کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ریاڵ مەدرید و ئینتەرمیلان گەیشتنە قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگ

.

12:57 PM - 25/11/2021

 یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی تۆڵەكەی شكستەكەی یاری چوونی لەیانەی شیریف تیراسپۆلی مۆڵدۆڤی كردەوە و لەجەولەی پێنجەم و پێش كۆتایی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانەپاڵەوانەكانی ئەوروپا دور لەیاریگای خۆی بە 3 گۆڵی بێ بەرامبەر سەركەوتنی بەسەردا تۆماركرد.
لەیاری چونی یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ یانەی شیریف سەركەوتنێكی مێژویی لەبەرامبەر ریاڵ مەدرید تۆمار كرد بە2 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك، بەڵام لەم یاریەدا یاریزانانی یانەی شاهانە باشتر دەركەوتن و لەدەقیقەی 30 داڤید ئەلابا لەرێگەی لێدانێكی راستەوخۆوە گۆڵی یەكەم و پێشكەوتنی تۆماركرد، دوای ئەوە هێرشەكانی یانەی میوان بەردەوام بوو، لەدەقیقەی 1ی كاتی زیادكراودا تۆنی كروس بەتۆماركردنی گۆڵێك یانەكەی لەگێمی یەكەمدا كردە خاوەن گۆڵی دووەم.
باڵادەستی تیپەكەی كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ئیتاڵی لەگێمی دووەمیشدا بەردەوام بوو، لەدەقیقەی 55 كەریم بنزیما بەشوتێكی جوان توانی گۆڵی سێیەم تۆمار بكات، دوای ئەوە ئەنجامەكە گۆڕانكاری بەسەردا نەهات و یانەی ریاڵ مەدرید یاریەكەی بە3 گۆڵی بێ بەرامبەر بردەوە و خاڵەكانی لەلوتكەی ریزبەندی كردە 12 خاڵ و لەهەمان كاتدا بلیتێكی گەیشتنە قۆناغی 16ی بەدەستهێنا.
لەیاریەكی تری كۆمەڵەی چوارەم لەجەولەی پێنجەمی چامپیۆنس لیگ یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لەجۆزێپی میاتزا میوانداری شاختار دۆنیتسكی ئۆكرانی كرد، لەگێمی یەكەمدا و سەرەڕای هەوڵی یاریزانانی هەردوو یانە، بەڵام گۆڵ تۆمار نەكراو ئەو گێمە بەیەكسان بوونی سپی كۆتایی هات، لەگێمی دووەم یاریزانانی خاوەن یاریگا باشتر دەركەوتن،لەدەقیقەی 61 ئیدین دزیكۆی هێرشبەری بۆسنی بەربەستی یەكسان بوونی شكاند و گۆڵی یەكەم و پێشكەوتنی تۆمار كرد، دوای ئەو گۆڵە بە6 دەقیقە هێرشبەرە بۆسنیەكە گەرایەوە و بەلێدانی سەر گۆڵی دووەمی خۆی و یانە ئیتاڵیەكەی تۆمار كرد و بەتەواوی دڵی هاندەران و هاورێكانی خۆش كرد، یاریزانانی شاختار هەوڵی زۆریاندا گۆڵ تۆمار بكەن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و سەرەنجام یاریەكە بەبردنەوەی ئینتەرمیلان بە2 گۆڵی بێ بەرامبەر كۆتایی هات، بەو ئەنجامە ئینتەرمیلان خاڵەكانی لەپلەی دووەمی ریزبەندی كردە 10 خاڵ و هاوشانی ریاڵ مەدرید گەیشتنی بۆ قۆناغی 16ی پاڵەوانێتییەكە مسۆگەر كرد لەپێش كۆتایی هاتنی قۆناغی كۆمەڵەكان بەیەك جەولە كە ئەوە یەكەم جارە لەدوای 10 ساڵ بۆ ئەو قۆناغە سەردەكەوێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە