کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

فەیسەڵ كەریم خان: سەرباری چاوسوركردنەوە و ترساندن 28 هەزار دەنگم بەدەستهێنا بەڵام دوای سەعات 11 ی شەو یاریەكی مەترسیدار بە دەنگەكانەوە كرا

.

02:46 PM - 12/10/2021

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
هاونیشتیمانییانی خۆشەویست

کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە و فەرماندە ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ، کەمئەندامانی سەنگەر، دەنگدەر و دانیشتوانی دەڤەری سۆرانی سەربەرز. دەمەوێت لەسەرەتادا لە ناخی دڵمەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی پەرۆشی و خەمخۆری و دڵگوشراویتان بکەم بۆ بە ئومێدەوە چاوەڕوانبوون لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێڕاق.

مەبەستمە، سوپاس و پێزانینی بێ پایانم ئاڕاستەی تەواوی خەڵکی دەڤەری سۆران بکەم بۆ بەدەنگەوە هاتن و پێشوازی گەرم و باوەش کردنەوەتان بۆ سەرخستنی بەندە بۆ پەرلەمانی عێڕاق، و مسۆگەر جۆش و خرۆش و پەرۆشیتان بۆ هەمیشە لە یاد و یادەوەریماندا دەمێنێتەوە.

سوپاسی هەر کەسێک دەکەم چی بە دەنگدان یان بە هاندانی هاووڵاتییان بەشداربوون لەم پڕۆسەیە و سوپاسی نەبڕاوەی پەرۆشی و بەشداری کاراتان دەکەم لە سەرخستنی پڕۆسەکەدا. بێگومان، ئەمەکدار و بە وەفا دەبین بەرامبەر بەو متمانە و جۆش و خرۆشەی ئێوەی سەربەرز و پشتیوانیتان زامنی بەردەوامی و سوورترکردنمانە بۆ خزمەتکردنی ئێوەی بە ئەمەک و وەفادار.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان،

دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان، لە ڕێگەی چەند تیمێکی شارەزاوە تەواوی شریتەکانی دەنگدانمان کۆکردنەوە و لای خۆمان پاراستمانن. دوای کۆکردنەوەی کۆی دەنگەکان، سەرباری چاوسوورکردنەوە و ترساندن و گزیکردن، ژمارەی دەنگەکانی بەندە گەیشتنە نزیکەی (٢٨،٠٠٠) بیست و هەشت هەزار دەنگ و بەمەش زیاتر لە پێویستی کورسییەکی پەرلەمانیمان مسۆگەر کرد.

بەڵام دوای کاتژمێر (١١)ی شەوی ١٠ی ئۆکتۆبەر، یارییەکی مەترسیدار و بە چەندین ڕێگەی جیاواز جیاواز بە دەنگەکانتان کرا، بە جۆرێک کە ژمارەکان لە هەر شوێنە و بە جۆرێک دەخوێندرانەوە.

ئێمە ئێوەی سەربەرز دڵنیا دەکەینەوە کە لە دەنگەکانتان خۆشنابین و سکاڵای یاسای تۆمار دەکەین و تەواوی شریتی دەنگدان و بەڵگە و دۆکیمێنتەکان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین.

هەرچەندە، ئاسوودەین کە پشتیوانی و خەمخۆری ئێوە بۆ پڕۆسەکە زیاترە لە چەندان مەقعەدی پەرلەمانی، بەڵام دەنگەکانتان ئامانەتن و بەرگری جیددییان لێدەکەین تا دەگەینە ئەنجامی کۆتایی.

لێرەشەوە هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە گوایە هەڤاڵێکی یەکێتی بەشێک بێت لە یاریکردن بە دەنگەکانەوە، بەپێچەوانەوە هەم هەڤاڵی هاوسەرۆک- هاڤاڵ بافڵ تاڵەبانی و هەم هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی و هەڤاڵ دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، چۆن لە بانگەشەکەدا پشتیوان و هاوکارمان بون ئێستاش بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گێڕانەوەی دەنگە دزراوەکانتان.

لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم، تەواوی ئەنجامە بەراییەکان ڕەتدەکەینەوە چونکە یارییەکی مەترسیدار بە دەنگەکانتان کراوە، و زیاتر لە ١٦١ سندوقیش تا دوێنێ نەنێردرابوون بۆ بەغدا، کە ٨٠ سندوق لە ناویاندا هی بازنەی یەکی سۆرانن؛ دڵنیاشتان دەکەمەوە کە دەنگی ئێوە ئامانەتە و تەواوی دەنگەکانتان بە ئامانەتەوە سەیر دەکەین و پاراستنییان بە ئەرکی لە پێشینەمان دەزانین، و دڵنیابن هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە دزینی دەنگەکانتان.

فیصل کەریم خان محمود برادۆستی
١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە