کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەسڵی مەسەلەكە ئەمەیە

.

10:20 PM - 08/09/2021

ئەسڵی مەسەلەكە ئەمەیە

ستران عەبدوڵلا

ئێمە لە بنچینەدا كوڕی بزوتنەوەیەكی شۆڕشگێری یاساغین، لەتەواوی «كوردستانەكان» و وڵاتانی دراوسێدا قاچاخی سیاسیین و خۆشیان پێمان نایە.
كوڕی بزوتنەوەیەكین ستوونە پتەوەكەی پێكهاتنی، بەهانە سەرەكییەكەی دروستبوون و مانەوەی تا ئێستای ماف و داخوازییە نیشتمانیی و نەتەوەییەكانە.
بەم مانایە ئێمە بزووتنەوەی مافەكانین، بۆ ئەوەی ئەم شرۆڤەش جێی خۆی بگرێ و مانای خۆی وەربگرێت گەرەكە ئێمە خەسڵەت و پێگەی خۆشمان بزانین. بزووتنەوەی كوردایەتی تا ئێستاش بزووتنەوەیەكی قاچاخ  و دانپیانەنراوە. « لەم بەشەی باشوور دانپیانانێكی نیوداشی هەیە» ئەوەی تێیدایە و خزمەتی دەكا، ئەوەی پێشمەرگەیەتی و هەڤاڵی ریزەكانێتی نە دەترسێ و نە دەبێ بترسێ، هیچ سوكایەتی و جوێن و زبری و هەڵچوونێكی ناڕەوا پاشگەزی ناكاتەوە، بۆیە هەق نییە كەس هەڕەشە و گوشارمان لێ بكا و  تۆمەتی ئاست نزم و شەرمەزارمان بۆ بتاشێ. لە داگیركەر نەترسین حەتمەن لە جاشی فیكری و مەفرەزەی  رەدوكەوتوو و میلیشیای ئەلكترۆنی ئێوە ناترسین.
بە ویژدانی گیانبازێكی ئازادیخوازەوە لەهەر وێستگەیەكا تۆزێ بیری لێ دەكەینەوە و كەمێ دەست لەسەر دڵ دادەنێین تا بە«چاوی دڵ» هەڵسەنگاندن بكەین و كەمێكی زۆریش دایبرێژین ئینجا بڕیارە دروستەكە بدەین.
لەبەر ئەوە لێكدانەوەیەكی هەڵەیە هەندێك كەس پێی وابێ بە زبری و زەبر دەتوانن كار لە روانین و بژاردەكانمان بكەن.
هەر لەرێوە ئەو قەدەرەمان هەڵبژاردووە،لە بنچینەدا كە پێشمەرگەین، دیارە پێش مەرگ كەوتوین. كوڕ و كچی كوردایەتیین بە ستایڵی یەكێتیانە و جەلالیانە، بۆ هەوەس و فیز پێشمەرگە نیین، بۆ روانینی خۆمان دەروێشین، بە سروشتی بزووتنەوەكەمان قاچاخین فەقەت  قاچاخچی نین و بە ئیستلاحی كۆنی عوسمانی «ئەشقیاین» یان «عوساتین » لە پێناوی مەسەلەیەكی رەوادا كە مەسەلەی نەتەوە و نیشتمانەكەمانە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە