کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئایندەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا

.

07:14 PM - 17/10/2021

ئایندەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا

بورهان شێخ رەئوف

هەرێمی كوردستان ئەو ناوچە خۆبەڕێوەبەرەیە كە لە دوای ڕاپەڕینی ئازاری 1991 كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و لە دوای كۆڕەوی ملیۆنی خەڵكەكەی ، بەكەڵك وەرگرتن لە بڕیاری 688 ئەنجومەنی ئاسایش لە 5/4/1991 و دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سەرووی هێڵی 36 بە سەرۆكایەتی ئەمریكاوفەرەنسا و بەریتانیا ، دوای هەڵبژاردنی یەكەم پەرلەانی كوردستان لە 19/5/1992 و دواتر پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی دكتۆر فوئاد مەعسووم وەكو دیفاكتۆیەك هەیە و هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت .
لە پرۆسەی ئازادی عێراقیش لە ساڵی 2003 وەكو بەشێكی گرنگ و ناوەندێكی كاریگەر بۆ ئۆپۆزەسیۆنی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن ڕۆڵی هەبوو ، دواتریش لە بەرزترین ئاستادا سەركردەكانی كورد و دیارترینیان خوالێخۆشبوو مام جەلال چوونە بەغدای پایتەخت و دەوڵەتی ڕووخاوی عێراقیان بنیات نایەوە، هەر لە ماوەی ڕاگوزەرەوە تانووسینی دەستوورو دواتر جێبەجێكردنی سەرەڕای هەموو كۆسپ و تەگەرەكان .
بەڵام ئەوەی پەیوەندی بەدامەزراندنی پێگەكانی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە هەبوو تا ئێستاش زۆر جومگەی گرنگ هەیە بنیات نەنراوە ، مادەی 140 ی دەستوور ئەگەرچی لە ماوەی ڕاگوزەریشدا مادەی 58 بوو جێبەجێ نەكرا ئەم كابینەو ئەو كابینەی پێ كرا ، بەڵام پێەوانەی شۆڤێنیەكان كە دەڵێن مادەكە بەسەرچووە ، بەڵام ئەو شایستەیەكی دەستووری و یاساییە و قەرزێكە چەند كۆن بێت نافەوتێت و دەبێت هەر بدرێتەوە .
لە شەڕی تیرۆر داعشیشدا هەرێمی كوردستان لانەو پەنای ئاوەرەكان بوو ، پێشمەرگەكانیشی قەڵغانی پاراستنی هەرێم و هەموو ناوچە دابڕاوەكان بوون و لە هەرشوێنێكی تری عێراقیش پێویستی كردبێت ئامادەبوون .
لە بەرامبەردا لە دوای 2014 حكومەتەكانی عێراق لەو گیانی تەبایی و یەكڕیزییەی سەرەتای پڕۆسەی سیاسی خاوو سارد بوونەتەوەو زۆر قەیران و كێشەی نەخوازراویان هێناوەتە ئاراوە كە خزمەتی یەكڕیزی و پێكەوەژیان و عێراقێكی بەهێز نەكات ، لەوەیە ئەم قەیرانانە هەندێكی لایەنی هەرێمیش هۆكاری بووبێت .
ئەوەی گرنگە ئێستا لە دوای هەڵبژاردنەكانی 10/10/ 2021 لە عێراق لایەنە كوردییەكانی عێراق خاوەنی زیاتر لە 63 كورسین ، ئەگەر بتوانن هەماهەنگی بكەن لەناو خۆیاندا ،دەتوانن ڕۆڵی یەكلاكەرەوە ببینن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا و پێداگیری بكەن لە جێبەجێكردن دەستووری عێراقدا و ئارامی وسەقامگیری بۆ عێراق دابین بكەن .
لایەنە عێراقیەكانیش پێویستە لە زووترین كاتدا بچنە دیالۆگێكی قووڵ پڕ بەرهەمەوە بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا هەموو كێشە دەستووری و یاسایی و داراییەكان كۆتایی پێ بهێنن ، دوور بكەونەوە لە وتاری تائیفی و ئتنیكی چونكە گەلی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانیەوە ماندووە بێزاربوو لە شەڕو ململانێی نابەجێ‌ ، ئێستا عێراق و عێراقیەكان پێویستیان بە یەكگرتن و هاوكاری و بنیاتنانەوەی ژێرخانە بۆ وڵات، نەك ململانێ كۆنەكانی پێشوو هەڵ بدەنەوە، دەبێت بە زووترین كات سەری گەندەڵكاران پان بكرێتەوە و دەستیان ببڕن لە جومگەگرنگەكانی وڵات هەر ئەوان كەڵك لە قەیران و شەڕو ئاژاوە وەردەگرن .

لایەنی ئیقلیمی نێودەوڵەتی
پێویستە حكومەتی نوێی عیچراق پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكانی ڕێك بخاتەوە بە جۆرێك لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی عێراقدا بێت بە هەموو پێكهاتەكانیەوە ، دەبێت خوێندنەوەی تازەی بۆ بكرێت بە تایبەتی لە گەڵ دراوسێكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیاو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی ، كەڕۆڵی كاریگەریان هەیە لە دابینكردنی ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئابوری و گەشەپێدانی عێراق .
لە كۆتاییدا هەموو عێراقیەكان دەستیان لە سەر دڵیانەوە چاوەڕوانن لە زووترین كاتدا ئەنجومەنی نوێی نوێنەران كۆبێتەوە و سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت و ئەویش لیستی براوە ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی ڕەشیدی نیشتمانی كەلە ئاست هیواو ئاوات و ئارەزوو و خواستەكانی گەلی ستەمدیدەی عێراقدا بێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە