کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی: ئێمە یەکڕیزین و شەڕ بۆ یەکڕیزی کورد دەکەین لەبەغداد

.

09:49 PM - 14/09/2021

قوباد تاڵەبانی: یەکێتی بەکۆتاییهێنان بەقاچاخچێتی و مافیاگەری، دەبێتەوە بەیەکێتیەکەی مام و کاکە نەوە

قوباد تاڵەبانی: بەیەکەوە ئەتوانین ئەو گۆڕانکارییانە بەدی بهێنین کەگۆڕان لەپێناویان دامەزرا

سەرلەئێوارەی رۆژی ١٤ی ئە‌یلول لە‌ دە‌ڤە‌ری راپە‌ڕین، هاوپەیمانی کوردستان بە‌ ئامادە‌بوونی كاندیدە‌كانی كە‌رنە‌ڤاڵێكی جەماوەری رێکخست.
لەو کەرنەڤاڵەدا قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و سڵاوی گەیاندە ئەو جەماوەرەی رانیە و پشدەر و بتوێن و دوکان کەبڕیاریانداوە لەم هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانی مام جەلال و کاک نەوشیروان سەربخەن، هەروەها سڵاوی لەو خەڵکە ناڕازی و توڕەیەش کرد کەلەبەر هەر هۆکارێک بێت هێشتا دوودڵن یان هەر بڕیاریان نەداوە بەشداری دەنگدان بکەن.
قوباد تاڵەبانی وتی: ئێمە یەکڕیزین و شەڕ بۆ یەکڕیزی کورد دەکەین لەبەغداد، بۆیە داواتان لێدەکەم دەنگ بە هاوپەیمانی کوردستان بدەن تاکو بەو یەکڕیزییەمان، شەڕی بودجە و مووچە بکەین و خزمەتگوزاری زیاترتان پێشکەش بکەین و هەرچی پڕۆژە ماوە بەدووسایدی رانیەشەوە تەواوی بکەین، چونکە ئەم دەڤەرە شایستەی پرۆژەی جوانتر و خزمەتگوزاری باشترە.
 قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد کە لەخولی رابردوو، دوو نوێنەری ئەم دەڤەرە کەنوێنەری یەکێتی و گۆڕان بوون، رۆڵی کاریگەریان بینی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، بەیەکەوە توانیمان بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین و بودجەی عیراق تێپەڕێنین. توانیشیان بودجەی پێویست تەرخان بکەن بۆ پرۆژەی نەخۆشخانەی رانیە، کە بەم زووانە پەسەند دەکرێت.
قوباد تاڵەبانی داوای لەجەماوەری دەڤەری راپەرین کرد لەپێناو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز لەهەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانەوەی قوتی خۆیان و  خێزانەکانیان، دەنگ بدەن بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان. وتیشی بۆیە پێداگری لەسەر هاوسەنگیی هێز دەکەم، چونکە دەنگدان بە لایەنە بچووکەکانی ئەم دەڤەرە، وەک ئەوەیە بەناڕاستەوخۆ دەنگ بدەن بەهێزی رکابەری سەرەکی هاوپەیمانی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
قوباد تاڵەبانی بەھەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی وت: ئێمە کەپەرت بووین لاواز بووین، بەڵام کەبەیەکەوەبین، بەهێزترین، بەیەکەوە گۆڕانکاری و چاکسازی ریشەیی لە ھەرێم دەکەین، ئەتوانین ئەو گۆڕانکارییانە، لە بەڕێوەبردن، لە شەفافیەت، لە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، لە چاکسازی، لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێ بە جێ بکەین کە گۆڕان لە پێناویان دامەزرا.
لەکۆتایی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی بەجەماوەر و هەڤاڵانی یەکێتی راگەیاند: یەکێتی یەکێتی ئێوەیە، یەكێتی بە ئێوەوە وەک چیای کێوەڕەش، وەک کۆسرەت، وەک ساراو پیرەمەگروون وایە، هەرگیز ناشکێت. دڵنیاتان دەکەمەوە یەکێتی بە راماڵینی گەندەڵی، بەکۆتاییهێنان بەقاچاخچێتی و مافیاگەری، بەخزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبێتەوە ئەو یەکێتییەی مام و کاکە نەوە و هەڤاڵە تێکۆشەرەکانیان دایانمەزراند.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە