کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە كوڵەجۆوە بۆ خدر جیجە

.

09:33 PM - 03/12/2021

لە كوڵەجۆوە بۆ خدر جیجە


ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

داعش وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بوونی نەدەما ئەگەر كۆمەكییە ناوخۆییەكانی تاكی عیراقی و خزمەتكردنێكی گەورەی هاوڵاتیانی عیراق بە داعش بەردەوام نەبووایە بۆ ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە.
بەمانایەكی دیكە داعش تێكەڵەیەكە لە ویستە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بۆ تێكدانی دۆخی ئەمنی و سیاسی عیراق، داعش بەبوونی هاوڵاتیانی عیراقەوە داعشێكی تەواوە و دەتوانێت هەر ڕۆژەی لەلایەكی ئەم خاكەوە كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدات.

تیرۆریستانی داعش بۆ ئەوەی كردەوە تیرۆریستییەكانیان بەردەوام بێت و نەناسێنرێنەوە، لەلایەك پشت دەبەستن بەو توڕەبوونە ناوخۆییەی كە هاوڵاتیانی عیراق هەیانە دژی دەسەڵات و مەزهەب دژی مەزهەب و لایەنێك دژی لایەنێكی دیكە، لەلایەكی دیكەشەوە داعش هەڵلوشین و شاردنەوەی ئەو تاوانبار و خراپەكارانەیە لە ڕێزەكانیدا كە لەدەسەڵات و هێزە ئەمنییەكانی عیراق هەڵهاتوون و ڕیزەكانی داعش بەدوا پەناگەی خۆیان دەزانن.

كاتێك داعش و (هاوشێوەكانی)، كردەوەكانیان لە كوڵەجۆی گەرمیانەوە دەگوازنەوە بۆ گوندی خدر جیجە، جوڵەیەكی زیكزاكانەیە بۆ ئەوەی چاوەكان شوێنی ڕاستەقینەی ئەم تیرۆریستانە ئاشكرا نەكەن و لەسەریان نەوەستن، لەم یاریە چاوشاركێیەدا وا پیشان دەدرێت كە داعش لەدەرەوەی ژینگە و كۆمەكی هاوڵاتیانی عیراقە، بەڵام لەڕاستیدا داعش لەهەر كوێیەكی ئەم عیراقەدا بوونی هەبێت واتە ویست و پشتیوان و دۆستێكی هەیە كە هەڵگری هەمان ویست و خەونی داعشانەیە. داعش لەعیراقدا بەكۆمەكی تاكی عیراقی و ژینگە و گروپە تیرۆریستییەكانی دیكەی عیراق نەمر دەبێت و زیاتریش گەورە دەبێت.

داعش و هەر تایپێكی دیكەی تیرۆر لە عیراقدا، هەرگیز لە دەرەوەی عیراق نەبوون، ڕاگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعشدا (2017) خۆشخەیاڵی بوو، دڵدانەوەی عیراقیەكان بوو، ئەگینا بەهۆی ئەو لێكچوونە زۆر و تارماییە هاوشێوانەی داعشەوە لەسەر خاكی عیراق؛ ئەستەمە داعش كۆتایی بێت، ئەوەی لەنێوان كوڵەجۆ و خدر جیجە ڕوویداوە تەواو كاری یەك كردەوە بوون، یان داعش بوون یان هەڵگری بیری داعشی بوون !، ئەم كردەوانە بكەرەكان لەنێوان دوو بەرەدا پیشان دەدات، كردەوەكانیان دەچێتە خزمەت یەكترەوە، هەردوو لای ئەم بكەرانە لەناو یەكتردا خۆیان شاردۆتەوە و پێناسەی هەر یەكێك لەم دوو بكەرە پێناسەیە بۆ ئەوی دیكەش.

لەنێوان كوڵەجۆ و خدر جیجەدا، داعش و هاوبیرەكانی پێمان دەڵێن هەم هەموو خاكی عیراق لەبەردەستماندایە بۆ كردەوە تیرۆریستییەكانمان و تێكدانی دۆخی ئەمنی هەرێم و عیراق، هەم پێمان دەڵێن لەم عیراقەدا بستە خاكێك نەماوە بۆ داعش و داعش ئاساكان بتوانن بەئاشكرا تێدابن.
داعش و داعش ئاساكان لەنێوان كوڵەجۆ و خدر جیجەدا پێمان دەڵێن ئەوان لەدەرەوەی پێكەوە ژیانن.
ئەم دوو بكەرە تیرۆریستە هەم عیراقین و لەهەناوی كۆمەڵگەی عیراقییەوە هاتوون، هەم ویستێكی هاوبەشیان هەیە بۆ تێكدانی ئەم عیراقە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە