کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیامی ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە یادەوەری كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی

.

09:50 PM - 02/08/2021

لە (3)ی ئابی ساڵی (2014) و رۆژانی دواتر، رێکخراوی تیرۆرستی داعش، بەشێوەیەكی دڕندانە، پەلاماری کۆمەڵانی خەڵکی شەنگالیانداو تاوانی گەورەی جینۆسایدین دژی کۆمەڵگەی دێرین و رەسەنی کوردانی ئێزدی ئەنجامدا لە ئەنجامی ئەو كۆمەڵكوژییە گەورەیە بەشێوەی تاوانی رێکخراو، ھۆڤیانەو دڕندانەی کۆنینەو نوێ، ژنان و پیاوانی ئێزدی لێکجیاکرانەوە، بە بەرچاوی کۆمەڵگەی مۆدێرنی مرۆڤایەتییەوە، بازاڕی کۆیلایەتی و شەرمەزاری فرۆشتن و بازرگانی جەستەیان پێ زیندووکرایەوە. لەو تاوانە دژە نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆییەدا، كە بەپێی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدەوە، هەزاران هاووڵاتی مەدەنی ئێزدی كۆمەڵكوژو بەهەزارانی تریش بێسەروشوێن كران،  ژنانی سەربەرز و رووسوری ئێزدیش، سەرقافلەی زیانلێکەوتوانی ئەو تاوانە بوون.
بەدرێژایی مێژوو كوردانی ئێزدی بە هۆی بنەچەی ئاینیی‌و نەتەوەییانەوە، دەیانجار روبەڕووی فەرمانی پاكتاو و جینۆساید و دەربەدەری بوونەتەوە، لەپشت هەریەك لەو تاوان و فەرمانانەوە، عەقڵیەتێكی دواكەوتووی ڕەگەزپەرستانە هەبووە، بەڵام کۆمەڵگەی ژیاندۆستی ئێزدی بە خۆراگری و ئیرادەی بەهێزەوە، وەك خەڵكێكی رەسەن  توانیویانە سەربەرزانە بمێننەوە. بۆ ئێستاش پێویستییەکی کوردستانی و عێراقی و ئینسانییە کار و کۆششیان بۆ بکرێ تا بەسەر ئاسەواری دوا تاوانی دژیان سەربکەون و ژیان و بوژاندنەوە و ئاوەدانی دەڤەرەکەیان ببێتە ئەجیندای پەرۆشی داھاتووی هەموو هێزە سیاسییەكان.
لەیادی تێپەربوونی حەوت ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا، جارێكی تر سەركۆنەی ئەم کۆمەڵکوژییە و ئەم لەکە پڕ شەرمەزارییەی داعش و رەفتار داعشییەکان دەكەینەوە ‌و سەری رێزو نەوازش لە ئاستی گڵكۆی هەموو شەهیدان و قوربانییەكان دادەنەوێنین و سڵاوی خۆڕاگری بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین .
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئێزدی... لەكاتێكدا یادی جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكەینەوە، پرسی كۆمەڵكوژییەكانی خەڵكی شەنگال هەر لە ئاستی خۆی‌و فەرامۆشكردندا ماوەتەوەو لەسایەی نەبوونی ئاوڕدانەوەیەكی جددی، رێژەیەكی زۆر لە كوڕان‌و كچانی ئێزدی بە ناچاریی زێدی خۆیان بەجێهێشتووەو پەراگەندەی وڵاتانی جیهان بوون، ئەوە سەرباری ئەوەی تائێستاش قەرەبووی زیانە گیانی‌و ماددییەكانی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە، ئەگەرچی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەستپێشخەریی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پرۆژە یاسای (قەرەبووكردنەوەی ژنانی رزگاربووی دەستی داعش)ی پێشكەشكردو ئەمساڵ لە رۆژی (8)ی مارس پەسەندكرا، بەڵام هێشتاش حكومەتی عیراق  هیچ هەنگاوێكی کردەیی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی ئەو یاسایە، لە هەمانكاتدا پەرلەمانی چەند وڵاتێكی ئەوروپا ئەو تاوانەیان وەك جینۆساید ناساندووە، هەموو ئەوانەش پێكەوە دەكرێت بخرێنە خزمەت ژیان‌و پاراستنی ئێزدییەكان لەداهاتوودا.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك هەمیشە كوردانی ئێزدی بە پارچەیەكی دانەبڕاوو سەرەكی‌و رەسەنی پێكهاتەی كوردستان‌و بزووتنەوەی رزگاری كوردستانی دادەنێ‌و بۆ هەمیشەش پشتیوانی مافەكانیان دەكات و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی ئەو یاساو ڕێسا و بەڵێنانە دەکاتەوە کە بۆ قەرەبوکردنەوەی کوردانی ئێزدی دراون و دەرچوون .
 ـ لەم بیرەوەرییە تاڵەدا ، سڵاو لە گڵكۆی شەهیدانی جینۆسایدی ئێزدییەكان و هەموو شەهیدانی كوردستان...
ـ نەفرەت لە تاوانكاران و تیرۆریستان...

ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٢/٨/٢٠٢١

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە