کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئاماژەكانی كۆتایی دەسەڵاتی ئەردۆغان

.

11:55 AM - 25/10/2021

ئازاد ئیبراهیم

ئەحمەد وا نزیكی دوو دەیەیە رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەسەڵاتی حزبی داد و گەشەپێدان بە ویستی خۆیان توركیا دەئاژوون، لە سەرەتاوە ئەردۆغان و حزبەكەی بە بوونی چەندان سەركردەی دیاری وەك «عەبدوڵلا گویل و عەلی باباجان و ئەحمەد داود ئۆغڵۆ» توانیان توركیا لە دۆخێكی زۆر لاواز و خراپەوە بگوازنەوە بۆ سەردەمێكی دیكە كە ئەو رۆژانە توركیا لە پلەی سێیەمی وڵاتانی جیهاندا بوو بۆ رێژەی گەشتیاری و توركیا بووە خاوەن ئابوورییەكی بەهێز، بە پێچەوانەی ئێستا كە ئابووری توركیا بە دۆخێكی خراپدا گوزەر دەكات و لیرەی توركیا لە دابەزینی بەردەوامدایە و ئازادییەكان سنووردار دەكرێن. رۆژنامەی زەمانی توركی كە زیاتر لە باڵی «گویلەنییەكان»وە نزیکە، ئاماژە بەوە دەدات كە نێوانی توركیا و ئەمریكا لە دۆخێكی خراپ و تێكچوودایە و ئەندامانی كۆنگرێس فرۆشتنی فڕۆكەی F16بە توركیا رەت دەكەنەوە. هەمان رۆژنامە دەنووسێت ناكۆكییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا لە خاكی سوریادا زەقتر بۆتەوە و بایدن بەتەواوی لەشكركێشی توركیا بۆ چەند ناوچەیەكی سوریا و «خۆرئاوای كوردستان» رەت دەكاتەوە، هەڵپەساردنی فرۆشتنی فڕۆكە ئەمریكییەكان بە توركیا و تاوانباركردنی توركیا لەلایەن ئەمریكاوە بەتێكدانی ئارامیی سوریا، دەسپێكێكی باش نییە بۆ پەیوەندی توركیا لەگەڵ ئەمریكا و كۆتاییەكی خراپیشە بۆ دەسەڵاتەكەی ئەردۆغان و ئاك پارتی. ئەمە جگە لەوەی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا لەبارەی بوونی توركیاوە لە خاكی سوریادا پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و توركیا بە داگیركار ناودەبات. دەركردنی 10 باڵیۆزی وڵاتان لەوانە ئەمریكا و ئەڵمانیا و فەرەنسا لەلایەن توركیاوە، دوا رووداوی ئابڕووبەرانەیە كە ئەردۆغان بەسەر توركیای هێناوە و توركیای بەرەو قوڵایی تونێلێكی تاریك بردووە، ئەو جووڵانەی ئەردۆغان لە ناوخۆی توركیا و دەرەوەدا دەیكات، ئاماژەی روونن بەوەی كە توركیا لە داخرانێكی گەورەدایە و كۆتایی ئەردۆغانیش كە بە سەرەتایەكی میانڕەو دەستی پێكرد و لە كۆتاییدا بەخراپی لە دەستی دەدات. لە 23/10/2021 ماركۆس بلێر سەرۆكی دەستەی چاودێریكردنی پارەداركردنی جیهانی (FATF) توركیای خستە لیستی ئەو وڵاتانەوە كە پارە سپی دەكەنەوە و دەڵێت «هێشتا گرفتێكی گەورە لە سەرپەرشتیكردنی هەردوو كەرتی بانکداری و خانووبەرە لەناو توركیادا هەیە». دوای ئەوەی ژمارەیەك نووسەر و رۆشنبیری كورد نامەیەكیان ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش و رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی كرد، 44 رۆشنبیری عەرەبیش نامەیەك ئاراستەی گۆتێرێش و رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی كرد و ئەو نووسەرانە لە نامەكەیاندا دەڵێن «توركیا هەمان تاوانی سەدام حسێن دژی میللەتی كورد دەکات و پێویستە لێكۆڵینەوە لەو تاوانە بكرێت». بە وردبوونەوە لە وێنە گشتییەكەی توركیا، چ وێنە ناوخۆییەكەیی و چ وێنە دەرەكییەكەی، وێنەیەكی ناشیرین و نەخوازراوە و شەپۆلێكی جیهانیی تووڕەیی دژی ئەردۆغان هەڵیكردووە و لە سنوورەكانەوە روویان لە توركیا كردووە، ئەمەش لە دوو ئەگەر بەدەر نابێت: یان دەبێت ئەردۆغان و دەسەڵاتەكەی بە خۆیاندا بچنەوە و چیتر بەردەوام نەبن لەسەر ئەو سەركێشیانە، یان ئاماژەكان ئەوە روون دەكەنەوە كە دەسەڵاتەكەی ئەردۆغان بەرەو كۆتایی دەچێت و لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا ئەو كۆتاییە دەبینین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە