوێتەوە و لەهەڵبژاردنەکاندا سزایان دەدەن بەجۆرێک بینیمان لە هەڵبژاردنی ڕابردودا کە بەرواری ٢٠٢١/١٠/١٠ بۆ پەڕلەمانی عێراق ئەنجامدرا چۆن زیاتر لە ٦٠٪ ی هاوڵاتیان بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان نەکرد و بەمەش سزای حیزبەکانیاندا

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە