کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كەركوك و ئاڵۆزبوونەوەی هاوكێشەكان

.

09:33 - 13/10/2021

كەركوك و ئاڵۆزبوونەوەی هاوكێشەكان

نەرمین عوسمان

كەركوك و ئاڵۆزبوونەوەی هاوكێشەكان
تا ئەندازەیەكی باش لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق كورد وەكو نەتەوە لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عیراق سەركەوتنی بەدەستهێنا، بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شكست نەبوو كاتێك ژمارەی كورسییەكانی كەمیكرد، بەڵكو دۆخێكی تایبەت وایانكرد ئەو رووبدات كە ئەوەش چارەسەركردنی بۆ قۆناغەكانی داهاتووی سیاسەتكردن قورس نییە و یەكێتی ئەزموونی هەڵسانەوەی هەیە.

كەركوك بەدرێژایی مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق خاڵی سەرەكی ناكۆكی بووە لەنێوان كورد و ئەوانی دیكەدا، هیچ سیاسەت و هەوڵی كۆتایی پێهێنانێك ورد نەیانتوانی ناسنامەی كوردستانی بوونی ئەو شارە بسڕنەوە، بەپێی هەموو ئاماژەكانیش سەرەڕای ئاڵۆزتربوونی زیاتری دۆخەكە، بەڵام ئەگەر كورد یەكگرتوو بێت ئەوا كەركوك هەر بە كوردی و كوردستانیبوون دەمێنێتەوە.

پرسی پێكەوەژیان لەو شارە لە هەموو پرسەكانی دیكە گرنگترە، هیچ هێزێكی كوردی نەبووە دروشمی پێكەوەژیانی بەرز نەكردبێتەوە و نەشیكردبێتە كردار، بۆیە سەرەڕای ستەمی زۆر لەسەر كورد و ناسنامەی شارەكەی، كەچی هیچ لایەنێك ناتوانێ بە راسیست و خۆسەپێنەر ناوی بهێنێت، بەڵكو سیاسەتی پێكەوەژیان لە كەركوك دروشمی سەرەكی بووە و هەرواش دەمێنێتەوە.

قۆناغی دوای هەڵبژاردن قۆناغێكی سەخت دەبێت بۆ كەركوك، هێزە عەرەبی و توركمانییەكان سەركەوتنی كورد قبوڵ ناكەن، بۆیە بەردەوام لە پلاندان بۆ ئەوەی كێشەی زیاتر لە شارەكە دروست بكەن و بەو هۆیەیشەوە سەقامگیری سیاسی بخەنە ژێر پرسیارەوە و بیانووش بدەنە بە سەربازكردنی شارەكە و لە پەناشیدا هەیمنەی خۆیان لەسەر كورد و كەركوك زیاد بكەن.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، كاردانەوەی كورد نابێت بەجۆرێك بێت دروشم و كرداری پێكەوەژیان وەلاوە بنێت، بەڵكو زیاتر سووربێت لەسەری و هەوڵی ئەوەبدات ئەوانی تریش رازی بكات باوەڕ بە سیاسەتی دروستی پێكەوەژیان بهێنن و كاری جدیشی بۆ بكەن.

ئاڵۆزبوونی بارودۆخی كەركوك سەرەتایەكی ترسناكە بۆ ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی عیراق، بوونی ھەندێ سوننەی توندڕەو لەگەڵ توركمانی ناسیۆنالیست و هەروەها بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆری هێزەكانی حەشدی شەعبی دۆخەكەی لە مەترسی نزیككردووەتەوە، مەترسییەكە بۆ سەر كورد، پێكەوەژیان، ئاوەدانی، بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی شارەكەیە، هەروەها دەرفەت دەداتە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و گروپە تیرۆریستییەكانی تریش چالاكببنەوە، ئەمە دەبێتە سەرئێشەی زۆر بۆ كورد و ناسنامەی شارەكە، ئەوەش دەبینم پارێزگاری كەركوك سیاسەتێكی نادروست پەیڕەو دەكات و پێكەوەژیانی خستووەتە مەترسییەوە.

لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراقدا سیاسەتی راست ئەوەیە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك، چوونە دەرەوەی هێزی سەربازیی عیراق، پێكهێنانی ئیدارەیەكی خۆجێی مەدەنی بە بەشداری سەرجەم پێكهاتەكان بكرێنە مەرج، ئەگەر ئەوە نەكرێ بارودۆخی كەركوك ئاڵۆزتر دەبێت و دووریش نییە دۆخەكە لەدەست دەربچێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11636 - 27500

سەرەوە