کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێویستی گرنگیدان بەزیادکردنی بەرهەمى خۆماڵى دووپات دەکاتەوە

.

02:55 PM - 14/10/2021

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێویستی گرنگیدان بەزیادکردنی بەرهەمى خۆماڵى دووپات دەکاتەوە

لەوتەیەکیدا لەمیانی سازدانی حەوتەمین فێستیڤاڵى هەنار و پاییزی هەڵەبجە، ئه‌مڕۆ 14/10ى 2021، خاتوو شاناز ئیبراھیم ئه‌حمه‌د كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌رپه‌رشتیارى مه‌ڵبه‌ندى 1ى رێكخستنى سلێمانى (ی.ن.ک) پێویستی ئاوڕدانەوەى لەکەرتی کشتوکاڵ بۆ زیادکردنی بەرهەمى خۆماڵى دووپات کردەوە.
لەمیانی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ڕایگه‌یاند: سەربارى بارودۆخی پڕ قەیرانی ئەمساڵ لەکۆرۆنا و وشکەساڵى خۆشحاڵم ئەمساڵ بەرهەمێکی زیاتری بەرهەمى جووتیارانی خۆمان دەبینم.
سه‌رپه‌رشتیارى مه‌ڵبه‌ندى 1ى رێكخستنى سلێمانى (ی.ن.ک) وتیشى هیوادارم له‌سه‌رتاسه‌رى كوردستان زیاتر ئاوڕ له‌به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان بدرێته‌وه‌ و هاوكارى جوتیاران بكرێت بۆ دابینكردنى شوێن و هه‌ڵگرتنى به‌روبوومه‌كانیان، جگە لەهەوڵدان بۆ ساغ کردنەوەى ئەم بەرهەمانە لەبازاڕەکانی دەرەوەدا لەنێویاندا بەرهەمە خۆماڵییەکانی وەک هه‌نار، هه‌نگوین و گوێزى هه‌ورامان.
وتیشی هیوادارم وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر ئەو هەوڵانەى بەردەوام بێت بۆ پشتیوانی کردن لەجوتیاران و بەدەنگەوەچوونی داواکارییەکانیان، لەپێناو زیادکردنی بەرهەمى خۆماڵى، بەپێویستیشی زانی کە کاربکرێت تا کەرتی تایبەت زیاتر پاڵپشتی کەرتی کشتوکاڵى بکات.
جێى باسە حەوتەمین فێستیڤاڵى هەنار و پاییزی هەڵەبجە، بەچاودێری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵى سلێمانی و تۆڕى رێکخراوەکانی هەڵەبجەوە رێکخراوە و ماوەى سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە