کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەو پیاوەی هەموان بە مردنی دڵخۆش بوون

.

04:12 PM - 21/11/2021

«ئەو پیاوەی هەموان بە مردنی دڵخۆش بوون»!
مەریوان مەسعود

بەبۆچوونی من (د.فەرەج فودە) نووسەرێكی ئەوەندە گەورە نەبوو، بەڵكو نووسەرێك و ئیسلامناسێكی ئاسایی بوو كە لە وڵاتانی عەرەبی لەو جۆرە نووسەرانە ئێجگار زۆرە، بەڵام كاتێك بە دەستی ئیخوانەكان لە ساڵی 1992 تیرۆركرا، ئینجا فۆكەسی چووە سەرو بوو بە نووسەرێكی مەزن!.
ئەم نووسەرە، كتێبەكانی هەمووی رەخنەیە لە ئیسلام جا بە واقیعی نووسرا بن، یان بەشێوەی رۆمان و چیرۆك... بەڵام كتێبەكانی د.فەرەج فودە، دیزاینی بەرگەكانی سەرنجڕاكێش بووە و زۆربەیان بە شێوەی كاریكاتێر تەعبیر بووە لەوەی ئیسلامییەكان بە زەبرو زەنگ و ئیرهاب ئیش دەكەن و ئەمەش رای گشتیی میسریی كە لە كۆتایی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكان دەنگی ئیخوانەكان زاڵ بوو بە تەواویی وروژاندبوو، بەشێوەیەك لە هەموو كۆڕو كۆبوونەوەیەكی ئیخوانەكان و (ئەزهەر) و شوێنە گشتییەكان باس باسی كتێبەكانی بوون...بەتایبەت ئەو كتێبەی بەناوی (الحقیقە الغائبە) نووسیبووی كە لەسەر بنەمای چەند پرسیارێكی جەوهەری بنیاتنرابوو، بەوەی بۆچی ئیسلام مێژوویەكی خوێناوی هەیە و هەموو سەركردەو پیاوە گەورەكانیان بەدەستی خۆیان تیرۆركراون؟.. بۆیە دەپرسێت موسڵمانەكان لە پێشدا (عوسمان)یان كوشت، دواتر عەلی-یان كوشت، دواتر حوسێن-یان كوشت و سەریان لە لاشەی جوداكردەوە، هەر موسڵمانەكانیش بوون (حەسەن)یان پێش كوشتن، ژەهرخوارد كرد... بەم شێوەیە چەندین نموونە دێنێتەوە تا سەردەمی ئەمڕۆمان كە موسڵمانەكان بەرامبەر یەكتر كردویانەو «بە قسەی ئەو مێژووی ئیسلام خوێناویترینە».
دوا دیبەتیش كە د. فەرەج فودە بە ئامادەبوونی 30 هەزار هاووڵاتی میسریی لە پیشانگەی نێودەوڵەتی قاهیرە لە مانگی 1ی 1992 کردی ئەو لە بەرەیەك و هەریەك لەبیرمەندی گەورەی ئیسلامیی شێخ محەمەد ئەلغەزالی و مائمون ئەلهزیبی مورشیدی ئیخوانی موسلمین لەلایەكی تر بوون و بەپێی قسەی ئامادەبووان (فودە)توانی سەركەوتن بەسەر شێخی ئەزهەرو عەلامێكی گەورەی وەكو ئەلغەزالی و مورشیدی ئیخوانەكان بەدەست بێنێت لە بابەتی (میسر لە نێوان دەوڵەتی ئیسلامیی و دەوڵەتی مەدەنیدا). ئەمەش وایكرد رقی ئیخوانەكان لەو كاتەدا بەرامبەری زیاد بێت، تا پێنج مانگ دوای ئەو دیبەیتە، لەبەردەم ئۆفیسەكەی خۆی سەعات 6.30 ئێوارە چەند كەسێكی چەكدار خەڵتانی خوێنیان كردو تیرۆریان كرد.
*لەوانەیە كەمێك لە میدیای كوردیی، لەسەر د. فەرەج فودەو تیرۆركردنەكەی و كتێبەكانی وترابێت و نووسرا بێت، بەڵام دڵنیام ئەو نامەیە قسەی لەسەر نەكراوە، كاتێك یەكێك لە مناڵەكانی (رۆژی لەدایكبوون)یەتی و رەفیقەكانی دەعوەتی ماڵەوە دەكات بۆ كوژانەوەی مۆمێكی تری تەمەنی، كەچی هیچیان نایەن بۆ ئاهەنگەكەی و بەمەش مناڵەكەی زۆر بێ‌ تاقەت دەبێت و سەرزەنشتی باوكی دەكات، كە لەبەر نووسینەكانی و بۆچوونەكانی كەس هاوڕێیەتیان ناكات !، واتە هەموویان بە مورتەدو كافر ناوی د.فەرەج فودە دەبەن، بۆیە د. فەرەج-یش نامەیەكی چەند دێڕی بچووك بۆ هاوڕێكانی مناڵەكەی دەنووسێت و دواتر لە پێشەكی كتێبێكی دایدەنێتەوە، كە دەڵێت:
«بۆ هاوڕێكانی كوڕە بچووكەكەم ئەحمەد... ئەوانەی رەتیانكردەوە ئامادەی ئاهەنگی لەدایكبوونەكەی بن... ئەویش لەبەر بۆچوونی باوك و دایكیان لەسەر من : كە گەورەبوون و توانیتان بنووسن و بخوێننەوە، ئەو كات هەست بەوە دەكەن كە من بەرگریم لە ئێوەو داهاتووتان كردووە، چونكە ئەوەی ئەوان كردیان زۆر لە ژانی گوللە بەئازارتر بوو بۆ من».
كە تیرۆریان كرد، ئەو دێڕە بەناوبانگە لەناو شەقامی میسریی بڵاوبۆوە كە دەڵێت: یەكەمجارە میسرییەكان دڵیان بە مردنی كەسێك خۆش بێت. بەو مانایەی «كافر»ێكیان كوشتوەو خۆشحاڵن.
ئەم نووسەرە میسرییە، دوا دێڕ كە بەر لە مردنی وتویەتی ئەوەبووە: خوا دەزانێت من هیچ شتێكم نەكردووە، جگە لە خزمەت بە نیشتمانەكەم !.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە