کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

چۆن منداڵانمان پەروەردە بکەین؟

.

11:47 AM - 31/07/2021

هۆکاری سەرەکی پێشکەوتن و بەدەستهێنانی خەونی منداڵ بریتییە لە پەروەردەیەکی دروست.


ئەگەر وڵاتێک کاولکاری تیادا رووبدات چاککردن و ئاوەدانکردنەوەی زۆر ئاسانترە لەو وڵاتەی منداڵ تیایدا بە پەروەردەیەکی نادروست بەڕێکراوە، چاککردنەوەی پەروەردەی نادروست ئەستەمە، رەنگە ئێمە منداڵێک ببینین کە چەندە بە تاسەوە بەسەر شەقامێکدا دەگەڕێ و تکا دەکات تا یەک کلێنکس یان بنێشتێکی لێ بکڕیت یان بە ماسیحە بچوکەکەی دەستی چەند بەخێرایی جامی سەیارەکەت بۆ دەسڕێتەوە و داوای بەخشش دەکات تا دوو سەد و پەنجا دیناری بدەیتێ یان ئەو منداڵەی کە لەپڕ دێتە بەردەمت و بە چەندان بڕوبیانو دەستە بچوکەکانی دەگرێتەوە و داوای پارەت لێ ئەکات! بەڵام ئێمە دیوی شاراوەی ئەم کردارە نابینین! ئەوەی گرنگە لێرە تێبگەین ئەوەیە کە ئایا داهاتووی ئەم منداڵە چی لێ دێت؟ ئەمە و چەندان پرسیاری تر کە زۆربەی وەڵامەکانیان روونە لەپێش چاوماندا.


دیاردەی توندوتیژی دژی منداڵان یەکێکە لەو دیاردە قێزەونانەی زۆر بەئاشکرا رووبەڕووی هەموو شارستانیەت و نەتەوە و جیهان بۆتەوە، بەپێی راپۆرتەکانی (یونسف) توندوتیژی دژی منداڵان لە جیهاندا رووی لە زیادبوون کردووە بەتایبەت لە وڵاتانی کاولکراو و ئەو وڵاتانەی تووشی بێکاری بوون کە عیراق و کوردستانیش لێی بەدەرنین، چەوساندنەوە، توندوتیژی، ئاوارە و دەستدرێژی و لاقەکردنی منداڵی بێ تاوان چەندە زۆرن و بیر لە داهاتویان ناکرێتەوە، کە بە چ دەردێک دەڕۆن وەک توشبوون بەنەخۆشی دەروونی و خەمۆکی و گۆشەگیری یان لە داهاتوودا دەبنە کەسێکی سەرکردەی شەڕانگێزی دڵڕەقی وەک (ستالین) کە باوکی بەشێوازێکی دڵڕەق و توندوتیژ و دارکاریکردن پەروەردەی کردووە. بۆیە ئەو جۆرە سەرکردەیەی لێ هەڵکەوت، بێگومان پەروەردەیەکی توندوتیژ نەوەیەکی توندوتیژ بەرهەمدەهێنێت.


ئەگەر بیرتانبێت لە قۆناغی سەرەتایی ئەو رۆژەی وانەی مامۆستا ترسناکەکەمان هەبوو پێمان خۆش بوو نەخۆشکەوین یان تووشی رووداوێکی بین تانەچینەوە بۆ قوتابخانە، ئێمە ئەوەمان لە یاری منداڵانەی خۆماندا دیسان دووبارە دەکردەوە و خۆمان دەبووین بە مامۆستا و دارێکمان بەدەستەوە دەگرت و لەدەستی هاوڕێکانمان دەدا. ئەم یاریکردنە جۆرێک چاولێکەری بوو لە ژیانی رۆژانەماندا.


لێرە دەگەینە ئەو دێڕەی کە بڵێین (چۆن پەروەردە بکرێین بەو جۆرە تێماندا رەنگدەداتەوە، پەروەردەی راست بەڕاست و پەروەردەی هەڵە بە هەڵە، ئەگەر بۆمان راست نەکرێتەوە).

من زیاتر سەرنجم لەسەر منداڵانی سەر شەقامەکانە، زۆر جار بینیومانە ژنێک یا پیاوێکی کەتە و زل دانیشتووە سواڵ دەکات و منداڵێکی بە چڵکنی و رەشوڕووتی داناوە و دەیچەوسێنێتەوە لە پێناو ئامانجەکەی خۆی! ئایا ئەمە منداڵی خۆیەتی یا رفاندوویەتی یان بەکرێی گرتووەو هاوبەشی ئیشی پێدەکات، ئەمە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە منداڵێکی بێتاوان کراوەتە قوربانی بۆ پارە پەیداکردن و سواڵکردن! ئەم منداڵانە لەسەر ئەم پەروەردە سەقەتە نەشیاوە گەورە دەکرین و لەخشتە دەبرێن.


دەبێت چەندین پرسیار بەمێشکمان بێت و بڕوا کاتێک منداڵێکی سەر شەقام دەبینین و بڵێین ئەم منداڵانە بۆ لێرەن؟ کێ دەیان نێرێت؟ رۆژانە چی دەخۆن؟ ئەمانە هەموو لەلایەکی تەرازوەکە و لایەکەی تری خەون و داهاتووی ئەم منداڵانە چی لێ دێت؟ دەبێت پەروەردەی ئەمانە چۆن بن و تووشی چەند رەفتاری ناشیرین و توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی و رووداوی نابەجێ و برسیکردن ببنەوە، سەرەڕای ئەوەی لە خوێندن و نووسین بێبەشکراون و مافە سەرەتاییەکانی منداڵیان لێ زەوتکراوە، دەبێت چەند قورس و سەخت بێت کاتێک منداڵێک دەبینێ منداڵێکی وەک خۆی جانتای کتێبەکانی لە کۆڵ گرتووە و بە جلێکی پۆشتەوە خەریکی لەفە خواردن بێت و خۆشی بەرامبەری وەستاوە بە پاکەتێک بنێشت یان عەلاگەیەکی پڕ لە کلێنس کە سەر شۆستە و شەقامەکان لانە و شوێنی یاریکردن و حەوانەوەی رۆژانەیەتی.

پاراستنی و بەدەستخستنی مافەکانی منداڵ هێمایە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە، پاراستنی منداڵان پاراستنی رۆشنبیریی و دواڕۆژی ئەم میللەتەیە، دەبێت هەمووان لە پێناوی کۆتایی هێنان بەم دیاردە ناشرینانە و پەروەردەی نادروست منداڵانمان لە توندوتیژی و پەروەردەی نادروست رزگار بکەین، ئەگەر ئەم منداڵانە و چەندان منداڵی رەشوڕووتی سەر شەقامەکان بەم رێگە نەشیاوە بەردەوام بن دەبێت پەروەردەی داهاتوو چۆن بێ پەروەردەیەکی تا بڵێی لار و خوار چەوت چەماوە کە ئەمە بۆ خۆی گەورەترین کارەساتە دروست دەبێت بۆ مێژووی مرۆڤایەتی !

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە