کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خوێندن و بازاڕی كــــــــار

.

04:54 - 05/09/2021

خوێندن و بازاڕی كــــــــار

سەركــــــۆ یونس

وڵاتانی تازەپێگەشتوو، كە لە هەوڵی پەرەپێداندان چەندین گرفت و بەربەست و كێشەی گەورەیان لەبەردەمدایە، بەگشتی و نەگونجاندنی دەستی كارو بازاڕی كار گرنگتریانە.

گومانی تێدا نیە، ئەگەر بەقەبارەی زانكۆوپەیمانگاكانمان، كارگە و كارخانەی بەرهەمهێنانمان هەبێت، ئەوا ئابوری هەرێم لەم چەقبەستویی و ئاستە نزمەیدا نامێنێتەوە، دەچێتە قۆناغی گەشەسەندن و بوژانەوە.

بوونی زانكۆ و پەیمانگاكان، لەهەر كۆمەڵگا و وڵاتێكدا، نیشانەی بەرەوپێشچوونی ڕۆشنبیری و فەرهەنگ و خوێندەواری ئەو كۆمەڵگا دێت.
بەڵام ئەوەی كێشەكەی قووڵكردوەتەوە نەبوونی هاوئاهەنگی یە لە نێوان كەرتی خوێندن و بازاڕی كاردا.
لەهەرێمدا كوڕان و كچان دوو ساڵ یان چوارساڵ لەبوارێكدا دەخوێنن، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە ئەم پسپۆڕیانە لەبازاڕی كاری هەرێمدا پێویست بێت یان نا ؟

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا، بەتایبەت لەدوای ساڵی 2014 ەوە، بەسەدان كوڕ و كچ، لەزانكۆ و پەیمانگاكان بڕوانامەیان بەدەستهێناوە و ئامادەن بۆ كاركردن، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و كێشەكانی هەرێم و بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی كۆرۆنا و دەیان كێشەوقەیرانی تر، حكومەتی هەرێم، نەیتوانیوە دەرفەتی كار برەخسێنێت لەكەرتی گشتی دا،  هەرچی كەرتی تایبەتییشە، جگە لەهەندێ كۆمپانیای گەورە، ئەوانی تر نەبوونەتە سەرچاوەی بەدەستهێنانی هەلی كار بۆ خاوەن بڕوانامەكانمان.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو وتوێژینەوەی زانستی، ساڵانە نزیكەی (25 بۆ 30) هەزار دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكان لەهەرێمدا ئامادەن بۆ كاركردن و دەخرێنە بازاڕی كارەوە، بێگومان ئەم ژمارەیە گەورەیە و ساڵ لەدوای ساڵ، قەبارەی دەرچووان لەهەڵكشاندایە.

گونجانی دەرچوانی زانكۆكان لەپسپۆرییەكان لەگەڵ بازاڕی كاری هەرێمدا، ئاسمان و ڕێسمانی جیاوازە، بەدەیان بەش و كۆلێژی ناپێویست لەزانكۆكانی هەرێمدا هەن، بەبێ ئەوەی دەرچوانی ئەم بەشانە هیچ گونجانێكیان هەبێت لەگەڵ بازاڕی كاردا، وەك بەشەكانی زانستە مرۆڤایەتییەكانی مێژوو و جوگرافیا و پەیمانگا تەكنیكییەكان جگە لە بەشە زانستیە تەندروستییەكان.

یەكێك لەگرفتەكان، نەبوونی تەنسیقە لەنێوان وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتدا بەگشتی و وەزارەتی پلاندانان و كار خوێندنی باڵا و پەروەردە بەتایبەتی. پێویستە ساڵانە یان چوار ساڵێك جارێك وەزارەتی پلاندانان و كار بە توێژینەوەی زانستی ئاگاداری وەزارەتی خوێندنی باڵا بكاتەوە كەچی پسپۆڕییەك بۆ واقعی ئابوری و كۆمەڵایەتی هەرێم، گونجاوە.

چەندین جار، بەرپرسانی حكومی ئاشكرایانكردووە: كە حكومەت، ناتوانێت دەرفەتی كار برەخسێنێت لەدام و دەزگاكانیاندا، دامەزراندن لەكەرتی گشتیدا وەستاوە و حكومەت پێویستی بە ڕاژەی زیاتر نی یە، چونكە هەڵاوسانێكی لەڕادەبەدەری فەرمانبەرانی هەیە و نزیكەی (640) هەزار فەرمانبەری هەیە، بەرهەمداری نیوەی ئەم ژمارەیە نزیكە لەسفرەوە، ئەمە سەرەڕای دەیان بندیوار و فەرمانبەری وەهمی لەچاوەڕوانی جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی یاسای چاكسازیدا هێشتا یەكلانەبوونەتەوە.

ساڵانە، زیاتر لە (100) هەزار خوێندكار بەشداری تاقیكردنەوەكانی وزاری دەكەن، لەم ڕێژەیە تەنها (3000) خوێندكاری پیشەیی تێدایە لە (پیشەسازی و كشتوكاڵ و بازرگانی و گەشتوگوزار) ئەمەش گرفتەكە گەورەتر دەكات، چونكە بازاڕی كاری هەرێم، پێویستی بەدەستی كاری پیشەیی یە.

لەلایەكی ترەوە، خراپی كواڵیتی دەرچووانی زانكۆكانی هەرێم، لەم چەند ساڵەی دوایدا، بووەتە دیاردەیەكی بەرچاو و كێشەیەكی سەرەكییە لە بەردەم كەرتی تایبەتدا، هەر بۆیە زۆربەی جار لە ناچاریدا كۆمپانیاكان دەستی كاری شارەزا لەدەرەوە هاوردە دەكەن، ئەمەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەرفەتەكانی هەلی كار و سەرئەنجام ڕێژەی بێكاری زیاتر دەكات.

لەكۆتاییدا، پێمان وایە پێویستە حكومەتی هەرێم، ئەو بەش و كۆلێژانەی كە ڕاستەوخۆ دەرچووەكانیان بێكار دەبن و هیچ دەرفەتێكیان نی یە لەبازاری كاردا، دابخرێن، چی تر بەدەستی خۆمان نەبینە سەرچاوەی سەرهەڵدانی دیاردەی بێكاری.
هەروەها، زۆر گرنگە حكومەتی هەرێم سەرەرای ئاستەنگەكان، گرنگی زیاتر بدرێت بە خوێندنی پیشەیی و پرۆگرامی نوێ و زانستی و واقعی بۆ ئەم بەشانە ئامادە بكات و هانی خوێندكاران بدرێن ڕوو لەخوێندنی پیشەیی بكەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11636 - 27500

سەرەوە