کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

٥٢٥٣٣دەرچوی پۆلی دوانزە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان پێشکەشکردوە

.

08:01 PM - 14/10/2021

بەسەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا، ئەنجومەنی وەزارەت لە زانکۆی چەرمو لە چەمچەماڵ کۆبۆوە
(٥٢٥٣٣) دەرچوی پۆلی دوانزە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان پێشکەشکردوە
 
ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پلانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پەسەنددەکات، و ڕایدەگەیەنێت لە دوای تەواوبونی پرۆسەی پێشکەشکردن لە ڕێگەی زانکۆلاین، (٥٢٥٣٣) خوێندکاری دەرچوی پۆلی دوانزە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانی کوردستان پێشکەش کردوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتی (2021/10/14)  بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونی بریکاری وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانی گشتی تایبەتمەند، کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت لە سەرۆکایەتی زانکۆی چەرمو لە قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەچو.
 
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەکدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت لە زانکۆی چەرمو، بۆ ئەمەش وتی: ئەرکمانە بە پێشکەشکردنی باشترین کواڵتی خوێندن خزمەت بە پایتەختی شەهیدان و خەڵکی ئەم ناوچەیە بکەین، چونکە ڕێبەرایەتی خەڵکێکی تێکۆشەرو بەش مەینەتی میللەتەکەمان دەکەن و سوپاسیشیان دەکەین بۆ هەوڵ و ماندوبونیان بەمەبەستی پێشخستنی زانکۆکەیان، وتیشی: باشترین پاداشت بۆ ماماندوبون و قوربانییەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە پێشکەشکردنی باشترین کواڵتی خوێندن و فێرکردنە بە ڕۆڵەکانیان.
 
هەر لە وتەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا باسێکی لەبارەی سیاسەت و کارنامەی وەزارەت و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا بەشێوەیەکی گشتی پێشکەشکردو دوپاتیکردەوە: ئامانج لەم کۆبونەوەیە گفتوگۆکردنە لەبارەی گەڕانەوەی دەسەڵاتەکانی خەرجی لەسەر داهات و پەسەندکردنی پلانی وەرگرتن لە زانکۆکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب بێت بۆ سودی دەرچوان و پێداویستیەکانی بازاڕی کار، بۆ ئەمەش دوپاتییکردەوە: وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕەچاوکردنی کواڵتی خوێندن و لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی دەرچوان کە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کردوەو ژمارەکەیان بریتیە لە (٥٢٥٣٣) دەرچو.
 
لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا پلانی هەریەک لە زانکۆکان گفتوگۆی لەبارەوە کراو دواتر پەسەندکرا، لە بڕگەیەکی دیکەشدا پرسی ئەژمارکردنی ماوەی مانەوەی خوێندکارانی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات کە بەشێوەی ئۆنڵاین بەردەوان بون، دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لێژنەی تایبەتمەند بەم بابەتە و گفتوگۆکردن  پێشنیازی لێژنەکە پەسەندکرا. هەروەها چەند بابەت و پرسێکی دیکەی پەیوەست بە پێشخستنی ئاستی زانستی و ئەکادیمی زانکۆکانی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کراو پەسەندکران.
 
جێگەی ئاماژە بۆکردنە هەر لە کۆبونەوەکەدا، د. سەڵاح رەزا سەرۆکی زانکۆی چەرمو لە وتەیەکدا باسێکی لەبارەی پێکهاتەی زانکۆی چەرمو وەک دامەزراوەیەکی زانستی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشکەشکرد، کە کارەکانی زانکۆ ڕەنگدانەوەی ستراتیژ و ڕاسپاردەکانی وەزارەتە، هەروەها کورتەیەکی لەبارەی لایه‌نه‌ جیاكانی جێبەجێ کردنی بۆلۆنیا پرۆسیس خستەڕو، بۆ ئەمەش باسی له‌ ئه‌زمونی زانكۆكه‌یان كرد لەجێبەجێکردنی پرۆسەکەو چۆنیەتی ڕوبەروبونەوەی گرفت و ئاڵنگارییەکان، بۆ ئه‌وه‌ش سوپاسی وه‌زارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد بۆ پاڵپشتی و پشتیوانیه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان له‌ زانكۆكه‌یان.
 
هەر لەچوارچێوەی سەردانی وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ قەزای چەمچەماڵ، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ستافی وەزارەت کەمپەسی نوێی زانکۆی چەرمو- یان بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لە کارەکانی پەیوەست بەباڵەخانەی کۆلێژ و بەشەکان و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکەیان کۆڵیەوە، دواتریش سێنتەری چەرمو بۆ توێژینەوەو ڕاهێنانی زانکۆیان بەسەرکردەوەو لەنزیکەوە لە کاروبارەکانی پەیوەست بە سێنتەرەکە و کارو پرۆژەکان ئاشنا بون.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە