کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ڕاوێژكارێكی كازمی باس لە دابەزاندنی بەهای دۆلاری ئەمریكی دەكات

.

04:54 PM - 23/10/2021

ڕاوێژكارێكی كازمی باس لە دابەزاندنی بەهای دۆلاری ئەمریكی دەكات
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق، باس لە دابەزاندنی بەهای دۆلاری ئەمریكی دەكات‌و دەڵێت، هەوڵدان بۆ دابەزاندنی بەهای دراوی بیانی ئامانجێكی حەتمییە.
مەزهەر محەمەد ساڵح ئابووریناسی بەناوبانگی عیراق ‌و ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق، توێژینەوەیەكی بەناوی (بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عیراقی، ئاڵنگاریی‌و هەلەكان) بڵاوكردەوە‌و تیایدا ئاماژەی بەوەكردوە، لەساڵی 2020دا تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 38 دۆلار دابەزی ‌و گەشەكردنی ئابووریش سالب بووە ‌و یەدەگی دراوی بیانی بەرێژەی 23% كەمبۆتەوە، لەدوای ئەوەش سندوقی نەختی نێودەوڵەتی هۆشداریدایە عیراق، كە بەرزی بەهای دینار‌و كورتهێنانی بودجە دەبنەهۆی ئەوەی لە شەش مانگدا یەدەگی دراوی بیانی بچێتە خوار هێڵی سوورەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش بانكی ناوەندی عیراق لەمانگی كانونی یەكەمی 2020 بەهای دراوی نیشتیمانی دابەزاند.  
باسی لەوەشكردوە، لەساڵی 2021دا یەدەگی دراوی بیانی بەڕێژەی لەسەدا 23 زیادیكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵئاوسانی نرخ لەسەدا 10 بەرزبۆتەوە‌و گەشەكردنی ئابووریش هێواش بووە ‌و لەسەدا یەكی تێ نەپەڕاندووە.
بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەكە، لە قۆناغی داهاتوودا هەوڵدان بۆ دابەزاندنی بەهای دراوی بیانی ئامانجێكی حەتمییە، بەمەرجێك بگونجێت لەگەڵ دابەزینی ڕێژەی هەڵئاوسان‌و یەدەگی دراوی بیانیش لە ئاستێكدا بێت كە بتوانێت بەرەنگاری ئەو شۆكە دەرەكییانە ببێتەوە كە دووچاری تەرازوی پارەدان دەبنەوە. هەروەها تەئكیدی كردۆتەوە، كە ئەو بڕیارە پێویستی بە هەماهەنگیەكی باڵا هەیە لەنێوان ناوەندەكانی بڕیاری تایبەت بە سیاسەتی ئابووری وڵات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە