کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ڕاگەیەنراوی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان

.

03:14 PM - 04/08/2021

ئەمڕۆ رێكەوتی (٤/٨/٢٠٢١) بە سەرپەرشتی هاوسەرۆك هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی ، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا چەند تەوەرێكی بواری حزبی و هەڵبژاردنەكان تاووتوێكران.
كۆبوونەوە وێڕای گفتوگۆی لەسەر چارەسەری بەپەلە و یەكێتییانەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەكان و دیاری كردنی رێوشوێنی دروست بۆیان لەناویشیاندا پاراستنی ئارامی و ھێمنی ھەرێمی كوردستان بە شاری سلێمانیشەوە ،تەئكید لەسەر بەگەڕخستنی توانای ماددی و مەعنەوی مەكتەب و دەزگاكانی یەكێتیی كرایەوە بەرەو هەڵمەتێكی پڕ جۆش و خرۆشی پێكەوەیی و دیموكراتییانە بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە لیستی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتییە لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
مەكتەبی سیاسی گشت مەكتەب و مەڵبەندەكان و ئۆرگانەكانی یەكێتیی راسپارد كە هاوشانی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی هاوپەیمان پەیوەستی میحوەر و بازنەكانی هەڵبژاردن بن، كە ئەركی هەرە لە پێشینەیانە بۆ سەرخستنی كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان لە هەموو بازنەكانی هەڵبژاردندا، چونكە سەركەوتنی هاوپەیمانی كوردستان ئاسۆیەكی روون و نوێ لەبەردەم گەلی كوردستان دەكاتەوە بۆ پەرەپێدانی خەباتی پەرلەمانی و دیموكراتی و  لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ بە كێشەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە كە  هەر بە بژاردەی گفتوگۆ و رێوشوێنی سیاسی دەگەیەندرێتە ئەنجام.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە