کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەگەر باش بوونایە بە كەڵكی حزبی خۆیان دەهاتن

.

11:01 AM - 28/07/2021

بەشی بەدواداچوون و چاودێری

هەر بەوەدا دەزانین كە ئەم رێگا تازەیەی یەكێتی گرتوویەتییە بەر لە راستكردنەوەی رێڕەوی خۆی؛ رێگای راستی تێكۆشانە، ئەوەیە كە رەخنەگرەكانی هەر ئەوانەن، كە بەناونیشانی نەیاری یەكێتی و دوژمنی هەموو هەنگاوەكانی یەكێتی ناسراون و ناویان دەركردووە. لە ماوەی دوو هەفتەی هەنگاوەكانی یەكێتی بۆ چاكسازی و راستكردنەوەی رەوتی كاری دامەزراوەكانی، لە ناوچەی سەوز، زۆرترین ئەو سەكۆ و ئەو كارەكتەرانەی دژی یەكێتی وەستاونەتەوە، هەر ئەوانەن كە دوو دەیەیە پەلاماری یەكێتی دەدەن و بوختانی بۆ دەكەن.

یان كەسانێكن لە حزبی تر و ناسنامەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی تریان هەڵگرتووە، یان سەكۆی میدیایی دیار و ئاشكرای نەیاری یەكێتی و رەوتە سیاسی و فیكرییەكەین. ئێمە بە دیوی رەخنە و سەرزەنشت و پلاری ئەو نەیارانەدا دەزانین، كە یەكێتی رێی راستی گرتۆتە بەر، بۆیە نەیارەكانی سەغڵەت بوون و بە راست و چەپدا تۆمەت دەبەخشنەوە و درۆ و دەلەسە بۆ یەكێتی و بەناوی یەكێتی-یەوە بڵاودەكەنەوە. كابرا لە حزبێكی تر، یان كارەكتەرێكی شكستخواردووی حزب و رەوتێكی ترە. ئێستا بۆ رەواج پەیداكردن و بۆ بازاڕی میدیایی و رەونەقدان بە خۆی؛ یەكێتی دەكاتە ئامانج و لایەنگریی لایەك دژی لایەكی تر دەكات.

قسە بە یەكێتی، بە رێباز و سیاسەتەكەی دەڵێت و بەناوی دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە، هەرچی جنێو و بوختان هەیە دەیبەخشێنێتەوە. سەیرە پێش ئەوەی یەكێتی نوتقێك بدات، لە هەموو وێستگەیەكدا كۆمەڵێك دوژمن و نەیاری یەكێتی دێنە سەر هێڵی گەرمی پەلاماردان و بوختان كردن. ئەمانە بە چ هەقێك شرۆڤە دەکەن و فاڵدەگرنەوە، كە ئەسڵەن نە ئەندامی یەكێتی-ن و نە یەكێتی-ش رێی كەوتۆتە لای ئەوان بۆ حاجەت و پێویستییەك. ئەم سەكۆ و كارەكتەرە دژە یەكێتی-یانە لە مەلیك مەلیكترن، خۆیان لێ گۆڕاوە، فاڵ بۆ ئایندەی یەكێتی دەگرنەوە، لەكاتێكدا لە هەموو تەمەنی سیاسیاندا هەمیشە شكست و كەوتن و دۆڕانیان بەنسیب بووە، هەیە رەوتی گۆڕانكاری بەجێهێشتووە، رەوتی دین و دینداری حزبی خۆی جێهێشتووە، حزبی سوننەتی خۆی پایدۆستكردووە، هەشە مەیدانی راستەقینەی خەباتی خۆی چۆڵكردووە و هاتۆتە كێڵگەی خەڵكی تر و لە پاوانی تر دەخوات.

ئاخر ئەی هەش بەسەرینە، ئەگەر راوێژ و تەگبیرەكانتان راست و دروست بوایە، حزبەكانی خۆتان كەڵكێكی لێ وەردەگرتن، ئەگەر قسەتان دروست و زانیاریتان راست بوایە، فریای خۆتان و ئاڕاستەكانتان دەكەوتن و ئێستا هەردوولا لە پایەیەكی بەرزتر دەبوون.

ئەی ئەوانەی لەناو یەكێتی-یەوە پشتیان بە پشتیوانیی ئێوە بەستووە، بە چ روویەكەوە دڵخۆشن بەم پشتیوانی و تەگبیرە هەرزانە؟.

حەیف نییە خەڵكی نەیاری یەكێتی لە دژی یەكێتی-یەكەی خۆتان گاڵدەدەن؟

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە