کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هەوڵی تیرۆركردنی كازمی بۆ؟

.

09:57 AM - 15/11/2021

 

بورهان شێخ رەئوف

ئەم وڵاتی عێراقەی ئەوڕۆ لە دێر زەمانەوە گۆمی خوێن و گۆڕەپانی جەنگ و ململانێی تاقم و گروپە جیاوازەكانە ، لەهۆلاكۆەوە تا  تەیمورلەنگ ، لە ئیسماعیلی سەفەویەوە تا عوسمانیەكان،لە داگیركەری بەریتانیای مەزنەوە تا داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكا ساڵی2003.

ناچمەوە دیرۆكی كۆنی عێراق هەر لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە ساڵی 1920  لە سێ‌ مەلیك دوانیان كوژران جگە لە وەسی (عەبدولیلا) و هەموو بنەماڵەی پاشایەتی عێراق ، لە سەردەمی كۆماریش  سەرۆك كۆمار عەبدولكریم قاسم و عەبدولسەلام عارف و سەدام حوسێنیش بە كوشتن چوون .

لەبەرئەوە هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمیش سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق كارێكی نامۆ نیە بەمێژوو و جوگرافیای ئەم وڵاتە ، بەڵام لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق 2003 یەكەمجارە سەرۆك وەزیران بەرەو ڕووی هەڕەشەی واو هەوڵی تیرۆر كردن ببێتەوە .

هۆكاری هەوڵی تیرۆرەكە

هەرچەندە هیچ كەسێك لە تاقم و گروپە میلیشاكان زاتی ئەوەیان نەكردووە بەرپرسیارێتی هەوڵی شكستخواردووی تیرۆری كازمی بگرنە ئەستۆ ، ئەگەرچی پێش چەند ساتێك هەڕەشەی توندیان لە كازمی دەكرد بە هۆی كوژرانی چەند ئەندامێكیان كە بەشداری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان دەكرد دژ بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە لایەن هێزە ئەمنیەكانەوە كە پارێزگارییان لە ئاسایشی ناوچەی سەوز ی بەغدا دەكرد .

ئامانجی هەوڵی تیرۆرەكە

ناردنی مەسجگەلێك بۆ :-

1. پێداگری میلیشیا ولائیەكان كە بەهیچ جۆرێك قایل نابن  موقتەدا سەدر كەسایەتیەكی سەربەخۆ بكاتە سەرۆك وەزیرانی عێراق ، بە تایبەتی كە ناوی كازمی لە ئاردایە بەزۆری بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران ، كە لە یەك ساڵی ڕابردوودا زۆر هەنگاوی ناوە بە ئاراستەی سەربەخۆیی لە سیاسەتی ناوخۆو دەرەكیشدا .

2. ناردنی پەیامێك بۆ هەموو هاوبەشە شیعەكان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا و بە دیاریكراوی بۆ سەدرو وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكاش ،هەر گۆڕانكارییەك لە شانۆی سیاسی عێراق كە لە ژێر دەست و هەژموونی لایەن شیعیەكانە ( هەڵۆكان )  ڕووبەڕووی توندوتیژی و ناڕەزایەتی توند دەبێتەوە ، هەرچەندە ڕەوتی سەدر سەركەوتووی یەكەمی هەڵبژاردنەكانیشە .

3. پێداگیری ئەو لایەنانە لە سەر ڕەتكردنەوەی  ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 10/10 و ئاڵۆزكردن و هەڵكشانی دۆخەكە بەرەو ئاكارێكی نەخوازراو ، لەوانە پەلاماردانەوەی نێردە دیبلۆماسی و باڵوێزخانەكان ، هەرچەندە دوای سەردانەكەی ئیسماعیل هاقانی پێدەچێت دۆخەكە بەرەو هیوربوونەوە بچێت .

4. فشار دروستكردن بۆ سەر سەدرو هەموو لایەنە براوەكانی تری هەڵبژاردنەكەی 10/10/2021 بۆ ئەوەی لایەنە سیاسیەكانی نزیك لە حەشدی شەعبی پێگەو پشكی خۆیان بەربكەوێت لە حكومەتی نوێی عێراقدا .

لەلایەكی ترەوە بە ئامانج گرتنی كازمی لەم دۆخەی ئێستای عێراقدا جۆرێكە لە تێكەڵكردنی وەرەقەكان لە پێناو دابەشكردنی دەستەڵات سەرلەنوێ‌ .

هەوڵە شكستخواردووەكە بە قازانجی كازمی شكایەوە

كازمی دوای هەوڵی شكستخواردووی تیرۆكردنی گەشتێكی بە شەقامەكانی مەدینە سەدری بەغدای پایتەختدا كرد وەكو یەكەم كاردانەوەو مەسجێك بۆ خاوەنی درونەكان ،لە هەمانكاتدا سەرچاوەكانی هەواڵ لەناو بەرەی هەماهەنگی شیعەكانەوە باس لەوەدەكەن كە دۆخی ناوخۆیی بەرەكەیان زۆر ئاڵۆز بووە دوای شكستی هەوڵی تیرۆركردنی كازمی لە هەمبەر لێدوان و پێداگیرییەكانی موقتەدا سەدر كە بەنیازە حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێك بهێنێت .

لەلایەكی ترەوە ئێستا كازمی وەكو پاڵەوانێكی نیشتمانی دێتە بەرچاو لە دوای ڕزگاربوونی لە هێرشی دروونەكان ، نەك هەر براوە بوو لەو ململانێیەی  كە لەماوەی یەك  ساڵی ڕابردوودا لە گەڵ میلیشیا چەكدارەكاندا كردی ، بەڵكوئەگەر پێش ئەم هەوڵی تیرۆركردنەی كازمی یەكێك لە بەربژێرو كاندیدەكان بوو كە شانسی كەمی هەبوو ، بەڵام لە دوای هەوڵە شكستخواردووەكە كازمی بووەتە ژمارەیەكی گەورەو بەختی زۆری هەیە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو .

 

 

 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە