کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مان سیتی یاری لوتكەی لەسان جێرمان بردەوە و بە یەكەوە گەیشتنە قۆناغی داهاتوو

.

01:02 PM - 25/11/2021

بەئامادەبوونی هاندەرێكی زۆر و لەجەولەی پێنجەم و پێش كۆتایی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانەپاڵەوانەكانی ئەوروپا یانەی مانچستەرسیتی ئینگلیزی لەیاریگای ئیتحاد پێشوازی لەیانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی كرد، تیپەكەی پیپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی كە لەیاری چونی پاریس بە2 گۆڵ بەو یانە فەرەنسی یە دۆڕابوون هەر لەسەرەتاوە بەهێرش كردنە سەر گۆڵی یانە پاریسیەكە دەستیان بەیاری كرد  و لەدەقیقەی 5یەكەم مەترسیان دروستكرد، بەڵام كیمپیمپی بەرگریكار و ناڤاسی گۆڵچی گۆڵەكەیان پاراست، لەدەقیقەی 18 ئەشرەف حەكیمی بەرگریكار رێگری لەریاز مەحرەز كرد گۆڵ تۆمار بكات و ئاست بەرزانە تۆپەكەی دورخستەوە، لەدەقیقەی 27 میندیز بەهەوڵێكی تاكە كەسی بەرگریكارانی بڕی و شوتێكی ئاراستەی گۆڵی خاوەن یاریگا كرد بەڵام ئیدرسۆن گۆڵچی لەشوێنی گونجاو ئامادەبوو، دوای ئەوە مان سیتی درێژەی دا بەهێرشەكانی لەپێناو تۆماركردنی گۆڵ و لەدەقیقەی 33 ئیلكای گۆندۆگانی ئەستێرەی ئەڵمانی نزیك بوو لەوەی گۆڵ تۆمار بكات، بەڵام شوتەكەی بەر ستونی گۆڵەكە كەوت و گواردیۆلای راهێنەری بێهیوا كرد، پێش كۆتایی هاتنی گێمی یەكەم بە2 دەقیقە كیلیان مباپێ تۆپێكی لەنەیماری هاورێی وەرگرت، بەڵام شوتەكەی بەبەرزی گۆڵەكە چووە دەرەوە و ئەو گێمە بەیەكسان بوونی سپی كۆتایی هات.
لەسەرەتای گێمی دووەم یاریزانانی پاریس سان جێرمان باشتر دەركەوتن و لەدەقیقەی 50 و دوای یاریەكی بەكۆمەڵ كە میسی و نەیمار و ئەندێر هێرێرا بەشدارییان تیادا كرد تۆپەكە گەیشتە كیلیان مباپێ و ئەو هێرشبەرە فەرەنسی یەش تۆڕی گۆڵی ئیدرسۆنی گۆڵچی مان سیتی پێ هەژاند و گۆڵی یەكەم و پێشكەوتنی یانەی میوانی تۆماركرد، یاریزانانی مانچستەرسیتی لەوەڵامدانەوەی ئەو گۆڵە زۆر دوا نەكەوتن و لەدەقیقەی 63 رۆدری تۆپێكی خستە ناوچەی سزای سان جێرمان و گەیشتە بەر قاچی رەحیم سترلینگ و ئەو هێرشبەرە ئینگلیزیەش توانی گۆڵی یەكسان كردنەوەی پێ تۆمار بكاتەوە و خۆشی بگەرێنێتەوە بۆ هاندەرانی ناو یاریگای ئیتحاد و گواردیۆلای راهێنەری، لەدەقیقەی 76 خۆشیەكانی هاندەرانی مان سیتی بووە دوو هێندە دوای ئەوەی گابرییل خیسۆس بەئەسیستێكی جوانی سیلڤا توانی گۆڵی دووەم و پێشكەوتن تۆمار بكات، ئەو ئەنجامە تافیكەی كۆتایی ناوبژیوان بەردەوام بوو مانچستەرسیتی یاریەكەی بە2 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك بردەوە و بە12 خاڵ پارێزگاری لەپێشەنگی ریزبەندی كرد بەجیاوازی 4 خاڵ لەپێش پاریس سان جێرمانی دووەم و هەردوو یانەش بەیەكەوە گەیشتنیان بۆ قۆناغی 16ی پاڵەوانێتی یەكە مسۆگەر كرد بەسود وەرگرتن لەبردنەوەی لایپزیگ لەیاریەكەی تری كۆمەڵەكە بە5 گۆڵی بێ بەرامبەر لەكلوب بروج.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە