کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دەرباز کۆسرەت ڕەسول: یەکێتییەکی بەهێز تاکڕەوی بڕیاردان لە کوردستان ناهێڵێ

.

08:36 PM - 14/09/2021

دەرباز کۆسرەت رەسول سەرپەرشتیاری هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند: دەمانەوێ دەنگی راستەقینەی هەولێرو هەولێرییەکان بین، دەبێ هەولێرییە رەسەنەکان نوێنەرایەتی خەڵکی تێکۆشەرو قارەمانی هەولێر بکەن.
ئەم وتانەی دەرباز کۆسرەت رەسول سەرپەرشتیاری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤/٩/٢٠٢١ لەمەراسیمی ناساندنی کاندیدانی هاوپەیمانی لە بازنەی (٢ و ٣)ی هەولێر هات، کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە جەماوەری سنوورەکە بەڕێوەچوو.
لە درێژەی وتارەکەیدا دەرباز کۆسرەت رەسول گوتی: گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو عێراق پێویستی بە یەکێتییەکی بەهێز هەیەو بە دەنگدانتان دەتوانین بەهێزبین و باڵانسی هێز لە کوردستان راست بکەینەوە، کە باڵانسی هێز راست کرایەوە، تاکڕەوی لە بڕیاردان نامێنێت و یەکێتی بە سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی مام جەلال دەتوانێ چارەسەری کێشەکان بکات.

دەقی وتارەکەی دەرباز کۆسرەت رەسول:

ئامادەبووانی خۆشەویست

بەخێربێن بۆ مەراسیمی ناساندنی کاندیدانی هاوپەیمانی لە بازنەی (٢ و ٣)ی هەولێر.

خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم و هەموومان پێکەوە کاردەکەین بۆ سەرخستنی کاندیدانمان لە هەولێری قەڵاو منارە، هەولێری تێکۆشەران و قارەمانان، هەولێری شێرە کوڕانی رۆژانی سەخت.

تێکۆشەرانی یەکێتی لە هەولێر
ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە کە کوردستان و عێراق بە دۆخێکی هەستیار تێپەڕ دەبێت و گۆڕانکاری گەورە لە ئارادایە، ئەم گۆڕانکارییانە پێویستی بە یەکێتییەکی بەهێز هەیەو بە دەنگدانتان دەتوانین بەهێزبین و باڵانسی هێز لە کوردستان راست بکەینەوە، کە باڵانسی هێز راست کرایەوە، تاکڕەوی لە بڕیاردان نامێنێت و یەکێتی بە سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی مام جەلال دەتوانێ چارەسەری کێشەکان بکات و دەستوور بکاتە بنەمای سەرەکی کارکردن و چارەسەری کێشەکان.

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان
یەکێتی حزبی ئێوەیەو لە هەناوی ئێوە هەڵقوڵاوەو هەر بە حزبی شەهیدان و تێکۆشەرانیش دەمێنێتەوە، ئامانجمانەو خەبات دەکەین لە پێناو یەکێتییەکی بەهێز، ئێمە لە هەولێرین، ئەو هەولێرەی تێکۆشەران و قارەمانانی یەکێتی قەیسەریان لە بەعس کردبووە کونەمشک و هەر پێشمەرگەو سەرکردەکانی یەکێتیش هەولێریان لە بەعس رزگار کرد، بۆ ئەمڕۆ و داهاتووش دەمانەوێ دەنگی راستەقینەی هەولێرو هەولێرییەکان بین، دەبێ هەولێرییە رەسەنەکان نوێنەرایەتی خەڵکی تێکۆشەرو قارەمانی هەولێر بکەن، ئەوە ئێوەن دەتوانن هەولێرییە رەسەن و راستەقینەکان هەڵبژێرن و بیانکەنە نوێنەری خۆتان، یەکێتی هەمیشە خۆی بە خاوەنی هەولێر زانیوەو داکۆکی کردنیش لە هەولێرییەکانی بە ئەرکی خۆی زانیوە.
ئێمە دەمانەوێ لەناو جەرگەی هەولێر، لە گەڕەکە شەعبییەکانەوە دەست پێ بکەین و خزمەتیان بکەین، وەک هەمیشە ئامانجمانە دەنگی هەژاران و رەنجدەران بین، دەنگی کاسبکاران و چین و توێژە جیاوازەکان بین.

میوانانی قەدرگران

دەنگدان بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کاندیدەکانی هاوپەیمانی وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و خەباتی تێکۆشەرانمان.
دەنگدان بە هاوپەیمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دابینکردنی ئایندەیەکی گەشە بۆ گەنجان و لاوانمان.
هەموومان پێکەوە، لەپێناو سەرخستنی کاندیدانی هاوپەیمانی و یەکێتی ماڵ بە ماڵ و دەرگا بە دەرگا دەکەین و دەبینە نوێنەری راستەقینەی ئێوە.

دووبارە بەخێربێن و زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە