کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قسەكردن لەسەر پێگەی مام قسەكردنە لەمێژووی زیاد لە نیو سەدەی گەلێكی ستەم لێكراو

.

05:41 PM - 03/10/2021

قسەكردن لەسەر پێگەی مام قسەكردنە لەمێژووی زیاد لە نیو سەدەی گەلێكی ستەم لێكراو
فەهمی بورهان
قسەكردن لەسەر پێگەی مام و یادكردنەوەی ئەم ڕابەرە مەزنە، قسەكردنە لەمێژووی زیاد لە نیو سەدەی گەلێكی ستەم لێكراو، ستەمی مێژوو، جینۆساید، ڕاگواستن و شارو گوند خاپوركردن، قسەكردنە لە مێژوویەك پڕە لە شكۆ و سەركەوتن، لەداستان و نەسرەوتن، هەروەك چۆن قسەكردنە لە گلانی شۆڕش و شەهید بوون، مێژووی خەباتی مام جەلال، گێڕانەوەی چیرۆكی نەمری و چیرۆكی داستانە مەزنەكانی میللەتێكی بەتەنها جێهێڵراوی ڕۆژهەڵاتێكی سیغناخ لەغەدر و سیغناخ لەبێ مروەتی و داماڵراو لە هەموو بەهایەكی مرۆڤبوون، چیرۆكی مام گێڕانەوەی حیكایەتەكانی (40) چل ملیۆن ئینسانی كوردو ڕاژەنینی ئازارەكانی جەستەی نیشتمانێكی سوتماك كراوە، چیرۆكی ئازاری ئەو پاكیزانەیە، كەلەم سەردەمی مۆدێرنەیەدا، بەبەرچاوی ویژدانی نوستووی جیهانەوە بەرەو خۆرئاوابوون كۆچیان پێكردن.
یادی مام جلال یادی وەفاو یادی وانە مەزنەكانی ئازادی و یادی ئەو سایەو سێبەرەیە، كە هەموو ئازادی خوازیێكی ڕێگای سەربەستی هەناسەكانی بەختەوەری و هەناسەكانی مرۆڤبوونی لەپەنجەرەكانی هیواوە تێكەڵ بە خەونەكانی مناڵی ئەكردو ئامێزی بۆ ئەوسرودانە ئەكردەوە كە لەشەوەزەنگی مەترسێكاندا هەتاوی ڕۆشنكردنەوەی ناخ و ورەی سەردەمی بەورەكانی شۆڕش بوون، یادی مام یادی بەگژدا چوونەوەی دیكتاتۆریەت و ستەم و جەوری حاكمە زۆردارەكانی مێژووە، یادی ئەو  وانانەیە كە كەرامەتی مرۆڤی ئەپاراست و سرودەكانی هەڵسانەوەی دوای شكست و بێ ئومێدی تێیدا ئەچڕی ، یادی مام، یادی هەزاران شەهیدو هەزاران ناونیشانی سەروەری سەرگڵكۆی ئازیزانمانە، یادی ئەو گوندانەیە كەپاروی دەمی مناڵانیان بۆ پێشمەرگە ئەبردو گوندەكانیان ئەكرد بەسەنگەری پاراستنی شارەكانمان.
یادی مام، یادی گێڕانەوەی گۆرانیەكانی كورد بوونە كەلە مزگەوتێكی لادێ وە تێكەڵ بە سروتە ئاینیەكانی مرۆڤبوونەوە ئەكرد و ئەبوو بە تێشووی ئەو جوتیارەی بەدەم ڕێیی خەباتەوە جەرگی خاكی هەڵ ئەكۆڵی و مژدەی لەدایك بوونێكی نوێی بەگوێی شاردا ئەدا و لە تەنیشت هەرگۆڕێكی ون بووی ئەم خاكەدا گوڵاڵەسورەیەكی تری لە پێدەشتی بەهاری ئازادیدا بۆ وەرزی نوێێ بەرنگاری ئەڕواندەوە.
یادی مام یادی ئەو شۆڕشەیە كە نەیهێشت پۆلەكانی خوێندن ساردوسڕ بێ و دەنگی ئەلف و بێی كوردی گەیاندە گوێی ئەوانەی كەلە ووشەی كوردی قەڵسەبوون و دارخورمایان لەشاخەكانی كوردستان ئەڕوان .
یادی مام یادی نان و ئازادیە بۆ نوسەران و یادی گەڕانەوەیە بؤ خانووە قوڕەكانی مێژوو، یادی مام یادی كەرنەڤاڵەكانی ڕاپەڕین و چەخماخەی هەستانەوەی دوای ئەنفال و هەڵەبجەیە .
یادی ئەو مەزنەیە كەفیدڕاڵی كرد بەواقیع و ژنی ئازاو ئازاد كردو ڕووبەرەكانی ئازادی بەردەم میدیاكاری گەیاندە لوتكە، یادی مام یادی بەعەقڵانی كردنی شۆڕش و گەڕانەوەی مۆڕاڵەبۆ ژیانەوەی حیزبایەتیەكی هاوچەرخ، مام دیوە جوانەكەی سیاسەت و جۆش دانەوەی كوانووی خەباتە لەسۆزەوە، بۆ پڕۆژەی بنیات نانی نەتەوەیەك كەجەوهەرەكەی مرۆڤبوونە.گێڕانەوەی چیرۆكەكانی ئەودیو سنورەو گەیاندنی ئازارەكانی نیشتیمان بوو بە كۆمەڵگای ویژدان نوستۆكانی مێژوو،
گێڕانەوەی چیرۆكەكانی مام كاری نەكردەیەو ئاستەمە مرۆڤێك هەبێت لەئاست لوتكەی ئەم شاخەدا بەئاسانی هەڵ بزنێو دەست بەكەمەری نەمری ئەوەوە بگرێت، بۆیە لەمەرگی ئەودا خەندەو جوانی گۆرانیەكانی موحیبەتیش لەچڕین كەوتن و كوردستان سەراپا لەمەرگی ئەودا نغرۆ بووە.
ئەمە چ مەرگێكە سات لەدوای سات بەئازارترو ساڵ دوای ساڵ لەیادی مەرگی دا ئازاری مەرگی نیشتمانێك لەبرین و وڵاتێك لەگریان وەك میراتی شیوەن جێدەمێنێ و یادی ئەویش وەك هەمیشە بە ئاسمانی سەربەرزیمانەوە بە نەمرێ ئەمینێتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە