کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هاوسەرگیری نێوان بۆقەكان بۆ باران بارین

.

03:14 PM - 01/12/2021

بێگومان هەموومان گوێبیستی چیرۆكی هاوسەرگیریی كچە وردیلە و بۆقەكە بووین, ڕات چییە دەربارەی باران بارین و فیستیڤاڵی ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری نێوان بۆقەكان بۆ بارینی باران ؟ بەڵێ ئازیزان هندستان خەڵكەكەی و گیاندارەكانیشی لەم روانگەیەوە سەرسورهێنەرن.
لە هندستان كشتووكاڵ كۆڵەكەیەكی سەرەكی بژێوییە و بەشێكی گرنگی ژیانی دانیشتوانەكەی دابین دەكات و بۆ كشتوكاڵ كردن پشت بە باران بارین دەبەستن، ئەوەی گرفتە بەشێكی زۆری هەرێمەكە بەنداوی نییە, بەڵام لە كاتی بێ بارانیدا بیریان لە چەند ڕێگەیەك كردۆتەوە بۆ چارەسەركردنی وشكەساڵی، لەوانەش  ڕێكخستنی ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری نێوان بۆقەكان.
هندستان زۆرینەی فیستیڤاڵ و بۆنەكانیان پەیوەندی بە باری كەش و هەوای وڵاتەكەوە هەیە و بەشێوەیەكی گشتیش ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە لە وەرزی گەرمادا ڕێكدەخەن, بەتایبەت لە مانگی ئایار و حوزەیراندا.
بەشێكی زۆر لە هندییەكان باوەڕیان وایە كاتێك بۆقەكان دەقیرێنن مانای وایە باران بەڕێوەیە, باشە چۆن ؟ لەوانەیە پێت سەیر بێت، بەڵام هندییەكان باوەڕیان وایە كاتێك بۆقەكان دەقیڕێنن مانای وایە پاش چەند ڕۆژێكی كەم باران دەبارێت, بەهۆی ئەوەی بۆقەكان هەستی شەشەمیان بەهێزە و دەتوانن پێشبینی باران بارین بكەن, بۆیە لەكاتی بێ‌ بارانیدا نیگەرانی باڵ بەسەر جووتیاراندا دەكێشێت، بۆیە لەم كاتەدا بۆ گەڕاندنەوەی قیڕەی بۆقەكان گوندنشینەكان هەڵدەستن بە ڕێكخستنی ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری نێوان بۆقەكان.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ڕێوڕەسمەكە بە هەمان شێوازی هاوسەرگیری نێوان دوو مرۆڤ بەڕێوەدەچێت, واتا ئامادەكردنی دوو بۆقی پێگەشتوو بۆ هاوسەرگیریی, بەمەرجێك لە دوو خێزانی جیاواز بن, تاكو نەوەكانیان پارێزراوبن لە نەخۆشی نەخوازراو. هەر لەو چوارچێوەیەشدا هاوسەرگیرییەكە پرۆسەیەكی جدی دەبێت بە جۆرێك خێزانی بوكەكە دەچنە سەردانی ماڵی زاوا و ڕاوێژ لەسەر هاوسەرگیرییەكە دەكەن و ڕۆژی گواستنەوەكە دیاری دەكەن, كە كاتی خۆشی هات هەموو دراوسێكان بانگهێشت دەكرێن, كە دەڵێین دراوسێ مەبەستمان بۆقەكان نییە، بەڵكو دانیشتوانی ئەو ناوچەیەیە, هەروەها بوكەكە وەك مرۆڤێك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت, بە بەكارهێنانی میكیاژ و جوانكاری و گیراوەی زەردەچەوە، تاكو پێستی بدرەوشێتەوە. لەو بۆنەیەدا بوك و زاوا بەڵێن بە یەك دەدەن و ئەڵقەی هاوسەرگیریی دەگۆڕنەوە و ئاهەنگەكەش بە پێشكەشكردنی گۆرانی و مۆسیقا و سەمای ئامادەبووان و پێشكەشكردنی خواردنی جۆراوجۆر دەڕازێننەوە.
بەگوێرەی نەریتی هندۆسەكان, خواوەندی هیندییەكان سەركردەی خشۆكەكانی بەند كردووە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی,  بیرۆكەی فیستیڤاڵەكەش دەكرێت بگەرێتەوە بۆ ئەم ئەفسانەییەوە و بۆقیش سەر بە خشۆكەكانە.
وەك چۆن لای خۆشمان لە كاتی وشكەساڵی و بێ بارانیدا پەنا بۆ نوێژە بەبارانە و بووكە بەبارانە دەبرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە