کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حزبایەتی و خزمایەتی و خزمەتگوزاری

.

08:48 PM - 29/07/2021

ئازاد ئیبراهیم ‌

دوو چەمكی گرنگ هەیە تاكی كورد دەیەوێت لێی هەڵبێت و لەساڵی 2021دا رقیان لێی دەبێتەوە، ئەوانیش هەردوو چەمكی «حزبایەتی» و «خزمایەتی»یە.

دەبێت راستگۆبین لەگەڵ ژیان و ژیاری خۆمان، كۆمەڵگەی كوردی بەو پێیەی كۆمەڵگەیەكی خۆرهەڵاتییە و داخراوە بە ئاستێكی زۆر، مادام ناتوانین بە پڕۆژەی رۆشنبیریی و شەڕی رۆشنگەرانە لەگەڵ فەندەمێنتاڵیست و توندڕەویی بچینە دەرەوەی خۆرهەڵات و نموونەیەكی خۆرئاواییانەمان نەگواستۆتەوە بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، ئەوا ناتوانین بەتەواوەتی دەستبەرداری ئەم دوو چەمكە ببین.

لە كۆمەڵگەی خۆرهەڵاتیدا بەو پێیەی دیموكراسی بنەمای ماف و ئازادییەكان و سەروەریی یاسا و زۆر شتی دیكە نییە و بەدەستی نەهێناون بۆ تاكەكان، ئەوا هەمیشە تاكەكان بۆ راییكردنی كارەكانیان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دوو رێگە كە كارەكانیان بۆ پێش بخات و دەستیان بگاتە ئامانج و مەرامەكانیان، بۆیە ئەو دوو رێگەیە یان حزبایەتی و لایەنگریی و وەلائە بۆ هێزێكی سیاسی، یاخود پرسی خوێن و ناسین و خزمایەتی و نزیكی تاك و هاووڵاتییە لە دەسەڵاتداران و كاربەدەستانی دەوڵەتەوە، ئەمە بۆ تاكی خۆرهەڵاتییە و رێگەی سێیەم زۆر زەحمەتە لەئارادا بێت.

بۆ خۆم هیچ یەكێك لەم دوو چەمكە «حزبایەتی» و «خزمایەتی» بە چەمك و مانای نەرێنی نابینم ئەگەر ژینگەی دروستی بۆ فەراهەم بكرێت و كارپێكردنی ژیرانە بۆ هەر یەكێك لەم چەمكانە هەبێت و لێکدانەوەی دروستی بۆ بكرێت، ئەمەش لە دوو روانگەوە: یەكەم، دەبێت حزبایەتی وەك تێگەشتنێكی سیاسی لەناو پرۆسەی دەوڵەتداریدا هەڵبسەنگێنرێت و دانەبڕێت لەكۆی جووڵەی سیاسی و تێكۆشانی مێژوویی، بۆئەوەی بتوانرێت زەروورەتی حزبایەتی و حزبی بوون وەربگیرێت و هەموو ئەوەی حزبێك بەخشیوێتی بە گەل و نیشتمانەكەی لە بەرچاو بگیرێت، دووەم خزمایەتیش وەك چەمكێكی كۆمەڵناسییانە یان كۆمەڵایەتی ببینرێت و وەك بازنەی پەیوەندیی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە ببینرێت، بەم تێگەشتنە پێمانوایە ئەم دوو چەمكە هەردووكیان بۆ كۆمەڵگەی كوردی گرنگن، بەڵام نەك ئەو واقیعەی ئەمڕۆ و ئێستا لە خۆرهەڵات و عیراقدا هەیە كە خزمایەتی و حزبایەتی تێكەڵی یەكتر بووە و هەم حزب خێزانە و هەم خێزانیش حزبە.

نە «حزبایەتی» ناشیرینە وەك ئەو تێگەیشتنەی كە ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و عیراق و هەرێمی كوردستاندا بەتایبەت بۆ حزب هەیە، نە خزمایەتی ماركەیەكە مۆدێل و كاتی بەسەر بچێت و ئەم پەیوەندییە خوێنییە هەڵبوەشێتەوە و خزمایەتی بەهایەكی نەمێنێت و كارمان بەسەر ئەم پرسەوە نەمێنێت، هەر پاشەكشێ و دووركەوتنەوەیەك لەم دوو چەمكە وابەستەی ناو واقیعی جوگرافیایەكی دیاریكراوە كە ئێمە وجودێكین لەو واقیعەدا.
لە باشووری كوردستان رەنگە پاشەكشێ لە كاری حزبایەتی و ئەندام بوون و دڵسۆزی بۆ حزب وەك سەردەمی شاخ و شۆڕش و دەسپێكی دوای راپەڕین نەبێت، چونكە كاری حزبایەتی هەنوكە بە ئاقاری دیكە و رێگەی دیكەدا رۆیشتووە و ئەندامبوون و كادربوونیش ئەو مەبەستەی ونكردووە كە حزبی بوون وەك بەشداریی تاك لە پرۆسەی سیاسی وەربگرین، خزمایەتی هەركات لە كۆمەڵگەی كوردی و هەر كۆمەڵگەیەكی دیكەدا نەما، ئەوا خاڵی بەیەكگەیاندنی نێوان تاكەكان دەشكێت و دووركەوتنەوە و دابڕانی كۆمەڵگە لەیەكتریی دەبینرێت.

ئەم دوو چەمكە چەندە لە مانا و تێگەشتندا دوور بن لە یەكترییەوە، بەڵام لە راستیدا دوو چەمك و مانای نزیكن لە یەكتریی و راستەوخۆ هەردوو چەمكەكە كاریگەرییان هەیە بۆسەر یەكتر و هەردووکیان لە زۆر وێستگەدا دەتوانن كۆمەك بە یەكتریی بكەن.

پرۆسەی سیاسی لە كوردستان نەیتوانیووە ئەم دوو چەمكە بخاتە دەرەوەی خۆی، ئەمەش لە دوو حاڵەتدا:

یەكەم: پرۆسەی بە خزمكردنی حزب، ئەم خاڵەیان دیوە نەرێنییەكەی كاری حزبییە لە نزیكبوونەوە لە كەسوكار و خزم، ئەم دیوەی نزیكایەتی حزبایەتی لە خزمایەتی پرۆسەیەكی بە چەقكردنی بڕیار و دوورخستنەوەی كۆمەڵگەیە بۆ دەرەوەی بازنەی خێزان و خزم و بنەماڵە و ئێمە مەبەستمان لەم دیوە نییە.

دووەم: زۆرجار ئەم دیوەی نزیكایەتی حزبایەتی و خزمایەتی بڕیار لەسەر چۆنێتی پرۆسەی سیاسی لە باشووری كوردستان دەدەن، تەنانەت ئەم پەیوەندییە لەنێوان هەردوو چەمكەكەدا رێژەی هۆشیاریی تاكمان بۆ دیاری دەكات لە بڕیاری سیاسیدا و ئێمە مەبەستمان ئەوەیە چۆن نزیكبوونەوەی حزب لە رۆحی خزم نەبێتە خاترانە و شتێكی عاتیفی و لە دەرەوەی بڕیاری هۆشیارانە و خوێندنەوەی ورد، تاك حزب هەڵنەبژێرێت و پەل نەهاوێژێت بۆ گەندەڵی و سكانداڵی گەورە، بەڵكو ئەم نزیكبوونەوەیە پاڵنەربێت بۆ كاری باشتر و بەهێزی بڕیاری سیاسی و دووركەوتنەوە لە زاڵبوونی سۆز بەسەر بڕیاری عاقڵانە و عەقڵانیدا.

رەتكردنەوەی رۆحی خزمایەتی لەناو ستراكچەری حزب و ئیسكۆرسی حزبیانەدا، كارێكی هەڵەیە، بەو مەرجەی تاك و كۆمەڵگە، هۆشیاریی تایبەت بە خۆیان هەبێت و پڕۆژەی گەورە و وردی زانستییان هەبێت بۆ چوونە ناو كایەی سیاسی و بەشداریی و ئەندامێتی حزب و گەیشتن بە پۆست و پلەی باڵا، ئەم نموونەیەش پێشتر لە كابینەی «دەیڤید كامیرۆن»ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیادا هەبووە، «مێری كامیرۆن» دایكی دەیڤید كامیرۆن لایەنگری سەرسەختی كامیرۆنی كوڕی بوو تا گەیشتنی بە دەسەڵات، بەڵام ئەو درێغیشی نەدەكرد لە رەخنەگرتن لە حكومەتەكەی كامیرۆن و یەك سكاڵای مێری كامیرۆن وایكرد دەیڤید كامیرۆن لە بڕیارێكی پەشیمان بكاتەوە كە لە سوودی هاووڵاتیانی بریتانیادا نەبوو.

بەهۆی ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی كە لە باشووری كوردستان لە گۆڕێدایە، پرۆسەی سیاسی بە ئاقارێكی خراپدا دەگوزەرێت، هەرچی پرسی خزمایەتیشە لەناو كایەی سیاسی و پێكهاتەی حزبدا نیەتێكی باش دروست ناكات لەلای تاكی كورد، بۆیە ئەم ژینگەیەی ئەمڕۆ كە باشووری كوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت وا دەخوازێت، مادام رۆحی خزمایەتی شۆڕبووەتەوە بۆ ناو تەواوی كایەكانی ژیان، كەواتە مۆدێلی حزبایەتی پێویستی بە گۆڕانكاریی هەیە و پێویستە حزب وێنەكە دەستكاری بكات لە حزبی خێزانی و خزمایەتییەوە بۆ حزبی خزمەتگوزاریی بەبێ حیسابكردن بۆ خزمایەتی و دوور و نزیكی تاك لە چەقی بڕیارەكان و وابەستەیی تاك بە سەركردە و كاربەدەستەكانەوە.

كۆمەڵگەی كوردی یەكێكە لەو كۆمەڵگە خۆرهەڵاتیانەی كە تا رادەیەك لای هەندێك كەس سیاسەتكردن نە هونەرە و نە زانستیشە، بەڵكو تەنها ویستێكە بۆ گەیشتن بە پلە و پۆست، یاخود لە زۆر وێستگەدا سیاسەتكردن تێكەڵەیەكە لە ناوبانگ و حەزی بوون بە خاوەنی بڕیار، بۆئەوەی ئەم حەزە بگۆڕدرێت بە حەزی خزمەتكردنی تاك بۆ تاك، دەبێت سیاسەت وەك هونەری بەڕێوەبردن و سەركردایەتیكردن سەیربكرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە