کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مووچەی مانگانەی مامۆستایانی وانەبێژ جێگیر دەكرێت

.

05:21 PM - 17/10/2021

وەزیری دارایی‌ و ئابووری هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەگەڵ وەزیری پەروەردە ڕێككەوتوون چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بدۆزنەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی گەلی كوردستانیش، لە كۆبوونەوەكەدا پێشنیاركراوە مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ جێگیر بكرێت‌و مانگانە لەنێوان 300 بۆ 450 هەزار دینار بێت.
وەزارەتی دارایی‌و ئابووری لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد: ئەمڕۆ وەزیری دارایی بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ هەریەك لە وەزیری پەروەردە‌و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كۆبۆوە‌و تیایدا هەر سێ لا لەسەر ئەوە ڕێككەوتن، كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بە میكانیزمێكی نوێ‌و  لە ماوەكی نزیكدا چارەسەر بكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی گەلی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا پێشنیاركراوە مووچەی مانگانە مامۆستایانی وانەبێژ جێگیر بكرێت ‌و بەپێی بڕوانامەكانیان مووچەیەكی مەقتوعیان پێ بدرێت، بەجۆرێك ئەو مامۆستایانەی بڕوانامەی پەیمانگایان هەیە مانگانە 300 بۆ 350 هەزار دیناریان پێبدرێت‌و ئەو مامۆستایانەش كە بڕوانامەی زانكۆیان هەیە مانگانە 400 بۆ 450 هەزار دینار مووچەكەیان بێت.

دوو هەفتەیە مامۆستایانی وانەبێژ چەندین خۆپیشاندانیان ڕێكخستووە و داوا دەكەن لە وانەبێژەوە بكرێن بە گرێبەست یاخود هەمیشەیی، چونكە ئێستا شایستە داراییەكانیان زۆر كەمە‌و بەشی پێداویستی ژیانیان ناكات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە