کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەمریكا و چین ڕووبەڕِووی یەك

.

05:56 PM - 18/07/2021

ئەمریكا و چین ڕووبەڕِووی یەك


بورهان شێخ رەئوف


ئەگەر  جۆبایدنی سەرۆكی ئەمریكا لە گەڵ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ترەمپ لە هەموو سكتەرەكاندا دژ بە یەك وجیاواز و  پێچەوانە بوو بوون ،ئەوا لە مەسەلەی چیندا هاوڕا بوون ئەویش ئەوەیەپكین  دوژمنی پلە یەكی واشنتۆنە .
ئێستاش  گریمانەی ناكۆكی و سیناریۆكانی ڕووبەڕوو بوونەوەو ململانێكانی نێوان ئەو دوو هێزە گەورەو كاریگەرەی سەر گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە هەموو كات زیاتر گەرم و گوڕو ئامادەیە ، لە كاتێكدا حزبی كۆمۆنیستی چینی یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی دەكاتەوە ،لەلایەكی تریشەوە ئەمریكاش سەرقاڵی تەشقەڵەو جۆشدانی ململانێكانیەتی لە دژی چین لە زۆر بەرەی جیاوازەو ،لەوانە مەسەلەی تایوان ،دۆسیەی مافی مرۆڤ ، جگە لە جەنگ و ململانێ‌ ی بازرگانی گڕگرتوو لە مێژەوە .
چین چۆن پێشكەوت ؟
لە دەیەی ڕابردوودا  گۆڕانكارییەكی گەورە هاتە ئاراوە لە دیدوبۆچوونی خۆرئاواییەكان بە گشتی و ئەمریكا بە تایبەتی بەرامبەر بە دەوڵەت و گەلی چین ، ئیتر چین ئەو ئەسپە هێمن و سەلارە نەبوو كە ئابووری جیهان بە دوای خۆیدا ڕابكێشێت ،بەڵكو چین ئێستا بووەتە ڕكابەری سەرەكی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ، هەر ئەوانەش بوو وای لە (ینس ستولتنبیرگ ) ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ كرد بڵێت :
چین نزیك دەبێتەوە لێمان لە گەردوونی سیبرانی ،لە قوتبی باكوور دەیانبینین ، لە ئەفریقیان ،هاوبەشن لە بنیاتنانی ژێرخانی بنەڕەتی ئێمەدا ،ئەوكاتە ڕۆیی  ڕستەی ((لەچین دروست كراوە – صنع فی صین )) مایەی گاڵتەجاڕی بێت.
دیارترینی ئاماژەكانی گۆڕانكاری لە دیدوبۆچوونی خۆرئاواییەكان لە هەمبەر چین ، ئەو كۆشش و تەقەلا زۆرو زەوەندانەیە كە پەیمانگا كانی توێژینەوەو لێكۆڵینەوەی ئیستراتیجی و جیۆ سیاسی خۆرئاوایی  دەستیان داوەتی بۆ ئەوەی لە نهێنی ئەو پێشكەوتنە سەرسوڕهێنەرو ئێجگار گەورانەی چین تێ بگەن و بزانن لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا ،زۆرێك لە لێكۆڵینەوەو توێژینەوەكانیان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە (دینگ شیاو بینگ ) ی سەرۆكی چین لە هەشتاكانی سەدەی پێشوو كە سەركردایەتی ئەم هەستانەوەی وڵاتەكەی كرد توانی تێبگا و چارە بۆ بەربەستی سەرەكی ئابووری سیاسی وڵاتەكەی بدۆزێتەوە ، ئەویش چۆن دەتوانی  بەسەركەوتوویی گەشە بە ئابوری وڵاتەكەت بدەیت ،بەبێ‌ ئەوەی دەستبەرداری سەروەری وڵاتەكەت بیت ، هەروەها چین لێكۆڵینەوەی وردی مێژووەكەی خۆی بەباشی كرد بوو ، لایەنە گەش و بەهێزەكانی دیاریكرد، بۆئەوەی گرنتی  دووبارە نەبوونەوەی سەدەی دیلێتی و ژێردەستی نەبێتەوە كە لەلایەن یابان و خۆرئاواییەكانەوە زۆری بە دەستەوە  چەشت  بوو .
ئێستاش كە (شی جین بینگ ) سەرۆكی چینە ـ میراتگری ئەو پەیكەرو دامەزراوە ئیدیۆلوجیانەیە كە سەرۆك ( دینگ شیاو بینگ ) بنیاتی نا بۆ وڵاتەكەی ، ئەو پەیكەرو بناغە مكومە بوونە سەرچاوەی ئەم هەڵوێست و توانا بەهێزەی پكین ، ئەمە شتێكی كتوپڕو نەبوو ئاكامی كارو بیرو خەباتی ئیدیۆلۆجی و چاودێری ورد و پاداشت و سزاو زۆر پرنسیبی گەورەی حزبی كۆمۆنیستی چین بوو ،كە ئێستا چین خاوەن ئابوورییەكی زل و زەبەلاح هاوتەریبی ئەمریكا و تەنانەت هەندێك ناوەند لە ئەمریكاش بە هێزتری دەخەمڵێنن .
لە ڕووی سەربازییەوە كامیان بەهێزن چین و ئەمریكا؟
وەزیری بەرگری ئەمریكا (لۆید ئوستن ) لەم ڕۆژانەدا ڕایگەیاندبوو كە وڵاتەمی لە دوو دەیەی ڕابردوودا  خۆی سەرقاڵی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كردبوو ،بەڵام چینیش لە بەرامبەردا سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی هێزە سەربازییەكانی بوو ، هەروەها وتبووی لەمەودوا پاریزگاری لە سەردەستی توانا سەربازییەكانی خۆمان دەكەین و هەوڵی بەرزكردنەوەشی دەدەین لە ئێستا بە دواوە .
هەرتایبەت بەم بابەتە ڕۆژێك نیە گوێمان لە لێدوانی بەرپرسێكی ئەمریكا یان ڕاپۆرتێك نەبێت كە ئاڕاستەی كۆنگریس یان وەزارەتی دەرەوە  كرابێت ، كە هۆشداری دەدات لە مەترسی و هەڕەشەی چین  بۆ سەر ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چڕكردنەوەی تواناكان ی ئەمریكا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی چین لە وڵاتەكەیان .
لەلایەكی ترەوە زۆرێك لە شرۆڤەكاران كە زۆربەیان ئەمریكی و خۆرئاوایین لەو بڕوایەدان  ئەو دیدو بۆچوونانە دوورن لە ڕاستیەوەو سەبارەت بە زەبەلاح كردنی هێزو توانای سەربازی چین .
هەر دەربارەی ئەو بەراوردە ی نێوان هێزی سەربازی چین و ئەمریكا زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە جیاوازی نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانە ، بە جۆرێك ئەمریكا خاوەنی كڵاوەی ئەتۆمییە كە بیست جار لە چین زیاترە ، لە كەشتی دەریاییشدا  ئەمریكا دوو ئەوەندەی چینی هەیە ، واشنتۆن 11 فڕۆكە هەڵگری هەیە كە بە وزە ئەتۆم كار دەكەن ،لە بەرامبەردا چین تەنها دوو فڕۆكە هەڵگری هەیە كە كەمتر پێشكەوتوون .
سوپای ئەمریكا لە هێزی ئاسمانی 2000 فڕۆكەی پێشكەوتووی هەیە ، بەڵام چین 600 فڕۆكەی جەنگە هەیە ، ئەمریكا هەموو ئەم هێزانەی  بەو چەكە وێرانكەرانەوە بڵاوكردۆتەوە لە 800 بنكەی جیاوازدا لە هەموو جیهاندا ، لە بەرامبەردا چین تەنها 3 بنكەی هەیە لە درەوەی وڵاتەكەی خۆی ، بوودجەی سەربازی چین 200 ملیار دۆلارە كە ئەمەش بەبەراورد بە بوودجەی زەبەلاحی ئەمریكا سێیەكی ئەو بوودجەیە كە ئەمریكا تەرخانە دەكات ساڵانە بۆ بەرگری .
واتا كامیان سەردەكەون  لەم ململانێدا ؟
لە ئاكامی بەراوردی هێزو توانای ئابوری و سەربازی و چەكداری ئەو دوو جەمسەرە بەهێزەدا ، لە پێش بوون  و سەردەستی ئەمریكا بە ڕادەیەكی زۆر ، ئەمریكیەكان متمانەی زۆریان بە خۆیان هەیە كە چین ناتوانێت پەلاماری وڵاتەكەیان بدات و بەسەریاندا زاڵ بێت ، خاڵێكی گرنگترو بەهێزتری خۆیشیان لەوەدا دەبینن كە نمونەی  سیستمی  دیموكراسی و مۆراڵی حوكمڕانی ئەمریكایە كە توانای ڕاكێشانی دۆست و هاوپەیمانی زیاترە لە سیستمی تاك حزبی و داخراوی چینی .
هەر لەو چوار چێوەو فۆرمەیشدایە  سیاسیە ئەمریكیەكان  جەنگ وململانێكانیان  لە گەڵ چیندا وا وێنا دەكەن كە گوایە بەتەنها ململانێیە لە گەڵ حزبی كۆمۆنیستی چیندا نەك گەلی چین بە گشتی ، هەروەها ئەم ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ چیندا وا لێك دەدەنەوە كە ئەمە هەڕەشەو مەترسی چینە بۆ سەر سیستمی ژیانی ئەمریكا بە تایبەتی و خۆرئاواییەكان بەگشتی .
چین هەڕەشەیە بۆ ئەمریكا ؟
(ئەفریل هینز ) بەڕێوەبەر ئاژانسی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریكا لە ئیدارەی بایدن  لەم دواییانەدا ڕیگەیاندبوو (چین ئالەنگاریی ئاسایش و ئارامی و بەهاكانی ئەمریكایە لە زۆر  بابەتدا ) كە ئەمریكیەكانیش ئەم لێدوانانە دەبیستن چەپڵە لێدەدەن بەگەرمی ، ڕۆژانە ئەم لێدوانانە دووبارە دەبێتەوە لەلایەن زۆر بەرپرسی ئەمریكیەوە .
لەلایەكی ترەوە ڕاو بۆچوونی پێچەوانەی ئەم لێدوانانەش دەبیسین لە ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەو شرۆڤەكارانی پەیوەندییەكانی چین و ئەمریكاوە و ئەوان لەو بڕوایەدان كە ئەم بۆچوونانە دوورن لە ڕاستیەوە و چین هیچ ئالەنگاری و بەربەستێك نیە بۆ پێشكەوتنی ئابووری ئەمریكا ، بەڵكو ئەوە پێشكەوتنی ئابووری ئەمریكا بوو زەمینەسازی كرد بۆ ئەوەی ئابووری چین پێش بكەوێت كە لە ساڵی 1980 ئابووری چین دەیەكی ئابووری ئەمریكا بوو كە لە ساڵی 2014 توانای كڕینی زیاتر بێت .
لەلایەكی ترەوە ئەو ناوەندانە لەو بڕوایەدان چین هیچ ترس و هەڕەشە نیە بۆ ئاسایشی ئەمریكا ئەمەش بە ئاسانی لە بەراوردی نێوان هێزو توانای ئەو دوو زڵاتەدا بە دی دەكرێت ، چین نیازی نیە پەلاماری ئەمریكا بدات ،نیازی نیە گورزی ئەتۆمی ئاڕاستەی ئەكریكا بكات چین ، چین هەڕەشە نیە بۆ هەژموونی سەربازی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەكانی دی لە جیهان ، بە كورتی ئەوان لەو باوەڕەدان ئەمریكا و چین دوژمنی یەكدی نین .
لە كۆتاییدا ئەگەر :
1.    ئەمریكیەكان شانازی بە سیستمی دیموكراسی خۆیانەوە بكەن ، وابزانن هەموو جیهان ئیرەییان پێ دەبەن بۆ دروشمەكانی مافی مرۆڤ و ڕادەربڕینی ئازاد و دیموكراسی و خۆیان وا وێنا بكەن هەر ئەوان دەتوانن ئارامی خۆشگوزەرانی فەراهەم بكەن بۆ میللەتان ،ئەوە ڕەنگە خاڵێكی لاواز بێت بۆیان چونكە لە بەرامبەر دا ئەو چینیەكانیش ئەزموونێكی تریان پیادەكردووە كە سیستمی تاك حزبیە كە ئابووریەكەیان هاوشانی ئەمریكایە و توانیان گەلەكەیان كە 1,4 ملیارو چوارسەد ملیۆن كەسە خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بكەن كە داهاتی تاك زۆر بەرزە لە ئەمریكا وڵاتانی تری خۆرئاوا  كەمتر نیە .
2.    .هەرچەندە خۆرئاواییەكان سیستمی حوكمرانی چینی بە دكتاتۆری ناودەبەن بەڵام ئەمە نەبووەنتە ڕێگر لە بەستنی پەیوەندی دیبلۆماسی و ئابووری لە نێوان چین و ئەو وڵاتانەدا بە تایبەتی  خودی ئەمریكاش كە تا سەرۆكی پێشوو ترەمپ هات و شەڕی بازرگانی دژی چین ڕاگەیاند و ئێستاش سەرۆك بایدن درێژەی پێ دەدات .
3.     هەوڵدانی ئیدارەی بایدن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیتیەك لە وڵاتانی دیموكراسی  خۆرئاوا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی چین لەوەیە میكانیزمێكی گونجاو نەبێت بە قەد ئەوەی خەیاڵ بێت چونكە بەرژەوەندی  ئاراستەی پەیوەندییە نێوان وڵاتان دیاری دەكات نەك ئیدیۆلۆجیا ، وەكو جەنگی ساردی نێوان سۆڤیەت و ئەمریكا .


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە