کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:بەهیچ شێوەیەک بەشداری لە شەڕی کورد بە کورد ناکەین

.

12:06 AM - 22/06/2021

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:بەهیچ شێوەیەک بەشداری لە شەڕی کورد بە کورد ناکەین

 

ئەمڕۆ ٢١-٦-٢٠٢١، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەنووسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری سلێمانی، پێشوازیکرد لەوەفدی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان، لەدیدارێكدا سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی و پرسی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا، هەڵوێست و سیاسەتی یەکێتی بۆ یەکڕیزی نێوان لایەنەکان و شەڕی کورد بە کورد گفتوگۆیان كرد.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئامانج و هەوڵەکانی وەفدی "نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان"ی بەرزنرخاند کە لە ١٤ ووڵاتەوە هاتوون.

وتیشی: پێمانڕاگەیاندن وەک یەکێتی بڕیارمانداوە بەهیچ شێوەیەک بەشداری لە شەڕی کورد بە کورد ناکەین، پێویستە لایەنەکانی دیکەش ئەو بەڵێن و بڕیارە بدەن، چونکە شەڕی کورد بە کورد دەبێتە هۆی ماڵوێرانی و قوڕبەسەری زیاتر بۆ گەلەکەمان، هەتاماوین جارێکی تر ناتوانین سەرمان بەرزبکەینەوە و باسی ئازادی و خاکی کوردستان و هەرێم بکەینەوە.

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەبارەی بۆردومان و لەشکرکێشەکانی دەوڵەتی تورکیا، باسیلەوەکرد"وڵاتی تورکیا بەرنامە و نەخشەی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە وەک کورد نەبینە هاوکار و جێبەجێکاری نەخشەی ئەوان، بەتایبەت پێشمەرگە نەکەین بە بەشێک لە سوپاکەیان".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە حکومەتی عێراق لەم پرسەدا رۆڵێکی جدیتری هەبێت و تەماشاکار نەبێت، چیتر لەهاتنەناوەوەی سوپا تورکیا، بڕینەوە و سوتاندنی دارستانەکان و بۆردومانی گوندەکان و شەهیدکردنی منداڵ و خەڵکی مەدەنی هەرێمی کوردستان بێدەنگ نەبێت کە ئێمە بەشێکین لە عێراق.

خاتوو شاناز، وتیشی: کوردستان رووبەڕووی بارودۆخێکی ناهەموار بۆتەوە، دەوڵەتی تورکیا لەشکرکێشی و بۆردومان دەکات، هاوڵاتیانی ئەم نیشتمانە لەترسی هێرش و بۆردومانە بەردەوامەکان زێدی خۆیان جێ دەهێڵن، ناکرێت ئەم گەلە لە خاکی خۆیدا ئاوارەبێت، جەختلەوەدەکەمەوە جێبەجێکردنی پلانی ئەوان خیانەتە بەرامبەر گەلەکەمان.

لای خۆیەوە، بیرزە ویتهۆفت سەرۆکی وەفدەکە، لەو کۆنگرەیەدا لەگەڵ دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پێشوازی و خستنەڕووی گرنگی ناوەڕۆکی دیدارەکەیان لەگەڵ خاتوو شاناز، وتیشی:هاتووینەتە ئێرە تا لە نزیکەوە داگیرکارییەکان ببینین و جیهانیش ئاگادار بکەینەوە، داوا لە وڵاتانی نێودەوڵەتی دەکەین وەکچۆن بانگەواز بۆ دیموکراسی دەکەن، بێن بە هانای ئەم پرسەوە و ڕێگە بگرن لەو داگیرکارییانە، چونکە لەو هێرشانەدا هاوڵاتی مەدەنی زەرەرمەند دەبێت.

دواتریش، وەفدەکە پرۆژەی گەلەری خاک-یان بەسەرکڕدەوە کە لەژێر پەیامی سەرەکی"زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەم بەقەسری قەیسەری"کراوەتەوە و نمایشێكە بۆنیشاندانی نموونەی خاکی ناوچە جیاوازەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان وەک گوزارشتێک لەپیرۆزیی خاک و خەبات و تێکۆشان و هەوڵەکانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بۆ خەباتکردن لەپێناو رزگاری کوردستاندا.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە