کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كازمی لە واشنتۆن ،دیالۆگی ئیستراتیجی ئەمریكا و عێراق

.

11:41 AM - 26/07/2021

كازمی لە واشنتۆن  ،دیالۆگی ئیستراتیجی ئەمریكا و عێراق
بورهان شێخ رەئوف

كازمی لە واشنتۆن لە دیالۆگ و دانوستانێكی یەكلاكەرەوەدا دەبێت لە گەڵ واشنتۆن دەربارەی ئایندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق
لەبارودۆخێكدا ئەم وتوێژانە بەرێوەدچێت  كازمی لە نێوان هەردوو جەمسەری ململانێ ی لە مێژینەو سەرسەخت ئێران و ئەمریكادا وەستاوە ، هەوڵ دەدات دڵی هەردوولایان ڕابگرێت ، كەسیان توڕەو زویر نەبن  لێی ،ئەوانیش ئێران و ئەمریكا لە هەوڵی ئەوەدان عێراق بەلای خۆیاندا ڕابكێشن ، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەو هاوكێشەی دۆخی عێراق ناهەوسەنگ دەبێت و زیان بە دۆخ و پێگەی عێراق دەگەیەنێت ،كە ببێتە بەشێك لە سیاسەتی جەمسەرگیری كە ئەمەش ئەمێستا لە توانای عێراقدا نیە .
كازمی لەوبارودۆخەی كە ئێستا ناوچەكەو عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت ، لە هەوڵی ئەوەدایە جۆرێك لە هاوسەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریكادا ڕابگرێت بەو پێیەی پەیوەندی باشی لە گەڵ هەردوو لادا هەیە ، دەخوازێت بە كەمترین زیان لەم ململانێ‌ دەربازی بێت ، ڕێگەیەكی تری لە بەردەمدا نیە ئەگەر بەتەمای ئەوە بێت لە پرۆسەی سیاسیدا ڕۆڵی هەبێت .
لەڕووی ناوخۆییەوە ئەگەر حەشدی شەعبی و میلیشیا چەكدارەكانی بەربەستی گەوەرەی بەردەم كازمی بن،بەو پێیەی ئێستا خاوەن هێزێكی گەورەو كاریگەرن ، تا ئێستا سەرەڕای ئەوەی كێشەی گەورەیان بۆ خوولقاندووە بەڵام هەر لە گەڵیاندا هەڵی كردووەو دواجار پشتیوانی نمایشێكی گەورەی حەشدی شەعبی كرد لە 26/6/2021 لە پارێزگای دیالە كە ئەمەش نیشانەی گونجان و هەماهەنگی نێوان كازمی و حەشدە و ڕەزامەندی تارانە كەوادەكات رَیگای كازمی بۆ تاران خۆش بێت .
لەڕووی دەرەوە ش كازمی لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی و سۆزی واشنتۆن و وڵاتانی عەربیدایە بە تایبەتی  عەرەبستانی سعودیە،ئەگەر كازمی لەم هەنگاوەدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت ئەوە خاڵێكی بەهێز بە دەست دێنێت بۆ ناوخۆو شەقامی عێراقی ،بەڵام تا ئێستا لەوەناچێت كازمی  توانیبێتی سەركەوتن و هەماهەنگی و سازانی تەواوی  لەگەڵ ئەو لایەنانەدا  بەدەست هێنابێت ،بەڵكو كازمی بەبارودۆخێكی سەخت و دژواردا گوزەر دەكات وەكو مەیدانی مینڕێژكراوە وایە ، لە ژێرفشاری ئەمریكاو حەشدی شەعبیشدایە ،بەتایبەتی لەم چەند مانگەی دواییدا .
ئەم خوولەی دانوستان
خوولی چوارەمی دانووستانەكانی عێراق و ئەمریكا لە 26/7/2021 لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت لەوەناچێت وەكو خوولەكانی پێشوو بێت ، بەڵكو كارو ئەركی حكومەتی عێراق ئاسان نابێت ، بەهۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكان و دۆسییەكانی نێوانیان ، هەروەها پێشووەچوون و بەریەككەوتنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان ، بەتایبەتی دوای ئەوەی یەكلایی كرایەوە كە كازمی خۆی سەرۆكایەتی شاندی عێراق دەكات ، لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا دووجار سەردانی واشنتۆی كردووە ، ئەگەر جاری پێشوو توانی پشتیوانی ئیدارەی ترەمپ مسۆگەر بكات ، ئەمجارە سەرۆك بایدن دەبینێت .
لەدوای خوولی سێیەمی دانوستانەكان ئەمریكیەكان خوازیار بوون كازمی ڕۆڵی حەشدی شەعبی سنوورداربكات  لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی ،وەكو بەڵێنی دابوو ، بەڵام دواتر پێچەوانەكەیمان بینی دوای هێرش و پەلامارەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بنكەو بارەگانی هێزەكانی ئەمریكا و و پەلامارە ئاسمانیەكانی ئەمریكا بۆ سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی .
كازمی لە برۆكسل لە مانگی حوزییرانی 2021 لە دوای كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ داوای كرد وڵاتان كێشەو ململانێكانیان لە عێراق دوور بخەنەوە ،عێراق نەكەنە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ناكۆكیەكانیان ، چونگە ئاسایشی عێراق كاریگەری لە سەر ئاسایشی ناوچەكە بە گشتی هەیە ،
هەرچەندە ئەمریكاو عێراق هەر لە خوولی سێیەمی دانوستانەكانیانەوە لە سەر ئەوە ڕێككەوتوون كە كۆتایی بە ڕۆڵی جەنگی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بهێنن و تەنها ڕۆڵی ڕاوێژ و ڕاهێنان ببینن ، بەڵام پێش سێ‌ هەفتە لەمەوبەر كازمی لێدوانێكی سەیری دا كە مایەی تێڕامان و سەرنجی ئەمریكیەكان بوو ئەویش وتی دەبێت كۆتایی بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا بێت لە عێراق نەوەكو خشتە دابنرێت بۆ كشانەوەیان .
بۆیە ئێستا سەرچاوە هەواڵییەكان لە واشنتۆن باس لەوە دەكەن كە ئەمریكیەكان  متمانەیان بە كازمی لەق بووە ، هەوڵی پێداچوونەوە بە هەموو لێك تێگەیشتن و ڕێككەوتنامەكانی پێشوو دەدەن ، هەر ئەوەش بووە هۆكاری لێدانی گورزی سەربازی لە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە مانگی ڕابردوو لە سەر سنووری عێراق و سوریا .
لە كۆتایدا ترسی ئەمریكیەكان لە پڕكردنەوەی بۆشایی پاشەكشەیان لە عێراق ، هەڵبژاردنەكانی مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو كە ئایا كێ‌ براوە دەبێت هەوڵی حەشدی شەعبی بۆ كۆنترۆڵكردنی بڕیارسیاسی عێراق ، لە كاتێكدا هێشتا تەواو خۆیان بۆ ئامادەنەكردووە و خوازیارن دوای بخەن ، نیگەرانی كوردو سونەكان لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و ڕێخۆشكردن بۆ ئەوەی لایەنێك بەتەواوی قۆرخی دەستەڵات بكات لە عێراقدا ، هەموو ئەمانە ترسی جدین و ڕۆژو هەفتەو مانگەكانی داهاتوو وەڵامی ئەو ترسانە دەدەنەوە .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە