کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حکومەت دەرمان لە کۆمپانیاکان دەکڕێت

.

04:40 PM - 15/11/2021

کۆمپانیاکان دەڵێن چیدی دەرمان نافرۆشنە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، چونکە قەرزارن، جاران کۆمپانیاکان دەرمانیان لە حکومەت دەکڕی، کەچی ئێستا حکومەت چاوەڕوانی کۆمپانیایەک دەکات دەرمانی پێ بفرۆشێت.
ئەگەر حکومەت خۆی دەرمانی هاوردەکرد واتا لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە، ئەوا لە چەند روویەکەوە سوود بە خەڵک دەگەیەنێت و کەمتریشی تێدەچێت بۆ حکومەت، ئەگەر پاکەتێک حەب بە یەک دۆلار بێت لە دەرەوەی وڵات و حکومەت خۆی بیکڕێت، ئەوا تەنها پارەی کڕین و نرخی گواستنەوەکەی دەکەوێتە سەر و کوالیتی باشیش هاوردە دەکات، بەڵام ئەگەر لە کۆمپانیایەکی بکڕێت دەبێت سوودیش بداتە کۆمپانیاکە واتا بۆی دەبێتە دوو ئەوەندەی ئەو نرخەی کە خۆی دەتوانێت بیکڕێت.
دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان دەبێت لە هەموو کۆمپانیایەک تەواو بێت لای حکومەت هەر بمێنێت، کارەساتە رۆژێک بێت و کۆمپانیاکان دەرمانەکان بشارنەوە و خەڵک ناچار بکەن بە نرخی زۆرتر بیکڕنەوە، ئەرکی حکومەتە هێندەی پاشەکەوت کردبێت بۆ کاتی لێقەومان بەرگەی زیاتر لە ساڵ بگرێت.
حکومەت ئەگەر خۆی کنترۆڵی دەرمان لە بازاڕدا بکات ئەوە ناهێڵیت هیچ کۆمپانیایەکیش یاری بە نرخەکان و کوالیتی دەرمانەکان بکات.
دەچیتە هەندێک دەرمانخانە لە چەند کۆمپانیایەک دەرمان دەکڕێت و بە چەندین نرخی جیاواز دەیان فرۆشێتەوە و بە شان و باڵی هەمووشیاندا هەڵدەدات و نەخۆشی بێچارەیش هەر گوێ دەگرێت و سەر دەلەقێنێت.
لەپاڵ هەر دەرمانێکدا چەند جۆرێکت دەخاتە بەردەم و خۆشی پێشنیاری ئەوەت بۆ دەکات کە خۆی دەیەوێت بیفرۆشێت و دەڵێت بەقسەی من دەکەیت ئەمەیان باشترە. ئەگەر ئەو دەرمانخانەیە لای وایە ئەم حەبە کە بە دوو هەزار دینارە و ئەوەی تریان بە هەشت هەزارە، ئیتر بۆچی خراپەکەش دەفرۆشێت؟ بۆچی ئەو دەرمانە دەکڕێت کە خراپترینە و هیچ کاریگەریی نابێت بۆ چاک بوونەوەی نەخۆشەکە؟ ئەگەر وانییە بۆچی دەڵێت ئەمەیان باش نییە و ئەمەیان بکڕە، ئیتر یان بە بیانووی ئەوەی ئەمەیان ئەڵمانییە یان ئینگلیزییە.
ئێستا ئوردنی و هیندی و تورکی و سوری و ئیرانیشمان هەیە، ئاخر سوریا لە ژێر کاول بووندایە ئیتر بۆچی دەبێت حەبی زەختی خوێن(ئینالاپڕیڵ) سورییەکەی لەبازاڕدا هەبێت؟ ئەوان نانیان بە باشی دەست ناکەوێت، کەچی دەرمان دروست دەکەن و دەینێرن بۆ هەرێم؟ پێویستە حکومەت چاو بەمەدا بخشێنێتەوە و سێکتەری تەندروستی زۆر هەستیارە و دەبێت بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی زیاترەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە