کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

زۆر بڵێی و کەم عەمەلی

.

10:46 PM - 17/10/2021

زۆر بڵێی و کەم عەمەلی

ستران عەبدوڵلا


«زۆر بڵێی لەسەر روباری نیل» رۆمانە ناسراوەکەی نەجیب مەحفوزە لەسەر توێژی خوردە بۆرژوای میسر کە عیدەیەکی زۆر بڵێیان  لە عەوامەیەکی لێواری نیل لەبەزم و رەزمی خۆیان ناکەون، تەمبەڵ و تەوەزەل ھەر خەریکی تانەوتەشەرن،  بێ ئەوەی کارێکیان لەدەست بێت. لاوانی  میسر لە کۆری نەبەزیندا گیانبازی دەکەن بۆ پەڕینەوە لە نائومێدی  و بنکۆڵکردنی سەختی بەردەم سەرکەوتن و سەرەنجام لە قاودانی نەیاران، کەچی زۆر بڵێکان ھەر ئەیڵێن و ئەیڵێنەوە و قسەش ، وەك شاعیری نەجیبی قەومی نەجیبی کورد دەیڵێت ، ناچێتە گیرفانەوە.
نەجیب مەحفوز لەم رۆمانە گەورەیەدا  وێنای چارەنووسی توێژێکی مشەخۆری کۆمەڵی  میسری دەکات کە فایق بێکەسی شاعیر ، بە رۆمان نا بەڵکو بە دێرە شیعر، وەسفی حاڵی کردون:
«کوردایەتی خورمایە بۆچی یان قسەی شەیتانییە».
نە مەحفوز و نە بێکەسی باوك کەوتنی ئەم بتی زۆر بڵێیەیان نەدی لە میسر و لە کوردەواری ، بۆیە لەھەشتاکانی سەدەی رابردوو لەگەرمەی نەبەردییەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێدا  شێرکۆ بێکەسی کوڕ ھاتەوە کایەو لەئەدەبی موقاوەمەدا توانجی لەم زۆر بڵێیانە گرتەوە.
جا ھێمن گوتەنی «نەما خانی» و نەما مەفوز و بێکەس تا نەشتەرگەری بۆ زۆر بڵێکانی ئەم رۆژگارەشمان بکەن. زۆر بڵێکانی ئەم رۆژگارە ھەم زۆر بڵێ و ھەمیش چاوقایم و رووقایمن و لەھیچ عەیبەیەك سڵ ناکەنەوە. ئەمانە وەك کارەکتەرەکانی رۆمانەکەی مەحفوز خێر و شەڕیان لە عەوامەیەکدا گەمارۆنەدراوە، ئەمانە وەك کۆرۆنای سیاسی تەشەنەیان کردووە خەریکە ئیقلیمگیر دەبن.
جا ئێستا پێش ئەوەی بکەونە بەر بیراز و کوتانەوە ھێشتا خەڵك قەرزاربار دەکەنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە