کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە رێككەوتننامەی دەباشانەوە بۆ هاوپەیمانیی كوردستان

.

01:22 PM - 23/06/2021

لە رێككەوتننامەی دەباشانەوە بۆ هاوپەیمانیی كوردستان

بورهان شێخ ڕەئوف‌

نابێت هێز و لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت كەسەكانیش دیلی ململانێ و ناكۆكییەكانی رابردوو بن، بەڵكو بەرژەوەندیی گشتی و ئاڕاستەكردنی جووڵەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ گۆڕانكاری ریشەیی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی دەبێت لە سەروی زۆر ئیعتباراتی ترەوە دابنرێت.

ساڵی 2016 رێككەوتنی دەباشان لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە ئامادەبوونی هەردوو سەركردە و هاوڕێی‌ خەبات مام جەلال و كاك نەوشیروان ئیمزا كرا و بووە مایەی ئومێد و هیوایەكی مەزن بۆ خەڵكی سلێمانی بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بە گشتی.

بەڵام مەخابن ئەو كات بەربەست و كێشەی گەورەیان بۆ دروستكرد و نەیانهێشت جێبەجێ بكرێت، ئەو دوو سەركردەیە پێش ئەوەی ژیان ئاوایی بكەن بە تەواوی گەیشتبوونە ئەو قەناعەتەی كە بەبێ‌ هاوپەیمانی و هەماهەنگی نێوان یەكێتی و گۆڕان، ناتوانرێت هاوسەنگی و گۆڕانكاری گەورە و چاكسازی لە هەموو سێكتەرەكانی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان و عیراقدا بكرێت .

ئەوەی گرنگە لە كاتی راگەیاندنی رێكەوتننامەكەدا لە 20/6/2021 هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: ئەم هاوپەیمانیە دژ بە هیچ لایەنێك نییە، بەڵكو لە چوار چێوەی رێكخستنەوەی نێو ماڵی كوردە و پیلان و مەترسی بۆسەر كەس نییە، لەڕاستیشدا نزیك بوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە هاوپەیمانی سیاسیدا كۆدەنگیە و بەرتەسككردنەوەی ململانێیە و كاركردنە لەسەر خاڵی هاوبەش .

لە لایەكی ترەوە ئەم هاوپەیمانێتیە ئاڕاستەی ململانێكان دەگۆڕێت لە هەندێك دروشمەوە بۆ ململانێی واقیعی و داخوازیی راستەقینەی هاووڵاتیان و سەروەربوونی یاسا و شەفافیەت، بۆ نموونە لە بری كاركردن لەسەر شكاندن و ناشرینكردنی یەكتریی، كاركردن بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی جەماوەر بۆ خزمەتگوزاریی و پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ و دروستكردنی ژێرخانی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان .

لەسەر ئاستی عیراقیش یەكخستنی دەنگەكان و فراكسیۆنێكی بەهێز و یەكدەنگ و تەبا، بێگومان تین و تەوژمێكی تر دەدات بە رۆڵ و پێگەی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی ئایندەی عیراق بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عیراق و بنیاتنانی دامودەزگا فیدراڵییەكان و پاراستنی مافی هاووڵاتیانی كورد لە ناوچە جێ ناكۆكەكان، ئەمەش دەبێتە مایەی خۆشحاڵی و بەرزكردنەوەی ورەی هاووڵاتیانی كورد لەو ناوچانە و وزە و توانا و ئارامی و خۆڕاگرییان پێ دەبەخشێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی شاڵاوەكانی تەعریبی نوێ‌ .

لە هەمان كاتدا شەقامەكانی سلێمانیش ئارامی و سەقامگیریی بە خۆیەوە دەبینێت لە كاتی هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا.

دەكرێت لەمەودوا ئەو ململانێ‌ و بانگەشانە ئاڕاستە و شوێنەكانیان بگۆڕدرێت بۆ شوێنی تر و بە شێوازی مەدەنیانە تر كە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی و ململانێ‌ بۆ سەروەربوونی یاسا و دادپەروەریی بێت بۆئەوەی سەرنجی كۆمەڵانی خەڵك زیاتر رابكێشێت و متمانە بگیڕێتەوە بۆ پەیوەندیی نێوان حزبە سیاسییەكان و جەماوەر .

گرنگە ئەم هاوپەیمانێتیە ببێتە سەرەتایەك بۆ هاوپەیمانێتیەكی گەورەتر كە هێز و لایەنە سیاسییە كاریگەرەكانی هەرێمی كوردستان كۆبكاتەوە لە هەمبەر ركابەرە سیاسییە دەرەكییەكان لەسەر ئاستی عیراق و ئیقلیمیش، نەك لە چوارچێوەیەكی تەسكی حزبایەتیدا سەیری بكرێت و تەفسیری بە تیۆری پلانگێڕی بۆ بكرێت، دڵنیام مایەی خۆشحاڵی هەموو خەڵكی كوردستانە لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە و هەرێمیش، ئەوەی نیگەرانە لەم هاوپەیمانێتیە تەنها و تەنها دوژمنانی گەلی كوردە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە