کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

نرخی مریشك لە هەرێمی كوردستان دابەزی

.

04:14 PM - 24/11/2021


نرخی مریشك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان دابەزی‌و سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش دەڵێت، دابەزینی نرخی مریشك زیانی بە خاوەن كێڵگەكان گەیاندووە.
بەهۆكاری زۆری بەرهەم و كەمی خواست لەسەری، ئەمڕۆ نرخی یەك كیلۆگرام مریشك لە هەرێمی كوردستان بۆ 2 هەزار‌و 750 دینار دابەزی.
لەوبارەیەوە نازم عەبدوڵا سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان رایگەیاند، پێشتر نرخی یەك كیلۆگرام مریشك لەسەر خاوەن كێڵگەكان 2 هەزار و 100 دینار دەكەوت، بەڵام لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف و جوچك و هەندێ شتی تر، ئێستا تێچووی یەك كیلۆگرام مریشك تا پێدەگات‌و دەخرێتە بازاڕەوە 2 هەزار‌و 800 تا سێ هەزار دینار لەسەر خاوەن كێڵگەكان دەكەوێت، بۆیە زەرەرمەند دەبن.  
راشیگەیاند، زیاتر لە سەدا 20ی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان جوچكیان داخڵ نەكردووە، چونكە زیانی زۆر دەكەن‌و نرخەكەی لە بازاڕدا زۆر دابەزیووە.
پێشتریش فیراز سدیق بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بەگەلی كوردستانی راگەیاندبوو، لە هەرێمی كوردستان هەزار‌و 626 كێڵگەی مریشك هەن كە ساڵانە 165 بۆ 175 هەزار تۆن گۆشتی مریشك بەرهەم دەهێنن، جگە لەوەش 12 پڕۆژەی هێلكەی خواردن هەن كە ساڵانە ملیارێك‌و 400 ملیۆن هێلكە بەرهەم دەهێنن، ئەمانەش لە پێداویستی ناوخۆ زیاترن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە