کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پارێزگاری هەولێر شەکری شکاند

.

07:09 PM - 06/10/2021

پارێزگاری هەولێر شەکری شکاند

مژدە ئیسماعیل  _ کاندیدی ژمارە ٢٢
لە بازنەی ٤ی هەولێر

هەر کە دیتم قسەی کردیە خێرا چووم بیخوێنمەوە، گۆتم بەخوای والی تازەی شارە و قسەی باق و بریقی پێ نییە، ئەکید کێشەی ئاوی باداوەی حەل کردیە !

فکرم کردەوە گۆتم نا، پێش بارینی بارانە و ئەکید جەنابی پارێزگار کێشەی ئاوەڕۆی هەولێری حەل کردیە! هیچکە جسری سەیداوە ناکەوتە بن ئاوێ! ئەویش نەبوو.

گۆتم ئەکیدبە والی کێشەی زەوییەکانی حەسارۆک و خزمەتگوزاری بنەسڵاوە و سیمی خاتووناوەو شاوێس و پیرزین و بەحرکە و تەیراوە و سێتاقانی حەل کردیە، وەڵا ئەویش نەبوو!

گومانم نەما، گۆتم والی باش فکری کردیتەوە و کۆرانەکانی بێرکۆتی نوێ و قەراتی نوێ و گەڕەسۆری قیڕ کردیە، وەڵا بابە ئەوانە نەبوو.

وازم لەو فکرانە هیناو گۆتم محافزەکەمان بڕیاری دایە دیفاع لە هەولێرییەکان بکا و کابرای شەقوەشێنی گرتووە، ئەوەی لە مامۆستاکەی هەولێری دا، وەڵا ئەویش نەبوو.

فکرم کردەوە لەوانەیە جەنابیان داوای لێبووردن لە کەسوکاری ئەوانە بکات کە لەسەر دیدی جیاواز لە سجنیان کردوون و بەندکراوە بەناهەق گیراوەکان بەردەدەن، ئەویش نەبوو.

وەمزانی والی ئاقڵ بووەو قەناعەتی بە حزبەکەی کردیە، خەڵکی هەژارو رەش و رووتی هەولێر بەبێ تەزکیەی حزبی و وەرەقەی رێکخراو و ناوچە دەتوانن بیر لێبدەن و کاسبی بکەن و لەسەر زەوی خۆیان خانوو دروست بکەن، ئەویش نەبوو!

زۆرم فکر کردەوە هیچیان نەبوو، دیتم والی خۆی لەبیرچووەو شەکرەکی گەلەک لەخۆی گەورەتری شکاندیە! نەیزانیە محافزەو هەر وایزانیە لە مەراسیمە حزبیەکانە لەپشت مایکەوە هاوار بکاو بقیڕێنێ!

ئەوجا با بێینە سەر وەڵام و دوو قسەی هەق بۆ ئومێد خۆشناوی محافزی پارتی:

جارێ پێش هەموو شتێک خەڵکی بە شەرەفی هەولێر دەزانن ئێمە چۆن هاتینەوە هەولێرو ئێوە چۆن! کاک کۆسرەتی هەولێریان لەگەڵ پێشمەرگەکانی بە سەربەرزیەوە بەپێ هاتنەوە هەولێرو لەبەردەم ئەو بینایەی ئێستا تۆ محافزی سەربەرزانە پێدەکەنی و بە هەولێرییەکانی گۆت ئەوە ئێمە لێرەین!
ئێوە چۆن هاتن؟ بە ترسەوە، بە سەرشۆڕیەوە لەسەرپشتی  (٣١) ریزە دەبابەی رژێمی بەعس و سەدامی خوێنمژ هاتنەوە هەولێر، دەی پێم بڵێ کێ سەربەرزترە!

جەنابی والی باسی دزی و تاڵانی دەکەی، کام دزی و تاڵانی؟ ئەوەی بە تەنها لە ٣١ی ئاب لە هەولێر ٣١ هەزار ماڵ و دوکان تاڵان کرا، کێ کردی، هەر ئێوەو حەرەس جمهوریەکانی دۆستتان نەبوون!

ئەمڕۆ نییە ئێمە دەزانین لەو شارە خزمەتگوزاری خراپە، هەر ئەوەنا ٢٥ ساڵە ئێوە ئەو شارە دەچەوسێننەوەو خەڵکەکەی ئازار دەدەن و ئازادیتان نەهێشتووە، هەولێرێکی تازەتان بۆ خۆتان و ئاغاکانتان دروستکردووەو خەڵکی رەسەن و ئەسڵی هەولێریش بێ خزمەتگوزارین و هێشتاش کێشەی ئاو و کارەبا و قیرتاوکردنی شەقامەکانیان هەیە.

جەنابی والی و حزبەکەی زۆر باسی فرەکێخوایی دەکەن، پێدەچی لە بەینی ئازادی و دیموکراسی و دیکتاتۆری لێیان تێکچووبی، ئێمە شانازی بەوە دەکەین حزبەکەمان رای جیاوازەو هەموومان بیر دەکەینەوە، وەک خەڵکی تر نین چەند کەسێک لە جیاتی هەمووان بیر بکەنەوە!

ئەو مەحافزە حزبیە دوو رۆژەی هەولێرو حزبەکەی، زۆر باسی دوو ساڵ حوکمڕانی یەکێتی لە هەولێر دەکەن، ئەوکاتەی کاک کۆسرەت سەرۆکی حکومەت بوو مووچەی زیادکرد و بە قەرزیش با نەیدەهێشت خەڵک برسی بێ، خەڵکی بە شەرەفی هەولێر باش لەبیریانە سەرۆک حکومەتەکەی ئێمە هەموو رۆژ دەرگای لەسەر پشت بوو بۆ خەڵک، لەسەر جادە و سەر بۆنیتی سەیارە ئیشی خەڵکی جێبەجێ دەکرد، جەنابیشت ئەوکات یەکێک بووی لە موراجیعەکانی بۆ چوویتە لای؟
سەرۆک حکومەتەکانی ئێوەش کە بە جادەدا دەڕۆن رێگایان بۆ قەتع دەکەن و بە هامەر و هێزی سەربازیشەوە ناوێرن بڕۆنە ناو خەڵک، هەفتەیەکی لەناو خەڵک بوونی کاک کۆسرەت زیاترە لە چوار ساڵی سەرۆک حکومەتەکانی ئێوە، هێشتا پێی دەوێ!

جەنابی محافز باسی ویژدان و سەنگی مەحەک دەکات، بەڵێ ئەگەر ترس و تۆقاندن و هەڕەشەو تەزویرەکانتان نەبێت، دەنگی خەڵکی تێکۆشەری هەولێر سەنگی مەحەکەو خەڵک پێتان دەڵێت کێی دەوێ و چی دەوێ؟ واباشە بێدەنگ بیت و مەسەلەی قەیسەری و کونەمشک نەهێنیە گۆڕێ، چونکە ئەوکاتەی پێشمەرگەکانی یەکێتی قەیسەریان لە بەعسیەکان کردبووە کونەمشک خەڵک لە کەرەج بوون! ئێمەش دەزانین ئێوە لەکوێ هاتوون؟ چۆن هاتوون، چیتان کردووە تا هاتوون، بە قسەمان مەهێنن با دەممان نەکەینەوە ئەگەرنا مێژووەکەتان ئەوەندە پڕە لە خیانەت تا (٣١) سەدەی تر و (٣١) هەزار ساڵی تریش تەواو نابێ.

دوا قسەم بۆ جەنابی محافز، زۆر ناگەڕێمەوە دواوە، لە شەڕی داعش، هەر کە داعش نزیک بووەوە راتان کرد و داواتانکرد فریاتان بکەوین، خێرا هاتین، دەزانی لۆ؟ ئێمە خەڵکی رەسەنی هەولێرین و بەخوێن ئەو شارەمان لە بەعس رزگارکرد و بەخوێنیش دەمانپاراست و پاراستمان، بەڵام ئێوەنا، دڵنیابووین چۆن بە پشتی دەبابەکانی بەعس هاتن ئاواش راتان دەکرد و جێتان دەهێشت، چونکە پێوەی ماندی نەبوون و بەعس شارەکەی بۆ داگیرکردن.
بۆ ئەمڕۆ و سەد ساڵی تریش، هەزار (٣١)ی ئابی تریش بکەنەوە، هەر ئێمەین خەڵکە بە شەرەفەكەی هەولێر دەپارێزین و دیفاعیان لێدەکەین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە