کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

زەنگەكەی موقتەدا سەدر

.

03:44 PM - 15/07/2021

زەنگەكەی موقتەدا سەدر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

كشانەوەی موقتەدا سەدری سەرۆكی ڕەوتی سەدر لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، زەنگێكی مەترسیدارە بۆ تەواوی عێراقییەكان، ئەم زەنگە هەمان زەنگی ئەمریكییەكانە كە پێمان دەڵێت گۆڕانكاری لە عێراقدا كارێكی ئەستەم و نەكردەیە.
ئەگەر دۆخی عێراق جارێك بۆ سوننە و كورد جێی نائومێدی بێت، ئەوا زەنگەكەی سەدر چەندانجار نائومێدی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
سەدر و هێزێكی شیعی لەم بارودۆخەدا هیچیان پێنەكرێت و نائومێدبن لە عێراق، دەبێت ئەوانی دیكەی دەرەوەی شیعە بتوانن چی هەنگاوێك لەم دۆخەدا بهاوێژن و گۆڕانكاری بكەن؟!

سەرەڕای ئەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن وەڵامی سەدری داوەتەوە كە دەرگای كشانەوە داخراوە، بەڵام هەڵكردنی ئاڵای سپی لەلایەن موقتەدا سەدر و كشانەوەی (حەسەن كەعبی)، چۆك دادانی سەدر و ڕەوتەكەیەتی لەبەردەم واقیعی عێراقدا كە بە سەدر و هیچ ڕێبەرێكی پیرۆز ! و كاریزما و هێزێكی باڵا لە عێراقدا چاك نابێت.

هەموو ئەو دۆخە شێواوەی ئەمڕۆ لەعێراقدا دەیبینین، سەلمێنەری ئەو واقیعەیە كە عێراق بەكۆمەڵێك كۆت و بەندی مێژوویی شەتەك دراوە و هیچ هەزەو جوڵەیەكی سیاسی عێراق لەسكەی مێژوویی دەرناكات و لەسەر هەمان خولگە و لەناو هەمان بازنەی مێژووییدا خول دەخوات.

بەدیوێكی دیكەدا، هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەر نییە بۆ دۆخێكی شێواوی پڕ قەیرانی وەك عێراق بەپێچەوانەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە عێراق زیاتر نزیك دەكاتەوە لە كێشەو قەیرانی گەورەتر، بەمانایەكی دیكەش، عێراق كێشەی هەڵبژاردنی نییە بەڵكو كێشەی كاركردنی هەیە بەدەرئەنجامەكانی پرۆسەیەكی دیموكراسی وەك هەڵبژاردن، هێزە عێراقیەكان بڕوایان بە خودی پرۆسەی دیموكراسی نییە، چجای ئەوەی بڕوایان بەهەڵبژاردن و دەرئەنجامەكانی بێت.

تەنها یەك شت ماوە عێراقییەكان تاقی بكەنەوە، ئەویش "ڕیفۆرم"ە، عێراق هەموو شتێكی تاقیكردەوە یان پێی تاقی كرایەوە !، بەڵام بۆ جارێكیش ئەم وڵاتە ڕیفۆرمێكی سیاسی و دینی و ئابووری و ئەمنی ... هتدی تاقی نەكردەوە تاكو بتوانێت هەنگاوێك لەو كێشانە دووربكەوێتەوە كە بەرهەمی بابەتە سیاسی و دینی و ئابووری و ئەمنییەكەی عێراقە.

كەڵەكەبوونی كێشەكانی عێراق لەسەر یەكتر، ئەوەندە قەبارەیان گەورە بووە، هیچ هێزێكی وەك هەڵبژاردن و جێگۆڕكێی كاربەدەستە (سیاسی و ئەمنی و ئابووری و تەندروستییەكان) و هەڵبژاردنی پێشوەختە و گۆڕینی سیستمی سیاسی و هاوردەكردنی ئەزموونی بیانی بۆ ناوخۆی وڵات، ناتوانن ئەم دۆخە شێواو و پڕ قەیرانە چاك بكەن.

پەیامەكەی موقتەدا سەدر ترس نییە لەدەرئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵكو نائومێدبوونە لەدۆخی ناوخۆیی عێراق كە هەڵبژاردن ناتوانێت باشی بكات و  عێراق بەرەو پێشەوە بەرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە