کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەتڵەتیكۆمەدرید و پۆرتۆ میوانداری لیڤەرپوڵ و میلان دەكەن

.

10:43 PM - 18/10/2021

 یانەی ئەتڵەتیكۆمەدریدی ئیسپانی راهێنانە ئامادەكاریەكانی ئەنجامدا پێش ئەوەی لەجەولەی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ لەیاریگای واندا میترۆ پۆلیتانۆ پێشوازی لەیانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی بكات، هەردوو یانە لەپێش ئەم یاریە و لەدوو جەولەی رابردوو روبەروی شكست نەبوونەتەوە، لیڤەرپوڵ بە6 خاڵ لەدوو سەركەوتن لەبەرامبەر میلان و پۆرتۆ  پێشەنگی ریزبەندی كۆمەڵەی دووەمی گرتووە، بەڵام رۆخی بلانكۆس 4 خاڵی هەیە لەدوای یەكسان بوونی لەگەڵ پۆرتۆ و بردنەوەی لەبەرامبەر میلان، بۆ ئەم یاریە گرنگە دییگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئەرجەنتینی سەرجەم یاریزانەكانی ئامادە بوون جگە لەستیڤان ساڤیچ نەبێت بەهۆی ئەوەی سزای  راگرتنی لەسەرە و پێكانیشی هەیە و هەریەكە لە خۆسیە ماریا خیمینێزی بەرگریكاری ئۆرگوایی و ماتیۆس كۆنیای هێرشبەری بەرازیلی و ماركۆس یۆرینتی دوای چاك بوونەوەیان لەپێكان بەشدارییان لەراهێنانەكان كرد، سیمیۆنی بۆ هێڵی هێرشبردن وەك هەمیشە پشت بە لویس سوارێز و ئەنتوان گریزمان دەبەستێت تا سەركردایەتی یانەكە بكەن بۆ بردنەوە و وەرگرتنی لوتكەی ریزبەندی لەركابەرەكەیان، ئەم یاریە بۆ سوارێز تایبەتمەندی هەیە كە روبەروی ئەو یانەیە دەبێتەوە كە بەدرێسەكەیەوە بەشداری لە133 یاری كردووە و لەرێگەیەوە 82 گۆڵی تۆماركردووە، لەبەرامبەردا یانەی لیڤەرپوڵ كۆتایی بەراهێنانە ئامادەكاریەكانی هێنا پێش ئەوەی بەرەو ئیسپانیا سەفەر بكات، تیپەكەی یۆرگن كلۆپی راهێنەری ئەڵمانی چاویان لەتۆماركردنی سێیەم سەركەوتنە لەپاڵەوانێتی یەكە و بەهێزكردنی پێگەكەیان لەلوتكەی ریزبەندی كۆمەڵەكە، رێدز بەورەیەكی بەرز و دەرونێكی ئارامەوە روبەروی یانە ئیسپانیەكە دەبێتەوە بەتایبەت كە لەئاستی ناوخۆیی بەردەوامە لەسەر ئەنجامە باشەكانی و شەممەی رابردوو لەهەفتەی 8ی پریمەریگ بە 5 گۆڵی بێ وەڵام شكستی بەواتفۆرد هێنا و پارێزگاری لەپلەی دووەمی ریزبەندی خولەكە كرد كە ئێستا تەنها یەك خاڵ لەدوای چیڵسی پێشەنگە، وەرزی رابردوو هەردوو یانە لەقۆناغی 16ی خولی یانەپاڵەوانەكانی ئەوروپا روبەروی یەك بونەوە ئەتڵەتیكۆمەدرید هەردوو یاری چون و گەرانەوەی بەسودی خۆی یەكلاییكردەوە و لیڤەرپوڵی هەڵگری نازناوی كردە دەرەوە، یاریەكەی تری كۆمەڵەی دووەم هەردوو یانەی پۆرتۆی پورتوگالی و ئەی سی میلانی ئیتاڵی لەیاریگای یەكەمیان كۆدەكاتەوە، بارودۆخی هەردوو یانە لەپاڵەوانێتی یەكە بەدڵی هاندەرانیان نییە بەجۆرێك میلان كە ستیڤانۆ پیۆلی راهێنەرایەتی دەكات لە2 یاری رابردوو روبەروی دوو شكست بۆتەوە و بەبێ خاڵ لەپلەی چوارەم و كۆتایی دەبینرێت، بەڵام پۆرتۆ خاڵێكی هەیە لەیەكسان بونێك و شكستێك و لەپلەی سێیەمدایە، میلان دوا راهێنانی خۆی لەیاریگای سان سیرۆ ئەنجامدا پێش سەفەركردنی بۆ شاری پۆرتۆ كە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی سویدی ئامادەی بوو دوای چاكبوونەوەی لەوپێكانەی رێگری لێكرد لەبەشداریكردنی لەدوو یاری رابردوو، ئیبرا ئامانجیەتی لەرێگەی بەشداریكردنی لەم یاریە ئەو ژمارە پێوانەییە بشكێنێت كە بەناوی فرانشیسكۆ تۆتی كاپتنی پێشوی رۆما و ئەفسانەی ئیتاڵییە لەچامپیۆنس لیگ كە لەتەمەنی  38ساڵ و 59 رۆژدا دوا گۆڵی لەبەرامبەر سیسكا مۆسكۆ تۆماركرد، ئەگەر ئیبرای تەمەن 40 ساڵ گۆڵ تۆمار بكات ئەوا تۆتی تێدەپەرێنێت و دەبێتە خاوەنی ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ لەكاروانەكەی، ماوەتەوە بڵێین یانەی میلان ئامانجیەتی یەكەم  سەركەوتن تۆمار بكات و لە كردنەدەرەوەی پێشوەختە لەو پاڵەوانێتییە رزگاری بێت كە پێشتر 7 جار جامەكەیان بەرزكردۆتەوە كە لەپێشتردا لەم پاڵەوانێتییە 8 جار لەگەڵ پۆرتۆ بەیەك گەیشتوون میلان خاوەنی 3 بردنەوەیە و پۆرتۆ لە دوو یاریدا سەركەوتنی تۆماركردووە و لە3 یاریشدا یەكسان بوون.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە